راپۆرتی/ جێگر خدر
رۆژانی جەژنی رەمەزان تاوەکو دوێنێش، هەزاران گەشتیاری نێوخۆی راپەڕین و ناوچەکانی دیکەی هەرێم و ناوەڕاست و خواروی عیراق و ئێران رووی لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین کرد.
بەردەوام لە سەرەتای هاتنی وەرزی بەهار گەشتیارێکی زۆر روو لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین دەکەن، بەڵام ئەمساڵ گەرمتر لە ساڵانی پێشوو و بە تایبەت بۆ خەڵک دوو جەژن بوو، رەمەزانی پیرۆز و نەورۆزی نەتەوەیی پێکەوە رێژەی گەشتیاریان بۆ سنوورەکە زیادکرد.
مەحمود خۆی و خێزانی، لەگەڵ ماڵباتەکەی، دایکی و براکانی هاتبوونە دەربەندی رانیە و دوو رۆژی جەژنیان لەوێ بەسەر برد، مەحمود کە بۆخۆی لە چوارقوڕنە دادەنیشێ، لە تکریتەوە براکانی و دایکی داوەتی نێو سرووشتە دڵڕفێنەکەی غابات و دەربەند کردووە و وتی: هەموو بە منداڵەوە بازاڕییان لە شاری رانیە کرد، محەمەدی براشی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و رانیە و شوێنە گەشتیارییەکانی بە شوێنێکی ناوازە و شیاوتر لە هەر جێگەیەک نێوبرد بۆ گەشتکردن، باسی لە گونجاویی دانیشتوانی راپەڕین کرد و وتی: میوان دۆستییەکەیان کەمەندکێشت دەکات، بە رێزەوە لە هەموو شوێنەکان پێشوازیمان لێکرا.
ئامادەکاریی پێشوەختە کرابوو
لە ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە 100 شوێنی گەشتیاریی هەن، ساڵانە رێژەکەیان بەرزدەبێتەوە، ئارام پیرۆت بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین لەو بارەیەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: پێشووتر پێشبینی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانمان کردبوو، هەربۆیە ئامادەکاری تەواومان کردبوو، شوێنە گەشتیاریی و چێشتخانە و هەموو ئەو جێیانەمان ئاگادار کردبوەوە کە رۆژانی جەژن تاوەکو کۆتاییهاتنی پشوو شوێنەکانیان بە تەواوی خزمەتگوزارییەوە بکەنەوە و لە چاوەڕوانی هاتنی گەشتیارێکی زۆردابن، بازگەکانمان ئاگادار کردبووەوە کە گەشتیاران تەنها هی شارەکانی نێوخۆی ئیدارەی راپەڕین نین، بەڵکو شارەکانی دیکەی هەرێم، ناوەڕاست و خوارووی عیراقیش ئەو شوێنانەن کە خەڵک لێیانەوە دێت بۆ راپەڕین.
هۆی زیادکردنی گەشتیاری دیوی رۆژهەڵات
راشیگەیاند: کرانەوەی مەرزی کێلێ بە رووی گەشتیارانی خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێراندا وایکردووە ئەمساڵ رێژەی گەشتیاری سنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش زیاتربێت، رۆژانی ئاسایی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار دێنە سنووری ئێمە، بێگومان لە رۆژانی جەژن ئەو ژمارەیە چەند هێندە بووە، بۆیە بازگە و سەرسنوور هۆشدارییان پێدرابوو کە بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاری دەرەکی لە لایەکەوە کەرتی گەشتیاریی پێشدەخات، لە لایەکی دیکەوە بازاڕی سەنتەری شارەکانیش دەبوژێنێتەوە، لەپاڵ شوێنە گەشتیارییەکان نێوبازاڕیش جمەی دەهات، کاسبکاران دوکان و بازاڕەکانیان کراوە بوو، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە بە بەرزنەکردنەوەی نرخ و روویەکی گەش بەشێک دەبن لە هۆی پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی، کە چاوەڕێ دەکرێت ساڵانی ئایندە ئەم کەرتە لەم سنوورە ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتی باش، کەرتی ئابووریش ببوژێنێتەوە.