رانانی:
ئاکۆ کەریم مەعروف
ژنە نووسەری بەناوبانگی سویدی(ئەستیرد لینگرین) سەبارەت بە نۆڤلێتی(هاوڕێ نیگاركێشەكەم) دەڵێت: "كاتێ مندالێك دەست دەكات بە خوێندنەوەی كتیبێك، بەو وێنانەی هەیەتی لە شوێنێكی ناوەوەی رۆحی خۆیدا ژوورێكی نهێنی بۆخۆی دروست دەكات، ژوورێك کە لە هەموو ژوورێك و جێیەكی تر تۆكمەتر و باشترە، ئەمجۆرە وێنانە گرنگن بۆ مرۆڤ، بۆ ئەو رۆژەی چیتر فەنتازیای منداڵ لە توانایدا نابێت ئەو وێنانە بەرهەم بهێنێت، ئەو رۆژەی مرۆڤایەتی دووچاری هەژاریی دەبێت"، ئەوەی دەستنیشانی دەكات سبەی بەیانی دنیا چۆن دەبێت، ئەوەیە روونە لەم كورتە رۆمانەدا بڕی ئەو وێناكردنەی منداڵانن كە لە ئێستادا خەریكن فێری خوێندنەوە دەبن، لەبەرئەمەیە مندڵان پێویستیان بە كتێبە.
نووسەر و وەرگێڕ (هیوا قادر) لەبارەی ئەم بەرهەمەوە نووسیوێتی: "منداڵ لە ئەدەبی مۆدێرنی كوردیدا وەك بوونەوەرێكی نەزان و بچكۆلە تەماشا دەكرێت، بوونەوەرێك مافی هەڵبژاردنی نییە، بەردەوام دەبێت لەبەردەم وەعز و ئامۆژگاری ئەو ئەدەبەدا گوێڕایەڵ بیت، وەك كارگەیەك بۆ زوو گەورەكردنی منداڵان، بۆ بە پیاوكردن و بە ژنكردنی هەرزەكاران و ملكەچكردنیان لەبەردەم مەرجە قورسە ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییەكاندا كار دەكات. لە كاتێكدا دەبوو ئێمە خاوەنی ئەدەبیاتێك بین دژ بەو ئاراستەیە كار بكات."
پاشان (هیوا قادر) لەبارەی نووسەری نۆڤلێتەكەوە دەڵێت: "خوێندنەوەی ئەم كتێبە لەبەردەم تەمەنی خوێنەرەكانیدا سنووردار نییە، تەمەنی خوێنەرانی لە دە ساڵییەوە تا سەد ساڵ ئاوەڵایە، ئەم نۆڤڵێتە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەیە كە تەكنیكی فەنتازیا زمان تێدەگەن و خاوەنی باڵن بۆ فڕین و ئەدێشەسازی. كاتێك لیگیا بۆینگا خەڵاتی پێبەخشرا یۆران پاشرۆنی سەرۆك وەزیرانی سوید لە وتەیەكدا دەڵێت، منداڵان هەمان مافی سەرەتایی گەورەكانیان هەیە، بەڵام ئەوە ئێمەی گەورەكانین ئەو بەرپرسیارییەمان لەسەر شانە بۆ زامنكردنی ئەو مافانە. هەموومان پێكەوە بەرپرسیارین لە بەرامبەر هەموو منداڵانی جیهاندا كە دەبێت بە ئارامیی و ئازادی گەورەبن. ژنە نووسەرێکی بەرازیلی وەك دەڵێن، بە شێوازێك دەنووسێت كە گەورەكان پێیان وایە ئەو نووسینانە بۆ منداڵان نابن، چونكە لەو شتانە تێناگەن، بەڵام بەرهەكانی نەك منداڵان بەڵكو گەورە ساڵانێكی زۆریش دەخەنە داوی خۆیانەوە و لەگەڵ نووسینەكانیدا سەفەرێكی سیحر ئامێز دەكەن. بەرازیل و ئەمەریكای لاتین ناوچەیەكی پڕ لە ئاژاوە و تووندوتیژییە، لە ناوچە هەژارنشینەكاندا زۆرێك لە منداڵان هەن كە لەگەڵ باوك و دایكیاندا گەورە نابن، رەنگە دایكیان مردبێت و باوكییشیان لە شوێنێكی دوور لەوان كار بكات، ئەمە ژیانی راستەقینەی منداڵانی ئێرەیە بۆیە دەمەوێت باسیان بكەم."
نووسەری نۆڤلێتەکە (لیگیا بۆینگا) لەبارەی خەونەكان و كتێبەوە دەڵێت: "من هەمیشە خاوەنی ئەو خەونە بووم، زۆر عاشقی كتێبم و حەز دەكەم كتێبەكانم بۆ هەموو جێگەیەك سەفەر بكەن، رۆژانە دادەنیشم و بیر لەوە دەكەمەوە چی بنووسم، كتێبێك توانای سەفەركردنی هەبێت بە دنیادا."
(لیگیا بۆینگا) لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "من هەمیشە لەگەڵ خۆمدا قسە دەكەم، بەدەنگی بەرز لەگەڵ ئەو كەسانەدا قسە دەكەم كە دەیانخوڵقێنم، ئەمە شتێكی ئاساییە، كاتێك منداڵ بووم بە دەنگی بەرز لەگەڵ خۆمدا قسەم دەكرد، خەڵكی دەیانگوت گوێی لێمەگرن منداڵە. ئێستاش خەڵكی بە هەمانشێوەی جاران دەڵێن، گوێی لێمەگرن پیر بووە."
-زنجیرە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی دووەم، وەرگێڕانی لە سویدییەوە، هیوا قادر، ساڵی 2024