راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
باعه‌درێ یەکێکە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای شێخان، بە وتەی چالاکوانان، لەم دواییانەدا ژینگەی ناوچەکەیان پیسبووە بەهۆی زۆریی بیرە نەوت، پاڵاوگەکانی نه‌وت و بوونی وێستگەیەکی کارەبا لە سنووره‌كه‌یاندا. پابەندنەبوونی ئەم پرۆژانە لەکاتی کارکردن بە مەرجە ژینگەییەکانەوە بوونه‌ته هۆی ناڕه‌زایی و نیگەرانیی دانیشتوان و چالاکوانانی ناحیەکە و دەوروبەری.
ناحیەی باعه‌درێ تائێستا سه‌ر بە ناحیه‌ی قەسرۆکە، بە وتەی بەشێک لە هاووڵاتیان ئەوە لە رووی بەڕێوەبردنەوە گرفتی بۆ دروستکردون.
گلەیی دانیشتوان
هه‌ڤاڵ ئێزدی چالاكوان و دانیشتووی ناحیه‌ی باعه‌درێ به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: له سنووری ناحیه‌کەمان ژماره‌یه‌ك پاڵاوگه و بیره نه‌وت هه‌ن كه له سه‌نته‌ری ناحیه‌كه و گونده‌كانی ده‌وروبه‌رییەوە نزیكن، بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگه و ناڕه‌زایی و بێزاربوونی خه‌ڵكی سنووره‌كه، لەبەرئەوەی به‌هۆی پیسبوونی ژینگه‌وه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه و ته‌نگه نه‌فه‌سی بوون و رۆژ له دوای رۆژ رێژه‌ی تووشبوون به‌م نه‌خۆشییانه له زیادبووندایه.
وتیشی: بوونی وێستگه‌ی کارەبا و ئەو هەموو پاڵاوگە و کارگەیە لەم سنوورە بچووکەدا زیانی زۆری به تەندروستی هاووڵاتیانی شارۆچكه‌كه‌مان گەیاندووە، پێویسته پاڵاوگەکان ناچار بکرێن پابەندی مەرجە ژینگەییەکان بن، هەروەها گرفتێکی دیکەی دانیشتوان ئەوەیە رۆژانه هاووڵاتیانی ناحیه‌ی باعه‌درێ دەبێت بۆ کاروباری ئیداریی سەردانی ناحیه‌ی قەسرۆک بکەن.
ناحیەی باعه‌درێ لە ساڵی 1998ەوە دامه‌زراوه، بەڵام فەرمانگەی ئیداری و حکومی پێویستی تێیدا نییه.
ئەو چالاکوانە دەڵێت: بەهۆی پیسبوونی ژینگە و كه‌میی خزمەتگوزاری پێویست، ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و گەنجەکانی ناحیەکە ناچاربوون شارەکەیان بەجێبهێڵن، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین گوێ لە داواکاری و گلەیی هاووڵاتیان بگرن و هه‌وڵبده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پیسبوونی ژینگه و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ ناحیه‌كه‌مان.
پیسبوونی ژینگەی ناحیەکە
ژمارەی دانیشتوانی باعەدرێ نزیکەی 16 هەزار کەسن، لە 11 گوند پێکهاتووە، له رووی ئیدارییەوە سه‌ر به پارێزگای دهۆكه، به‌ڵام لە رووی كارگێڕییه‌وه بەشێکە لە قەزای شێخان له پارێزگای موسڵ.
رۆژنامه‌نووس عه‌زیز شه‌مۆ، دانیشتووی باعه‌درێ بۆ كوردستانی نوێ وتی: بابه‌تی پیشەسازیی یاسا و رێسای تایبەت به خۆی هه‌یه، ئەو یاسایانە پەیوەندییان بە پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و ژینگەوە هەیە، کە دوو بابەتی زۆر گرنگن لە جیهاندا. بۆیە لە کاتی دامەزراندنی هەر دامه‌زراوه‌یه‌ك یان کارگەیەک لە هەر ناوچەیەکی جیهان بێت، لەلایەن كه‌سانی پسپۆڕ و شارەزایانەوە، جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی و خۆپاراستن ده‌کرێتەوە لە زیانگەیاندن بە تەندروستی مرۆڤ و ژینگە.
وتیشی: لە تەواوی هەرێمی کوردستان و لە ناحیەکەی ئێمەش لە کاتی دانانی پاڵاوگە و کارگەکاندا وەک پێویست رەچاوی لایەنە تەندروستی و ژینگەییەکان نەکراوە، هیوادارین لایەنی بەرپرس لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە گرنگانە بکات کە پەیوەندییان بە تەندروستی مرۆڤ و ژینگە و هەوا و ئاسمانی كوردستانه‌وه هه‌یه.
رۆژنامه‌نووس عه‌زیز شه‌مۆ ده‌ڵێت: خەڵکی ناحیەی باعه‌درێ و گوندەکانی دەوروبەری بە گشتیی و بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ساڵانێکە بە دەست کاریگەریی نەرێنی پیسبوون و پاشەڕۆی ژەهراوی بیرە نەوتی سابلۆت و وێستگەی کارەباکەوە دەناڵێنن. هەروەها خەڵک نیگەرانن و دڵه‌ڕاوكێیانه سه‌باره‌ت به دامەزراندنی پاڵاوگەكانی نەوت و هێنانی کارگەی قیر بۆ سنووره‌كه‌یان، داوا لە لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار دەکەن پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیاندا بکەن.
وەڵامی لایەنی پەیوەندیدار
له‌وباره‌یه‌وه رێزان میرزا به‌گ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باعه‌درێ به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: زیاتر لە 15 ساڵە کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەیەکی کارەبا لە ناحیه‌ی باعه‌درێ هەیە، ئێمه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه گلەیی و داواکاری خەڵکمان گەیاندووە بە لایەنی پەیوەندیدار به مه‌به‌ستی بەدواداچوون، هەروەها بەڕێوه‌بەری ژینگەی پارێزگای دهۆک لەسەر هێڵه بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ژینگەی ناحیەکە.
وتیشی: لە ناحیه‌کەدا چەندین فەرمانگەی کارگێڕی هەیە وەک، بەرگری شارستانی، کشتوکاڵ، کارەبا، ئاو، بنكه‌ی پۆلیس و ئاسایش، لە دوای ئەم قۆناغە، چه‌ندین فەرمانگەی دیكه بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیانی شارەکەمان دەکەینەوە.
باعه‌درێ ناوچەیەکی گرنگ و دێرینی ئێزیدخانه و شوێنی رەسەنی دانیشتوانی شێخ و میره‌كانی ئێزیدییە بە درێژایی مێژوو، لە ساڵی 1832 میر محەمەد پاشای رەواندز، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوان ئێزیدیەکان و عەشیرەتی مزوری لەسەر داواكاری مەلا یەحیا مزووری کەسایەتی ناوداری ئاینی ئه‌وكاته‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان، سنووری میرنشینی بادینان له ئاكرێ و كه‌له‌ك بەزاند و له‌شكركێشی کردە سەر باعه‌درێ.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باعه‌درێ بۆ کوردستانی نوێ :
زیاتر لە 15 ساڵە کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەیەکی کارەبا
لە ناحیه‌کەدا هەیە، گلەیی هاووڵاتیانمان لە بارەی پیسبوونی ژینگەوە گەیاندووە بە لایەنی پەیوەندیدار