مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
شوناسی نەتەوەیی، یەکێکە لە پرسە گرنگ و پڕ بایەخەکانی پێکهێنانی کەسێتی تاکەکان و ئاڕاستەکانیان. لەدنیای ئەدەبی منداڵاندا شوناس رۆڵێکی زیندووی هەیە لە پاڵپشتیکردنی ئینتیما و وابەستەبوونی نەوە تازەپێگەیشتووەکان و بەتایبەت مێردمنداڵان بە نەتەوەوە، ئەویش لە رێگەی چیرۆک و شیعر و شانۆگەری و...هتد -ەوە، لەم رێگەیانەوە کەلتور و بەها و نەریتە نیشتیمانییەکانیان بۆ دەگوێزرێتەوە، یارمەتی منداڵان دەدات ئاشنابن بە بنەچەی رووناکبیریی و کۆمەڵایەتی و لایەنەکانی تری نەتەوەکەیان.
لایەنێکی گرنگی شوناسی نەتەوەیی، ناساندنی کەلەپوری نەتەوەییە، ئەدەبی منداڵان دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ خستنەڕووی فۆلکلۆری نێوخۆیی و ئەفسانە میللییەکان، سەرنجی منداڵان بۆ ئەوە رادەکێشێت کە بزانن ئەمانە بەشێکن لە مێژوویەکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی نەتەوەکەیان. ئەم چیرۆکانە منداڵان فێری دابونەریتی کۆمەڵگەکانیان دەکەن و بەهاکانی هاوسۆزی و رێزگرتنیان تێدا دەچێنن. لەهەمان کاتدا رۆڵیان هەیە لە وێناکردنی بەها نیشتمانییەکانی وەک بوێریی، بەخشین و دادپەروەری. منداڵان لە رێگەی کارەکتەرە پاڵەوانە خۆماڵییەکانەوە، فێری گرنگیی کارکردن بۆ چاکەی گشتی و بەرخودان بۆ نیشتمان دەبن. ئەم بەهایانە بە بەردی بناغەی بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی دادەنرێن، چونکە منداڵان هاندەدەن وەک هاووڵاتییەکی بەرپرسیار بیر لە رۆڵی خۆیان بکەنەوە. جگە لەوەش ئەدەبی منداڵان بەشدارە لە بەرەوپێشبردنی زمانی نەتەوەیی منداڵان، لە رێگەی خوێندنەوە و گوێ گرتنەوە، تواناکانی زمان بەدەست دەهێنن کە یارمەتیان دەدات بیرکردنەوە و هەستەکانیان دەرببڕن، چونکە زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو بەشێکە لەو شوناسە کەلتورییەی رەنگدانەوەی رۆحی نەتەوەیە و هانی بیرکردنەوەی رەخنەیی دەدات. بەتیشک خستنە سەر پرسە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان، منداڵان دەتوانن فێربن چۆن بارودۆخەکان شیبکەنەوە و بڕیاری هۆشیارانەبدەن.
ئەمجۆرە فێربوونە توانای بەشداریکردنیان بە شێوەیەکی کاریگەر لە کۆمەڵگادا زیاتر و بەرز تر دەکات. سەرەڕای ئەمانە ئەدەبیاتی منداڵان بە ئامرازێک دادەنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی بەها مرۆییە گشتگیرەکان، وەک لێبوردەیی و رێزگرتن لە یەکتر. منداڵان لە رێگەی کەسایەتی جۆراوجۆر و پاشخانی کەلتوریی جیاوازەوە، دەتوانن لە کەسانی دیکە تێبگەن و جیاوازییەکانیان قبوڵ بکەن. ئەمەش چەمکی شوناسی نەتەوەیی وەک ناسنامەیەکی هەمەلایەنە کە فرەچەشنی لە خۆ دەگرێت، بەهێزتر دەکات. زۆر پێویستە لە باسی شوناسی نەتەوەیی لە ئەدەبی منداڵاندا، هەستی رەگەزپەرستی و خۆپەرستی و لەقاڵبدانی بیرکردنەوەی منداڵان وازلێ بهێنرێت، چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوانە ناتوانێت نەوەیەکی بیرکراوەی مرۆڤدۆست و بابەتیی بەرهەم بهێنێت کە بتوانێ بۆ خۆی و بۆ نەتەوەکەی جیی بایەخ بێت و لەگەڵ جیهانی سەردەمدا بگونجێت.
گرنگە پەیامی ئاشتی و لەیەکگەشتن و کارکردنی هاوبەش، خۆشەویستی ژینگە و پاراستنی و گرنگیدان بە زانست و زانیاریی و پەرەپێدانی لە کەسێتی کارەکتەرەکانی ئەدەبی منداڵان پەرە پێ بدرێت. وا باشە ئەوە بناسێنرێت کە خزمەتکردن بە نەتەوە و نیشتیمان و وابەستبوون بە خۆشەویستیی و شوناسەوە ئەوە نییە مرۆڤ رقی لەوانی تر بێت، بەڵکو ئەوەیە خۆی و نەتەوەکەی خۆشبووێت و رێز لە هەموو جیاوازییەکانی دەوروبەریشی بگرێت.