خدر ئیبراهیم*
«قه‌ڵادزێ» شارێكی مێژووییه، له سه‌رده‌مێكی كۆنه‌وه دامه‌زراوه، ده‌كه‌وێته ناوه‌ندی ده‌شتی به پیتی پشده‌ر كه له رووی جوگرافییه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له رووی كارگێڕیشه‌وه سه‌ر ئیدارەی راپەڕینە.
ئه‌م شاره له باكوور و باشوور و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه به چه‌ندین زنجیره چیای به‌رز و سه‌خت ده‌وره دراوه، ده‌یان سه‌رچاوه‌ی ئاوی گه‌وره و بچووك له نموونه‌ی كانی و كارێز و چۆم و رووبار و زێ له ده‌شتی پشده‌ردا هەن و له وه‌رزه‌كانی پایز و زستان و به‌هاردا سوود له بارینی بەفر و باران وه‌رده‌گرن، به تایبه‌تیش ئه‌و به‌فره‌ی كه له ناوچه‌كانی رۆژهەڵاتی كوردستان و چیاكانی به‌شی خۆرهه‌ڵات و باشووری ناوچه‌ی پشده‌ر ده‌بارێن، ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی بۆ ژیانه‌وه و زۆربوونی ئاوی كانی و كارێز و چۆم و رووباره‌كان.
له رابردووی دوور و نزیكدا، ئه‌م شاره چه‌ندینجار وێرانكراوه و سه‌رله‌نوێ بنیاتنراوه‌ته‌وه. هه‌میشه وه‌ك شارێكی بوێر و میواندۆست و زیندوو ناوی براوه. سه‌ره‌ڕای ده‌یان كاره‌سات و په‌لاماری دوژمنكارانه بۆ سه‌ر ئه‌م شاره، له مێژووی درووستبوونییه‌وه تا ده‌گاته چاره‌کی سێیه‌می سه‌ده‌ی بیست، دوواجار له ساڵی «1989»دا تێكڕای شاره‌كه شانبه‌شانی شارۆچكه و ئۆردوگاكانی تری سنووری پشده‌ر له‌لایه‌ن رژیمی به‌عسه‌وه وێرانكرا، بۆیه له ساڵی «1991» دا، له پاش راپه‌ڕین سه‌رله‌نوێ بنیاتنرایه‌وه.
ئێستا ئه‌م شاره سەنتەری قه‌زای پشده‌ره و پێنج شاره‌دێی بهسهرهوهییه كه بریتین لە: «سه‌نگه‌سه‌ر، ژاراوه، هێرۆ، ئیسێوه و هه‌ڵشۆ».
هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تای بنیاتنانی ئه‌و شاره‌وه، به گوێره‌ی تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن، جگه له ناوی «قه‌ڵادزێ»، ژماره‌یه‌ك ناو و نازناوی تری وه‌ك ناسنامه هەبووە، یاخود تەواوی ناوچەی پشدەر بەگشتی به‌كاربراون، له نموونه‌ی «زمبی، نامرێ، حه‌میدییه، قه‌ڵادزه تا ده‌گاته ناوی ئێستای شار كه قه‌ڵادزێیه، به‌ڵام ئێمه له‌م كورته نووسینه‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه ته‌نها سه‌باره‌ت به ناوی «قه‌ڵادزێ» و پاشخانه مێژووییه‌كه‌ی بدوێین كه له بنه‌ڕه‌تدا له چییه‌وه هاتووه؟
سه‌باره‌ت به واتای ناوی «قه‌ڵادزێ»، چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌كرێ، كه ده‌توانین لێره‌دا به‌مجۆره پۆلێنیان بكه‌ین:
-1 ناوی قه‌ڵادزێ له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ «قه‌ڵات»و «زێ»، چونكه پاشماوه‌ی قه‌ڵایه‌ك له خۆرئاوای شاره‌كه هه‌ڵكه‌وتووه و «زێی بچووك»یش كه‌وتۆته باشووری شاره‌كه، به‌م پێیه‌ش له ئه‌نجامی پێكه‌وه‌به‌ستنی ئه‌م دوو وشه‌یه‌دا ناوی «قه‌ڵات زێ» هاتۆته‌كایه‌وه. دواتر پیتی «ت»ـی كۆتایی وشه‌ی «قه‌ڵات» گۆڕراوه و له وتنی زارهكییدا بووه‌ته «د» و به‌و شێوه‌یه‌ی لێهاتووه.
ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆکار:
* له‌لایه‌كه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه وشه‌ی «قه‌ڵات» به‌كارده‌به‌ن و پیتی «ت» بۆ وشه‌ی «قه‌ڵا»زیاد ده‌كه‌ن، كه وه‌ك ئاماژه‌مان بۆكرد دواتر ئه‌م پیته له وتن و ده‌ربڕینی زاره‌كیدا گۆڕاوه بۆ پیتی «د».
* له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی خه‌ڵكی عه‌وامدا ریتمی ده‌ربڕینی وشه‌ی «قه‌ڵادزێ» له وشه‌ی «قه‌ڵات زێ» خوازراوتره.
-2 ناوی «قه‌ڵادزێ» له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ «قه‌ڵا دووزێ» به‌م پێیه‌ی پاشماوه‌ی قه‌ڵایه‌كی دێرین كه‌وتۆته خۆرئاوای شاره‌كه و دوو چۆمی بچووك به‌ملاو ئەولای شاره‌كه‌دا دێنه خواره‌وه و ده‌ڕژێنه زێی بچووكه‌وه. ئه‌م دوو چۆمهش له وتندا گۆڕاون بۆ «زێ». له‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر هه‌یه له سه‌ره‌تادا ئه‌م دوو چۆمه له قه‌باره‌دا گهورهتربووبن به به‌راورد بە ئێستا، به‌ڵام دواتر به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه و بچووكبوونه‌وه چووبن.
-3 بیروڕایه‌ك هه‌یه پێیوایه كه ئه‌م ناوه له بنه‌ڕه‌تدا له «قهڵادژ»ـه‌وه هاتووه و پاشان پیتی « ژ » له ده‌ربڕیندا گۆڕاوه بۆ پیتی « ز ». به‌وپێیه‌ی وشه‌ی « دژ » له زمانی فارسی‌دا واتای ( قه‌ڵا ) ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌واته ناوی شار ده‌بێته «قه‌ڵای قه‌ڵا» كه ئه‌مه‌ش نه‌گونجاو و هه‌ڵه‌یه و ئه‌قڵ و لۆژیك قبووڵ ناكرێت.
به‌ڕای خۆم لێكدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م سه‌باره‌ت به بنه‌ڕه‌تی ناوی «قه‌ڵادزێ» له هه‌موویان دروستتره و پێویسته وه‌ك بنه‌مایه‌كی راسته‌قینه له‌به‌رچاو بگیرێت.
* مامۆستا لە خوێندنگەی ئامادەیی هەژین لە قەڵادزێ