لێپرسراوی نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی وەكو سكرتاریەتی مام جەلال، قەرەبووی زیانلێكەوتووانی بازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی دەكاتەوە.
عەتا محەمەد لێپرسراوی نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و نوێنەری قوباد تاڵەبانی، لە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری كاسبكارانی بازاڕی دارەسووتاوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، بڕیاریدا قەرەبووی سەرجەم ئەو كاسبكارانە بكرێتەوە كە بەهۆی سووتانی بازاڕی دارەسووتاوەكەوە زیانیان بەركەوتووە، وتیشی: لەلایەن سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال-ەوە، بازاڕەكە پاكدەكرێتەوە و دووبارە نۆژەن و دروستدەكرێتەوە، راشیگەیاند: 116 دوكان و 4 شوێنی لەفە فرۆشتن سووتاون، ئەمڕۆ دەست بە پاككردنەوەی بازاڕی دارەسووتاوەكە دەكرێت، شارەوانیی سلێمانی سەرپەرشتی نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە دەكات.