تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵە و 15 ساڵە چۆڵكراوە

خانووەكانی گەڕەكی عارەبان لە هەولێر بەرەو لەناوچوون دەچن

11:06 - 2025-07-01
ڕاپۆرت
33 جار خوێندراوەتەوە
خانووەکانی گەڕەکی عارەبان لە هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

گەڕەكی عەرەبان یان عارەبان، سێیەم كۆنترین گەڕەكی شاری هەولێرە، مێژووەكەی بۆ زیاتر لە سەدەیەك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە كۆندا گەڕەکەکە چەندین شوێنی گشتیی تێدا دروستكراوە وەك (قشڵەی پۆلیسی سواری، كڵێسای كریستیانەكان، خوێندنگەی فەیسەڵییە، بینای پارێزگای هەولێر، تەكیەی تەریقەتەكان، بارەگا و خانووی مێجەری ئینگلیز)، بەڵام بە وتەی هەندێك لە كەسایەتییەكانی شارەكە، مێژووی دروستبوونی ئەو گەڕەكە بۆ زیاتر لە سەدە و نیوێك دەگەڕێتەوە.
مێژوو و ناوی گەڕەکەکە
كەریم شێخ عەلی دانیشتووی دێرینی گەڕەكی عارەبان و شارەزا لە مێژووی شاری هەولێر بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەر لە 100 ساڵ گەڕەكەكە تەنیا بریتی بوو لە چوار حەسار كە خاوەنەكانیان (داود ئاغا، ئەحمەد ئاغا، نورەدین ئاغا و خەتاب ئاغا) بوون، باوكم بۆی گێڕامەوە سەرەتای دروستكردنی ئەو گەڕەكە لە كاتی فرۆشتنی زەوییەكانی بوو لە ساڵانی 1916 – 1917، كە 100 مەتریان بە 5 دینار دەفرۆشت، ئەوكات شوێنی گەڕەكەكە چۆڵ بوو تەنیا قشڵەی سواری و ئەو حەسارانە لەوێدا هەبوون، بەهۆی قشڵە دانیشتووانی قەڵای هەولێر هاتنە خوارەوە و زەوییان تێدا كڕی و خانوویان لەسەر دروستكرد، بەر لە هەمووان دزەییەكان زەوییان كڕی و یەكەم خانووش لە گەڕەكی عارەبان لەلایەن شێخ حسێن دروستكرا كە دوو خانووی تێدا دروستكرد، خانووی سێیەمیش باوكم كە عەلی خۆشناوە دروستی كرد، كە ئەوكات بە گڵ و شەقڵە خانوویان دروست دەكرد.
لەبارەی ناوی گەڕەکەکە وتیشی: لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەكاندا هەولێر نەببوو بە پارێزگا، قایمقامی ئەوكات بە دوای دانیشتووانی گەڕەكی ناردووە و وتویەتی ئێوە بوون بە نزیكەی 30 ماڵ بۆیە ناوێك بۆ گەڕەكەكە دابنێن، باوكیشم پێی وتبوو بەهۆی ئەوەی مەزاری عوزێر پێغەمبەر لە نزیك گەڕەكەكەمانە ناوی دەنێین گەڕەكی (عوزێرییەكان)، بەڵام كاربەدەستە عوسمانییەكە ئەو ناوەی قبووڵ نەكردووە، پاشان پێی دەڵێن با ناوەكەی (موزەفەریە) بێت بەهۆی بوونی مەزاری (سوڵتان موزەفەرەدین) پاشای كۆنی هەولێر لە نزیك گەڕەكەكە کاربەدەستەکە ئەو ناوەشی رەتکردووەتەوە، دواتر دانیشتووانەكەی رۆشتوونەتەوە، دوای ماوەیەك كاربەدەستەكە دووبارە دانیشتووانەكەی بانگکردووە و پێی وتوون ناوی گەڕەکەکە بکەن بە (یەنگی محەلە) كە بە توركی واتا (گەڕەكی نوێ) یان(سەڕای)، بەڵام دانیشتووانەكەی رازی نەبوون، بەڵام دوای نیشتەجێبوونی ژمارەیەک خێزانی عەرەب لە گەڕەکەکە کە كاری نانەواییان کردووە، كاتێك خەڵكی گەڕەكەكانی دیکە لێیان پرسیوون ماڵتان لە كوێیە، ئەوانیش دەڵێن لە نزیك ماڵە عەرەبەكانە، بۆیە لە كۆتاییدا ناوی گەڕەكەكە بوو بە (عارەبان).

بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە تائێستا خانووەکان چاکنەکراون، بەڵام شارەوانی كار لەسەر ئەوە دەكات پلانێك بۆ چاککردنیان دابنێت و ژمارەیەک رێكخراوی ناحكومییش بۆ كۆمەككردن لەسەر هێڵن

گلەیی خاوەن خانووەکان
دوای دەیان ساڵ ژیان لە گەڕەکی عارەبان، بەهۆی دێرینییەكەی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی هەرێم لە ساڵی 2010 بە بڕیارێك ئەو گەڕەكەی لەگەڵ هەردوو گەڕەكی خانەقا و تەعجیل بە مەبەستی چاککردنیان و پاراستنیان وەك ناوچەیەكی كەلتوری چۆڵكرد، كە ئێستا وەك ناوچەیەكی پارێزراو بەناوی (بەفەر زۆن) مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
كەریم شێخ عەلی دەڵێت: بڕیاری چۆڵكردنی گەڕەكی عارەبان وەك پیلانێك وابوو ئەوكاتەی بڕیارەکە دەرچوو لە ئەنجومەنی موختارەكان بووم، بڕیاربوو لە بەرامبەر چۆڵكردنی خانووەكان دانیشتووانەكەی زەوی وەربگرن، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە کرێچی بوون، بەڵام دوای رادەستکردنی کلیل بەشێکیان ستەمیان لێکراو زەوییان پێ نەدرا.
پانزە ساڵە، تەنها یەک کۆڵانی گەڕەکی عارەبان دانیشتووانی تێدا ماوە و ئەوانی دیکە چۆڵکراون.
كەریم شێخ عەلی تائێستا خانووەکەی رادەستی حکومەت نەکردووە و وتی: خانووەكەم 250 مەتری دوو نهۆمییە ماوەیەك لەمەوبەر بەنیازبووم بیفرۆشم كڕیارەكان 600 تا 700 هەزار دۆلاریان پێدام، بەڵام نەمفرۆشت، ئەگەر بۆ حكومەتی جێبهێڵم، تەنیا چوار پارچە زەویم پێدەدات.
وتیشی: دوای ئەو هەموو ساڵە لە چۆڵكردن و چاکنەکردنەوەی، ئەو كارە بە تێكدانی گەڕەكەكە دەزانم، بەڵام هیچ كەسێك بەرگری لە زیندووهێشتنەوەی نەکرد لەبەرئەوە بەشێكی فرۆشراو كرا بە گەراج.
گەڕەكی عارەبان لە كۆندا زیاتر لە هەزار ماڵی تێدا بووە، تائێستا خانووە چۆڵکراوەکان هیچ دەستکاری نەکراون، لەبەرئەوە بەشێکیان داڕماون و بەرەو لەناوچوون دەچن.
خانووەکانی دەڕوخێن
جەمال دیلان یەكێك لە دانیشتووانی جارانی گەڕەکی عارەبانە بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئاگادارم ژمارەیەك خانووی گەڕەكەکە دەڕوخێن، ستەمە  بهێڵرێت ئەو گەڕەكە بەو شێوەیە لەناو بچێت، هیوادارم لێپرسراوانی شارەكە ئاوڕێكی لێ بدەنەوە و خانووەکان بکەنە شوێنی كەلتوری یان مۆزەخانە، یاخود هەندێك خانووی وەك شوێنی نیشتەجێبوون چاک بکرێت و دووبارە خەڵكی تێدا نیشتەجێ ببێت بۆئەوەی ژیان تیایدا بەردەوام بێت.
وتیشی: خانووەکەمان نزیکەی 70 مەترە، چۆڵکراوە، بەڵام قەرەبوومان وەرنەگرت و پێمان باشبوو وەك خۆی بمێنێتەوە، ئێستا كردومانە بە ماڵی كەلتوریی جەلال بەیار، بەناوی برا هونەرمەندە کۆچکردووەکەم.
لایەنی بەرپرس پلانی چاککردنی خانووەکانی هەیە و بە وتەی خۆیان نەبوونی بودجە رێگرە.
كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە خانوووەکان چاکنەکراون، بەڵام ئێستا لە توێژینەوەداین و كار لەسەر ئەوە دەكەین پلانێك بۆ چاککردنیان دابنێین، جگە لەوەش ژمارەیەک رێكخراوی ناحكومی بۆ كۆمەككردن سەبارەت بە چاککردنەوەی ئەو شوێنانە لەسەر هێڵن.



بابەتە پەیوەندیدارەکان