یونامی: بەرژەوەندی نیشتمانی لە پێشینە دابنرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ قەیرانەکان

04:18 - 2022-08-03
عیراق
485 جار خوێندراوەتەوە



بەغدا، 3ی ئابی 2022

لە چەند مانگ و چەند هەفتەی رابردوودا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) بەردەوام داوای دیالۆگی کردووە وەك کاریگەرترین رێگە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی درێژخایەن.

دەقی راگەیەنراوی یونامی لە بارەی دۆخی عیراق:

دیالۆگی مانادار لە نێوان هەموو لایەنە عیراقییەکان ئێستا لە جاران بەپەلەترە، چونکە ڕووداوەکانی ئەم دواییە مەترسی خێرای پەرەسەندنی لەم کەشوهەوای سیاسییە ئاڵۆزەدا نیشانداوە. لە کاتێکدا حزبەکان جەخت لەسەر گرنگیی بنەما دیموکراسییەکانی وەك پابەندبوون بە دەستوور و رێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەنەوە، بەڵام ئەمانە تادێت رەچاو ناکرێت. شکستهێنانیان لە پێشکەوتنیان کاریگەری نەرێنی روونی لەسەر متمانەی گشتی هەبووە.

هیچ حزب و گروپێك ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە قەیرانەکە ئەوانی تێدا نییە و کاریگەرییان لەسەر نییە. پێویستی دۆزینەوەی چارەسەر لە رێگەی دیالۆگێکی گشتگیرەوە روونە. لە نەبوونی دیالۆگدا، دەوڵەتی عیراق بەردەوام لە ژێر کاریگەریی زاڵبوونی بەرژەوەندییە کێبڕکێکارەکان دەمێنێتەوە، کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر، خەڵك باجەکەی دەدەن. سیناریۆیەکی لەو جۆرە بەرگە ناگیرێت. لەم چوارچێوەیەدا، یونامی پێشوازی لە بانگەوازەکانی ئەم دواییە بۆ گفتوگۆی نیشتمانی دەکات و دەستخۆشی لە دەربڕینەکانی پشتیوانی لە هەموو لایەنە سیاسی دەکات. 

داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات کە بەبێ دواکەوتن پابەندبن و چالاکانە بەشداری بکەن و لەسەر چارەسەرەکان رێکبکەون.

جگە لەوەش، لە ئێستا گۆڕینی وشە بۆ کردەوە زۆر گرنگە. عیراق ناتوانێت دیالۆگێکی دیکەی نیشتمانی بەخۆڕایی بڕوات. عیراقییەکان پێویستیان بە بەردەوامی ململانێی دەسەڵات و روبەڕوبونەوە نییە. ئەوان پێویستیان بەچارەسەر و پابەندبوونە بەجێبەجێکردنیان، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە قەیرانی سیاسی دەربهێنن.

عیراق ڕوبەڕوی لیستێکی بەرفراوانی پرسە ناوخۆییە هەڵپەسێردراوەکان بووەتەوە: زۆر پێویستی بەچاکسازی ئابووری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە کاریگەرەکان و هەروەها بودجەیەکی فیدراڵی هەیە – کە ئەمانە بەشێکن لە کێشەکان. لێرەوە کاتی ئەوە هاتووە لایەنە پەیوەندیدارە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و لە بەرژەوەندی نیشتمانی کار بکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان وەك هەمیشە ئامادەیە بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان