بەرێوەبەری شوێنەواری كۆیە: پارێزگای هەولێر شوێنەوار و خاڵە كەلەپورییەكانی كۆیەی پشتگوێخستووە

11:13 - 2025-03-26
دووتوێ
39 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێکی قشڵەی کۆیە

كوردستانی نوێ/ هەولێر



بەرێوەبەری شوێنەواری قەزای كۆیە رایدەگەیەنێت: شاری كۆیە جگە لەوەی لە رووی خزمەتگوزارییەوە لەلایەن ئیدارەی پارێزگای هەولێرەوە غەدری لێكراوە، هاوكات ناوچە شوێنەوار و كەلەپورییەكانی پشتگوێخراون و لەلایەن حكومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێرەوە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەكات پاراستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان و خاڵە كەلەپورییەكان وادەكات كۆیە ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت و ببێتە شارێكی گەشتیاری.
یەكێتی واحید عەبدولحەمید بەرێوەبەری شوێنەواری قەزای كۆیە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: شاری كۆیە یەكێكە لە شارە دێرین و مێژووییەكانی كوردستان و ناوچەكە، شارێكی زیندوو بووە بەهۆی ئەوەی كەوتۆتە نێوان شارەكانی هەولێر و كەركوك و سلێمانی و تەنانەت شارەكانی سوریا و وڵاتانی دەوروبەر، بەو پێیەی كاروانسەرا بووە بۆ بازرگانی و بەیەك گەیاندنی بازرگانان و گواستنەوەی كاڵاكانیان، دەبوو ئاوڕی زیاتری لێبدرێتەوە و پارێزگاری لە تایبەتمەندێیتییەكەی بكرێت.
وتیشی: قەزای كۆیە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، هەروەك چۆن لە رووی خزمەتگوزارییەوە تاڕادەیەكی زۆر فەرامۆشكراوە، بەهەمانشێوە لە رووی شوێنەوار و خاڵە كەلەپورییەكان ئاوڕی جددی لێنەدراوەتەوە و لەوبارەیەوە كەمتەرخەمی بۆ شوێنەواری كۆیە و زۆربەی شارەكانی تری كوردستان هەیە.
روونیشیكردەوە: تاكو ئێستا هیچ ناوچەیەكی شوێنەواری كەلەپورییان لەلایەن حكومەت، یان ئیدارەی پارێزگا نۆژەن نەكراوەتەوە، ئەوەی كراوە بە هەوڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خودی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال و سەرۆك بافڵ ئەنجامدراوە، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی پارێزگای هەولێر بودجەی پێویستی لەبەردەستدابووە و دەكرا كار بۆ پاراستنی شوێنەوارەكانی كۆیە بكرێت.
بەڕێوەبەری شوێنەواری كۆیە ئاماژەی بەوەشكرد: لە رابردوودا چەندین شوێنەواری قەزاكە لەلایەن سەرۆک مام جەلال نۆژەنكراوەتەوە، لەوانە قشڵەی كۆیە و هەردوو بەشەكەی قەیسەری و مزگەوتی گەورە، هەروەها بە پاڵپشتی دارایی سەرۆك بافڵ ئامادەكاری كراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووی مەحمود ئاغا وەك شوێنێكی كەلەپوری، لە هەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی لە رێگەی زانكۆ و رێكخراوە جیهانییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی شاری كۆیە، كاری زیاتر بۆ پاراستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنە مێژوویی و دێرینەكانی شارەكە بكرێت.
هەروەها باسی لەوەشكرد: ئێمە بە گشتی لەقەزای كۆیە چوار گەڕەكی كەلەپوریی رەسەنمان هەیە، ئەوانیش (هەواوان و بایز ئاغا و بەفری قەندی و قەڵات)، ئەوانە چوار گەڕەكی رەسەنی شارەكەن، كۆیە لەسەر بنەمای ئەو چوار گەڕەكە دامەزراوە، جگە لەوانە لەكۆیە لە رووپێوێكدا 85 شوێنی وەك خاڵی كەلەپوری تۆماركراون، كە لەلایەن زانكۆی كۆیە و زانكۆیەكی ئەڵمانی و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتیی شوێنەواری كۆیە ئەنجامدراوە، كە جگە لە خانووی ئاسایی، مزگەوت و كڵێسا و ئاش و قشڵەیە دەگرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی كۆیە لانكەی پێگەیاندنی چەندین كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هونەری بووە و شاری پێكەوەژیانی ئایینی بووە، هەر ئەمەش وایكردووە خانوو و شوێنی ئەو كەسایەتییانە وەك شوێنەوار، یان خاڵێكی كەلەپوری سەیر بكرێت و بەزیندوویی بمێنێتەوە.
یەكێتی واحید عەبدولحەمید تەئكیدیكردەوە، پاراستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوار و خاڵە كەلەپورییەكانی شاری كۆیە، وادەكات شارەكە ببێتە شارێكی گەشتیاری و ئاوەدانبوونەوەی زیاتر، بەمەش لەلایەك دەرفەتی كار بۆ خەڵكەکەی دەرخسێ، لەلایەكی تر دەبێتە داهاتێك بۆ حكومەت، لەکۆتایشدا هەموولایەك سوودمەند دەبن و پارێزگاریش لە مێژوو و رەسەنایەتی شارێكی مێژوویی وەك كۆیە دەكرێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان