سەروەت سەوز: هونەری بەبەرزی راگرت!

01:45 - 2025-03-28
کەلتور
65 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

تۆ لە ژمارەی تەلەفۆنێکدای 
کە کەسێ
لە قەرەباڵخیی بازاڕێکدا
بە پەلەپڕوزکێ
لەسەر لەپی دەستی دەینووسێ
تۆ لە ناونیشانێکدای... هاسان
بە هەموو کەس دەدۆزرێتەوە
تۆ بە شەقامێکەوەی.... عاشق
هەموو کەس ڕێی تێ دەکەوێ
تۆ بە لێواری خەرەندێکەوەی... قووڵ
هەموو کەس نایگاتێ...!
(دلاوەر قەرەداخی)


سەروەت سەوز هونەرمەندێكی دیار‌و ناسراوی كوردستانە، لەبواری هونەری گرافیكدا خزمەتێكی زۆری پێشكەش كردووە‌و شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە.
ساڵی 1954 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی لەسلێمانی‌و بەغدا تەواو كردووە.
سەروەرت سەوز هەر لەتافی لاوییەوە خولیای هونەری نیگاركێشان بووە، هەر بۆ ئەوەی ئەو خولیایەی بەزانستی بخوێنێ‌،رووی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا كردووە.
ساڵی 1972 لەبەشی گرافیكی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەرگیراوە‌و ساڵی 1977 بەسەركەوتوویی تەواوی كردووە.
دوای ئەوەی بەشێوەی زانستی ئەو هونەرەی خوێند، رەنگدانەوەی لەسەر كوالیتی هونەریی تابلۆكانی هەبوو.
ساڵی 1976 کە ھێشتا خوێندکار بووە، یەكەمین پێشگای نیگاركێشیی گرافیكی خۆی لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی تر لەزانكۆی سلێمانی كردەوە، تابلۆكانی بوونە جێی سەرنجی هونەرمەندان‌و هونەردۆستان‌و پێشوازییەكی گەرمی لێكرا. ئەوەش وزەی زیاتری بۆ بەردەوامی پێبەخشی.
ئیدی چەندین پێشانگای تایبەتی خۆی لەشارەكانی كوردستان‌و عیراق‌و دەرەوە كردەوە‌و زیاتر لەسەر ئاستی ناوخۆو جیهان ناسرا.
ساڵی 1992 لەگەڵ هونەرمەند نامیق عەلی قادر پێشانگایەكی لەشاری پاریس كردەوە.
ساڵی 1993 لەسەر داوەتی رەسمی سەرۆك فرانسوا میتران، لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی دیكەی كورد پێشانگایەكی هاوبەشیان كردەوە، سەرۆك فرانسۆ میتران‌و دانیال میتران بەگەرمی پێشوازی لێیان كرد،ئەوەش دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.
دواتر هونەرمەند سەروەرت سەوز لە وڵاتانی دیكەی وەك، بەریتانیا‌و ئیتالیا‌و ئەلمانیا، پێشانگای تایبەتی كردەوە‌و زیاتر هونەرەكەی بەدنیا ناساند.
دواهەمین پێشانگای لەیادی كیمیابارانی هەڵەبجە لە 16ی ئازاری 2004 كردەوە.
هەر لەو رۆژەدا ئۆتۆمبیل لێی داو بەسەختی بریندار بوو، بۆ چارەسەر برایە شاری بەغدا‌و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لەرۆژی 28ی ئازاری هەمان ساڵدا لە نەخۆشخانەی جادریە گیانی پاكی بەدنیای هونەر بەخشی‌و تەرمەكەی برایەوە بۆ شاری سلێمانی‌و لەوێ‌ بەخاكی نیشتمان سپێردرا.
سەروەت سەوز چەند ساڵێک وەک کارمەند لە رێکخراوی ئێم ئەی جی کاری کرد، سەرەتا وەک ھونەرمەندێک کاری دروستکردنی پۆستەری بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان بۆ خۆپاراستنیان لە مین ئەکرد، دوای ئەوەی ئەو بەشە نەما بەناچاری و بۆ بژێوی ژیان، کاری ھەڵگرتنەوەی مینی ئەکرد، کە کارێکی مەترسیدار و دوور لە ھونەر بوو.
هونەرمەندی خۆشەویست سەروەت سەوز، هونەرمەندێكی جدی‌و بەهەڵوێست بوو، هونەرەكەی بۆ خزمەتی گەل‌و نیشتمانەكەی‌و مرۆڤایەتی بەكارهێناوە. لەسەر هەڵویستی بەرزی نیشتمانی، ئارام سەعیدی هاوڕێی لە وتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە سەروەت سەوز بۆی گێڕاوەتەوە، لەسەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا بانگیان كردووە بۆ بنكەی حەتینی حزبی بەعس لەسلێمانی، داوایان لێكردووە، وێنەی سەدام حسێن بكێشێ‌، ئەویش وتویەتی گەر نەیكێشم چییە، وتویانە هەركەس نەیكێشێ‌، تفێك ئەكەینە ناو چاوی، سەروەت سەوز وتویەتی دە من ناتوانم ئەو وێنەیە بكێشێم، بەعسییەكان تفیان كردۆتە ناو چاوی، سەرەوت ئەو سووكایەتیە گەورەی پێ‌ باشتر بوو لەوەی وێنەی دیكتاتۆر بكێشێ‌!
درودی رێز‌و وەفاو خۆشەویستی بۆ گیانی پاكی سەروەت سەوزی هونەرمەندی ناودار، ئەو پیاوەی رێزی هونەر‌و هونەرمەندی بەبەرزی راگرت.

تێبینی بۆ نووسینی ئەم گۆشەیە سوودم لە نووسێنێكی کاک  داناز عەبدولڕەحمانی نووسەری خۆشەویست وەرگرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان