ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
گوندنشینانی کانی میران داوای خزمەتگوزاریی دەکەن
گوندی كانی میران سەر بە ناحیەی پیرەمەگرون 33 ماڵی تێدایە، وەك پێویست خزمەت نەكراون و داوای خزمەتگوزاری دەكەن.
محەمەد كەریم دانیشتووی کانی میران بۆ كوردستانی نوێ وتی: گوندەکەمان لە ماستەرپلانی شارەوانیدا بووە بە گەڕەك، بەڵام خزمەتگوزاریی کەمە، بۆ چاککردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەكەمان دوو ساڵە دەچینە لای لایەنە بەرپرسەکان دەرخستەشی بۆ کراوە، بەڵام بۆمان جێبەجێ ناکەن.
وتیشی: داواكارین فەرمانگەی كارەبا پلاجكتۆر لەسەر شەقامی گشتیی گوندەكەمان دابنێت، هەروەها پێویستە پەرژینێک بۆ سەرقەبرانی گوندەكەمان دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئاژەڵ نەچێتە ناوی.
گوندی كانی میران سەر بە ناحیەی پیرەمەگرون
گەڕەدێی جافایەتی بێ خزمەتگوزارییە
گەڕەدێی جافایەتی گوندێکی دڵگیری نیشتمانە، 50 ماڵی تێدایە، ژمارەی دانیشتووانەكەی لە 250 كەس زیاترە و داوای خزمەتگوزاریی دەکەن.
یەعقوب محەمەد دانیشتووی گوندی گەڕەدێ بۆ كوردستانی نوێ وتی: كۆڵانەكانی گوندەكەمان تائێستا خۆڵە و پێویستی بە قیرتاوکردنە، كانی گوند بە تەواویی وشكی كردووە لەبەرئەوە ئاوی خواردنەوەمان زۆر کەمە و پێویستمان بە دروستکردنی پرۆژەیەکی ئاوە.
وتیشی: كەمیی سەعاتەکانی كارەبای نیشتمانی گرفتی گەورەی گوندنشینانە و داوای دابینکردنی موەلیدە دەکەین، پێویستمان بە دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستییە لەگەڵ دانانی پلاجکتۆر لەناو گوند، هەروەها دروستکردنی گۆڕەپانێکی تارتان بۆ گەنجانمان.
گەڕەدێی جافایەتی گوندێکی دڵگیری نیشتمان
وێنە و توانج
ئەوەی لە وێنەكەدا دەبینرێت، شەقامی سەرەكیی دووسایدی نەخۆشخانەی عەنەبە لە هەڵەبجەی شەهید، 100 مەتر خوار نەخۆشخانەكەیە، شەقامەکە بە تەواویی تێکچووە، چاڵی زۆر تێدایە و پێویستی بە چاککردنە.
لە کاتی باران باریندا شەقامەکە پڕ ئاو دەبێت و ئاستەنگیی هاتوچۆ بۆ شۆفێران و هاووڵاتیان دروست دەکات، دانیشتووان داوا لە شارەوانی دەکەن بە زوویی چاکی بکات.
شەقامی سەرەكیی دووسایدی نەخۆشخانەی عەنەب لە هەڵەبجە
ناڕەزایی گوندنشینانی سەرگەڵو
گوندی سەرگەڵو ئێستا 200 ماڵ زیاتری تێدایە و ژمارەی دانیشتووانەكەی 670 كەسن، داوای خزمەتگوزاریی زیاتر لە لایەنی بەرپرس دەكەن.
شێخ حەسەن دانیشتووی گوندی سەرگەڵو بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە گوندەکەمان كارەبای نیشتمانی زۆر خراپە لەچاو شوێنەكانی دیکەی دەوروبەرمان، گوندەکەمان ناوچەیەکی گەشتیارییە لەبەرئەوە شەقامەکانی بەردەوام پێویستی بە چاککردنە ئەو رێگەیەی سەردەکەوێت بۆ دابان لەگەڵ شەقامی نێوان شاقوڵی قەرەسرد قیرەکەی تێکچووە و پێویستیان بە چاککردنە.
وتیشی: نەخۆشخانەکەمان دەرمانی کەمە و ئەوەش وایکردووە وەک پێویست سوودی لێ نەبینین، هەروەها مزگەوتەکەمان پێویستی بە دامەزراندنی کارگوزارێکە بەردەوام ئاگای لێی بێت و خاوێن رایبگرێت.
گوندی سەرگەڵو لە سنووری پارێزگای سلێمانی
لە مۆكەبەوە تا بەرگەڵو شەقامێكی پڕ چاڵ و چۆڵ
ئەگەرچی شەقامی سەرەكیی گوندەكانی مۆكەبە تا دەگاتە بەرگەڵو قیرتاو كراوە، بەڵام بەهۆی كۆنییەوە قیرەکەی هەڵتەكیوە و بۆتە چاڵ و چۆڵی.
گوندنشینان دەڵێن: ئەم ناوچەیە زۆر بێ خزمەتگوزارییە لەم شەقامە سەرەکییەی گوندی مۆکەبەدا چەندین رووداوی هاتوچۆ رویداوە بەهۆی خراپیی و چاڵی رێگەکەوە.
وتیشیان: ئەو رێگە سەرەکییەی گوندنشینان کە لە گوندی مالومە دەردەچیت تا دەگاتە دووڕیانەکەی هەڵەدن لەکاتی باران باریندا چاڵی رێگەکان پڕ دەبن لە ئاو و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆشۆفێران دروست دەکەن، گوندنشینان داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەن چاکی بکەن و چاو لە ئاست کەموکوڕییەکان دانەخەن.
شەقامی سەرەكیی گوندەكانی مۆكەبە
دانیشتوانی فەرمانبەران لە هەڵەبجە داواکارییان هەیە
هەڵەبجەی شەهید بەهۆی فراوانبوونییەوە خزمەتگوزاریی زۆری پێویستە، گەڕەكی فەرمانبەران لە هەڵەبجەی شەهید زیاتر لە 180 ماڵی تێدایە و خزمەتگوزاری کەمە.
كەیوان عوسمان بۆ كوردستانی نوێ وتی: فەرمانبەران وەك گەڕەكێكی تازە پێویستی بە خزمەتگوزارییە، ئەو شەقامە گشتییەی گەڕەكەکەی كردووە بە دوو بەشەوە تەواو نەکراوە و کۆڵانەکانیشی گڵە و پێویستیی بە قیرتاوکردنە.
وتیشی: سیستمی دابەشكردنی ئاو بۆ ماڵەكان تەواو نییە و زۆر ماڵ ئاوی خواردنەوەیان بۆ ناچێت، هەروەها گەڕەکەکەمان پێویستی بە قوتابخانەیەکی گەورە و مۆدێرنە.
گەڕەكی فەرمانبەران لە هەڵەبجەی شەهید