پارەی تەرخانكراو بۆ (جامی كەنداو - 25) هەرا دەنێتەوە

11:36 - 2022-08-04
ڕاپۆرت
458 جار خوێندراوەتەوە

یادگار عەلی

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاردەدات تێچووی پاڵەوانێتی كەنداو (25) كە بڕیارە لە بەسرە بەڕێوەبچت لەسەر داهاتی ئەو پارێزگایە بێت، بڕیارەكەش ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە.
لە كۆبوونەوەی ژمارە (28)ی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا سەرجەم تێچووی داواكاری و ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی كەنداو لەسەر داهاتی پیترۆ دۆلار و دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای بەسرە بێت.
جامی كەنداوی عەرەب، پاڵەوانێتییەكی بواری تۆپی پێیە و هەر دوو ساڵ جارێك لە نێوان هەشت وڵاتە عەرەبییە ئەندامەكەی یەكێتی تۆپی پێی كەنداو بەڕێوەدەچێت و بڕیاریشە خولی (25)ی جامەكە لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو لە پارێزگای بەسرە لە عیراق بەڕێوەبچێت.
(عەدنان جابری- پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق)، رایگەیاند: بەتوندی بڕیارەكە رەتدەكەینەوە و داوا لەسەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارێزگاكەمان دەكەین كۆبوونەوەیەكی بەپەلە و نائاسایی لەسەر لێكەوتەكانی ئەو بڕیارە بكەین.
وتیشی: ئێمە پێشتر داوامانكردووە داهاتی پارێزگاكە بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە و وشكەساڵی و پیسبوونی ئاوی پارێزگاكەمان خەرجبكرێت. بۆیە دەبێت ئەو پارەیە لەسەر بودجەی گشتی و نائاسایی بدرێت.
هەروەها (د. نەبیل مەرسومی - پسپۆری بواری ئابوری) لە رێگەی وتارێكەوە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی بە نالۆژیكی لە قەڵەمداوە و باس لەوەدەكات دەبوو لەسەر داهاتی گشتی عیراق بێت، بەتایبەت خەرجییە سیاسییەكان یان یەدەگە نائاساییەكان، نەوەك بەتەنها لەسەر تەرخانكراوی پارێزگای بەسرە.

هاوكات جێگری یەكەمی پارێزگاری بەسرە (محەمەد تاهیر تەمیمی) رایگەیاند: بودجەی تەرخانكراو بۆ بەسرە لە سنووری تریلیۆنێك و دووسەد ملیار دینارە و ئەگەر بێت و لەو پارەیە بۆ بواری دیكە بڕوات، سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگاكە دەوەستێت.
وتیشی: ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران ئێمەی تووشی شۆك كرد، هەربۆیە رەتیدەكەینەوە و داوادەكەین پێداچوونەوەی پێدابكرێت، چونكە دەیان پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری و پڕۆژەی تەواونەكراو لە پارێزگاكەمان هەن و پێویستیان بە بودجەیە.
لەلای خۆشیەوە (عودەی عەواد- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق) بڕیارەكەی بە شكستخواردوو وەسفكرد، دەڵێت: بەهەموو شێوەیەك رووبەڕووی دەبینەوە پەنا بۆ فشاری سیاسیی و جەماوەری دەبەین.
باسی لەوەكرد، ئەنجومەنی وەزیران (30) ملیار دیناری بۆ دروستكردنی رەبییە و كڕینی ئامێر و كەرەستە بۆ سنووری هەرێمی كوردستان - توركیا تەرخانكردووە، دەبوو ئەو پارەیە بۆ بنیاتنانی وێستگەی پاكژكردنەوەی ئاو بوایە لە بەسرە.
وتیشی: داوا لە پارێزگاری بەسرە دەكەین داوا لەسەر سەرۆكی حكومەت تۆمار بكات.
تاوەكو ئێستا تەنها یەكجار پاڵەوانێتی تۆپی پێی كەنداو لە عیراق كراوە و ئەوەش لە ساڵی (1979) لە شاری بەغداد بووە و بەڕێوەچووە. بڕیاریش بوو جامی كەنداو (23) لە عیراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئارامی عیراق بڕیارەكە هەڵوەشایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان