كەشتییەكەی سیسیۆس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

گرەوەکەی پاسکاڵ

11:30 - 2025-04-10
ئەدەب و هونەر
394 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

(21)


فەرهاد برادەری خوێندنمە، ماوەیەکی زۆر بوو نەمبینی بوو، بەڵام هەواڵیم بیستبوو، برادەران بە شۆخییەوە دەیانووت: «وەکو شەراب گەڕاوەتەوە». لەم رۆژانەدا تەلەفونی بۆ کردم و بەدەم قسەکردنەوە لە غەزەلنووس دوو قاوەمان خواردەوە. دەستیکردن بە باسوخواسی ئاسوودەیی ئیمانداری و خواپەرستی و زۆر شتی جوان و دڵگیری وت، داواشی لێکردم جارێک لەگەڵی بچم بۆ کەنیسە و لە نزیکەوە ئەو کەشوهەوا رۆحییە ببینم. کە تەواو بوو، بە گاڵتەوە وتم: «وازبێنە فەرهاد، هەوڵمەدە بمکەیت بە مەسیحی!» ئینجا لێم پرسی: چۆن گەیشتیتە دڵنیایی؟
سەیرێکی کردم و وتی: «خۆت دەزانیت من کۆمۆنیست بووم، هیچ جۆرە باوەڕێکم نەبوو، هەموو شتەکانم لە مادەدا دەبینی، بۆیە بۆ من بڕیارێکی قورس بوو، ماوەیەکی زۆریشی خایاند.»
بە پێکەنینێکەوە وتم: «بەڵام خۆ ئەمە وەڵامی پرسیارەکەی من نییە!»
کەمێک مات بوو، لەناکاو هاتە قسە: «تۆ گرەوەکەی پاسکاڵت بیستووە؟»
- شتێکی دەربارە دەزانم، ناشێت بڵێیت ئەوە قایلی کردووم؟
_ بۆ نا!
_ دەی باشە، وایدابنێ دەتەوێت منیش قایل بکەیت، بەڵام واز لە پاسکاڵ خۆی بهێنە و یەکسەر ئەرگومێنتی خۆت ساز بکە.
_ باشە، خۆت دەزانیت مەسەلەی بوون و نەبوونی خوا یەکلایی نەکراوەتەوە، جۆرەها ئەرگومێنت بۆ هەردوو ئاڕاستەکە سازکراون و هیچیان کۆتا وەڵامیان پێنەبووە.
_ دەی خۆ گرەوەکەی پاسکاڵیش یەکێکە لەو ئەرگومێنتانە.
_ راستە، بەڵام لانیکەم توانی من قایل بکات، تۆ بڕوانە گریمان من و تۆ گرەوێک دەکەین، من دەڵێم خوا هەیە و تۆ دەڵێیت نییە. وازیش لەوە بێنە پێناسەی خوا چییە و چۆن بتوانین بیناسین، وایدابنێ لەسەر ئەمە کێشەمان نییە.
_ راستییەکەی ئەگەر من تەرەفەکەی بەرامبەرت بم و گرەوەکەش لەسەر بوون و نەبوونی خوا بێت، ئەوە پێناسەی خودا، واتە وەڵامی پرسیاری «خوا چییە؟» پرسێکی زۆر گرنگ دەبێت، بەڵام با بزانم تۆ بۆ کوێمان دەبەیت، بەردەوام بە.
_ باشە! ئێمە تەنها دوو ئەگەرمان لەبەردەمدایە، یان هەیە و یاخود نییە، گرەوەکەشمان هەر لەسەر ئەمەیە، ئێستا وەرە با لێکی بدەینەوە.
بابەتی گرەوەکە
فەرهاد دەستیکرد بە روونکردنەوە: من کە دەڵێم خوا هەیە، ئەوە چاوم بڕیوەتە بەهەشت و ئەو پاداشتەی لە خواوە وەریدەگرم. بۆ ئەمەش لە ژیانی ئێرەمدا خواپەرستی دەکەم و ئەو کارانە دەکەم کە خوا پێی خۆشە و خۆشم لەوانە بەدوور دەگرم کە پێی ناخۆشە. یانی سنوورێک بۆ ژیانی خۆم دادەنێم و ژیانێکی باوەڕدارانە دەژیم، بەمەش هەندێک چێژ، خۆشییە کاتییەکانم لەکیس دەچێت. تۆش کە باوەڕت بە بوونی خوا نییە، سەرقاڵی رابواردن و چێژەکانی ئەم دنیایە دەبیت کە چێژێکی کاتین. واتە لەم ژیانەدا من بڕێک لە چێژەکانم لە دەست دەدەم و تۆ تەواوی حەز و ئارەزووەکانت جێبەجێ دەکەیت. 
کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان تێهەڵچۆوە: رۆژێک دێت کە هەردووکمان یەک لەدوای یەک دەمرین، لەوانەشە رووداوێک بقەومێت و هەردووکمان پێکەوە تیادەچین، با ئەمەی دواییان وەربگرین. دوای ئەوەی مردین، ئەگەر من راستم کرد و خوا هەبوو، ئەوە پاداشتێکی ئەبەدیم بە نسیب دەبێت؛ بەڵام تۆ هیچت دەست ناکەوێت. لەم حاڵەتەدا من لە ژیانی دنیادا زیانێکی کەمم کرد(ئەگەر بە زمانی قازانج و زیان بدوێم)، بەڵام لە قیامەتدا پاداشتێکی ئەبەدیم بردەوە، بەڵام تۆ لە ژیانی دنیاتدا قازانجێکی کەمت کرد و لە قیامەتدا رووبەڕووی زیانێکی گەورە دەبیتەوە(یانی لێپرسینەوە و ئاگری دۆزەخ ... خۆت لە من باشتر دەزانیت)، خۆ ئەگەر دیدەکەی تۆ دروست بوو ئەوە من بەو زیانە کەمە رزگارم دەبێت و لە گۆڕەکەدا دەبمەوە بە خۆڵ و هیچ روونادات، بەڵام تۆ قازانجێکی کەمت کرد و چارەنووسیشت ئەوەیە ببیت بە خۆڵ. دەبینیت؟
 لە هەموو حاڵەتەکاندا باوەڕت بە بوونی خوا هەبێت باشترە، چونکە ئەگەر هەبێت ئەوە قازانجێکی گەورە دەکەیت و لە زیانێکی گەورەش قوتار دەبیت، ئەگەر نەشبێت ئەوە تۆ تەنها زیانێکی بچووکت لێ کەوتووە.

 

ئێستا نۆرەی من بوو قسە بکەم، وتم: پێی لێدەنێم زۆر بە جوانی گرەوەکەی پاسکاڵت روونکردوە، بەڵام با قسەکانت کورت بکەمەوە و لە خشتەیەکدا رێکی بخەم، بۆ ئەوەی بتوانم لەبارەیەوە بدوێم. خشتەکە بەمجۆرەی خوارەوە دەبێت.
 بەپێی ئەم خشتەیە و ئەو قسانەی تۆ کردت: ئەگەر خوا هەبێت ئەوە تۆ قازانجێکی زۆر دەکەیت و منیش زیانێکی زۆرم لێدەکەوێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر نەبێت ئەوە من جگە لە قازانجە کاتییەکەی ژیانی دنیا، هیچم دەست ناکەوێت و تۆش زیانێکی ئەوتۆ ناکەیت، بەمەش بژاردەکەی تۆ باشترە لەوەی من.
فەرهاد سەری رەزامەندی لەقاند و منیش بەردەوام بووم:
بێگومان ئەگەر مەسەلەکە رێک بەمجۆرە بێت، ئەوە من پێی لێدەنێم دۆڕاوم، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە سیناریۆ نموونەییەکەی تۆ شانسێکی زۆری نییە بۆ ئەوەی دروست بێت. فەرهاد چاوەکانی زەق بوونەوە و بە حەپەساوییەوە پرسی: چۆن؟
من تێهەڵچوومەوە: گوێبگرە فەرهاد، من نامەوێت تۆ پەشیمان بکەمەوە لە باوەڕەکەت؛ ئەم گفتوگۆیەش خۆت داتمەزراند و رۆڵە خراپەکەشت دا بە من و بێ هیچ بەڵگەیەک منت لە خانەی بێباوەڕاندا دانا، بەڵام قەینا، ئەگەر هەست دەکەیت لەبەرت گران دەبێت دەتوانین لێرەدا کۆتایی پێ بهێنین و لەسەری نەڕۆین.
فەرهاد حەماس گرتبووی، هەستم کرد زۆر بە دڵنیاییەوە دەدوێت، پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی درێژە بە بابەتەکە بدەین و منیش مەرجم لەسەر دانا کە بێلایەنانە قسە بکەین؛ واتە تەنها لەبەر ئەوەی ئەو باوەڕی بە دینێکی دیاریکراو هەیە(لە حاڵەتەکەی تۆدا مەسیحییەت)، ئەو ڕازی بوو و منیش بەردەوام بووم.

 

 

 

 

پرسیارم لێکرد: 
_ جارێ لە سەرەتادا پێم بڵێ، ئەو خوایەی تۆ دەڵێیت هەیە، کام خوایەیە؟
_ مەبەستت چییە؟ بێگومان خوای ئاسمان، یان وەک ئێوەی موسوڵمان دەڵێن، خوای دینە ئاسمانییەکان.
_ بڵێ دینە ئیبراهیمییەکان، چونکە هەموو دینەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بە ئاسمانەوە هەیە. ئاهورامەزدای زەردەشتییەکانیش لە ئاسمانە، ملیۆنەها خوایەکانی هیدووەکانیش هەموویان لە ئاسمانن. لە راستیدا زەحمەتە خوایەک بدۆزیتەوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەسەر زەمین نیشتەجێ ببێت.
_ زۆر قووڵی مەکەرەوە با لەسەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە، یان وەک تۆ دەڵێیت ئیبراهیمییەکە بوەستین، خۆ هەرسێکیان یەک خوایان هەیە.
_ جارێ سیان نین، بەڵکو چوارن، دینی بەهاییشیان لەگەڵدایە. ئینجا نەخێر هەر دینەیان خوای خۆی هەیە.
_ وانییە، ئەمە ناچێتە ئەقڵمەوە.
_ ناچێتە ئەقڵی تۆوە بەڵگە نییە بۆ ئەوەی بە هەرسێکیان یەک خوایان هەیە. سەیری جووەکان بکە، یەهوە خۆی راشکاوانە بە گەلی جوولەکە دەڵێت: من خوای تایبەتی ئێوەم و نابم بە خوای کەسی تر و ئێوەش نابێت لەپاڵ مندا هیچ خوایەکی دیکەتان هەبێت.
_ دەی خۆ یەهوە خوای ئێمەشە.
_ بڕۆ بۆ حەلاوی باس بکە، جوولەکەکان لە ئێوە کۆنترن و پێش ئێوە یەهوەیان دۆزیوەتەوە. فەقیر ئەوان تا ئێستاش چاوەڕوانی مەسییا(مەسیح)ن بێت و بڕوا بە یەسوعەکەی ئێوە ناکەن.
_ ...
_ بەشێک لە ئێمەی موسوڵمانیش پێیانوایە ئێوە یەک خوا نا، بەڵکو سێ خوا دەپەرستن.
_ ئاخر ئەمە بەدحاڵیبوونە، با بۆت روون بکەمەوە.
_ بۆم روون مەکەرەوە، باسەکەمان ئەمە نییە. کورە تۆ ئەڵیی چی! ئێمەی موسوڵمانیش کە خواکەمان ناوی ئەڵڵایە، ئەوەندە ناکۆکین لەسەری دەڵێیت هەر تایفەی ئەڵڵای تایبەتی خۆمان هەیە!
_ چۆن؟
_ لای ئەهلی سوننە لەو دنیا رۆژانی هەینی باوەڕداران خوا دەبینن، بەڵام لای شیعەکان خوا بە هیچ جۆرێک و لە هیچ جێگایەک نابینرێت.
_ ئەوە کێشەیەکی ئەوتۆ نییە.

 

دەی ئەم رەخنەیە بەتایبەتی ڤۆڵتێر پێداگریی لەسەر کردووە و دەڵێت ئەم گرەوە، واتە ئەم میتۆدەی پاسکاڵ لە گەمەیەکی منداڵانە دەچێت و هیچ ناسەلمێنێت. هەر زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت: ئەمە هەر خۆی جۆرێکە لە قومارکردن، نەک باوەڕداریی

 

_ باشە، هەر لە ئەهلی سوننەدا: لای سەلەفییەکان خوا دەست و قاچ و چاو و شتی وای هەیە؛ ئەشعەرییەکان دەڵێن: ئێمە ئەم باسە ناکەینەوە و لەسەری ناڕۆین، چونکە خوا لە وەسفی خۆیدا دەڵێت «هیچ شتێک لەو ناچێت. الشوری: ١١»، هەندێک دەڵێن ئەوانەی هەیە بەڵام وەک هی ئێمە نین، موعتەزیلەکان دەڵێن: «بەهیچ جۆرێک ئەوانەی نییە». خەمت نەبێت حاڵی ئێوەش لە ئێمە باشتر نییە. ئێمە سەد و ئەوەندە فیرقەین، ئێوە زیاتر لە دوو هەزار فیرقەن.
_ باشە! بەس ئەم قسانە چ پەیوەندییەکیان بە باسەکەوە هەیە؟
_ هەیەتی! چونکە ئەگەر تۆ مردیت و پاشان زیندووبوویتەوە و بۆت دەرکەوت خوای جوولەکەکان خوای گەردوونە، ئەوە لە کوردەکەی هەردوو جەژن دەبیت. دەبینیت مەسەلەکە هەروا ئاسان نییە، یانی ئاوا فیفتی فیفتی نییە، بەڵکو بوونی خوا جۆراوجۆرەکانی هەزاران هەزار دینی سەر زەوی، سەرئێشەیەکی گەورەت بۆ دروست دەکات.
_ کاکە ئەمەی پێناوێت، یەک خوا هەیە و تەواو، کە خوای هەموو مرۆڤایەتییە!
- ئەویش تێکەڵەی مەسیح و باوکی ئاسمان و رۆحی قودسە؟
_ بەڵێ.
_ دەی لای ئێمە ئەوە کوفرە، بگرە لەناو ئێمەدا تایفەگەلێکی زۆر هەن، ئێوە هەمووتان بە کافر دادەنێن.
_ تۆش!
_ نا، تۆ خۆت چاکم دەناسیت، من گاپەرستێکیش بە کافر دانانێم، چونکە قەناعەتی تەواوم بەوە هەیە بڕیاری لەمجۆرە لە دەستی مندا نییە، هەر قسەیەکیش بکەم، هەڵەت و پەڵەت زیاتر هیچی تر نییە.   
_ ...

 

 

_ ئینجا گرفتی تریش هەیە، تۆ گرەوێک دەکەیت کە هەست دەکەیت ئەنجامەکەی بۆ خۆت باشە؛ بەڵام ئەمە گرەوە، نەک سەلماندنی بوونی خوا، کە تەلەفونت بۆ کردم وتت (کاندیدی ڤۆڵتێر) دەخوێنمەوە. دەی ئەم رەخنەیە بەتایبەتی ڤۆڵتێر پێداگریی لەسەر کردووە و دەڵێت ئەم گرەوە، واتە ئەم میتۆدەی پاسکاڵ لە گەمەیەکی منداڵانە دەچێت و هیچ ناسەلمێنێت. هەر زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت: ئەمە هەر خۆی جۆرێکە لە قومارکردن، نەک باوەڕداریی.
قسەی ترمان زۆر کرد، وەک وردبوونەوە لە باوەڕی ساختە، سادەکردنەوەی زیاد لەپێویستی پرسەکە، رەچاوکردنی مەسەلە ئاکارییەکان، بەڵام ئەگەر ئەوانە هەمووی باس بکەم، بەرپرسی ئەدەب و هونەر ناڕەحەت دەبێت و دەڵێت: لەیەک لاپەڕەدا جێگەی ئەو هەموو قسە و باسە نابێتەوە.

 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان