نەتەنیاهو بۆ ماکرۆن: بەهەموو شێوەیەک دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەوەستینەوە

07:51 - 2025-04-15
جیهان
45 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بەهەموو شێوەیەک دژی دامەزرانی دەوڵەتی فەلەستین دەوەستینەوە و مەترسی تیرۆر زیاد دەکات، لە بەرامبەردا سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت ، پێویستە سەرجەم دەروازەکان بەرووی هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە بکرێنەوە.

لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەین، چونکە دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ تیرۆر.

نەتەنیاهو بە سەرۆکی فەرەنسای راگەیاندووە، تا ئەمڕۆ هیچ لێپرسراوێکی فەلەستین بە دەسەڵاتی فەلەستینیشەوە، روداوی 7ی ئۆکتۆبەری ئیدانە نەکردووە، هەروەها فەلەستین دەیەوێت ئیسرائیل لەناوبچێت و پشتگیری ئەو لایەنانە دەکات کە دژایەتی وڵاتەکەمان دەکەن.

لە بەرانبەردا ئیمانیول ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا لەگەڵ نەتەنیاهو، رایگەیاند، ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ ئێستا پێویستە و جەختیشیکردەوە دەبێت حەماس چەک دابنێت.

راشیگەیاند، کردنەوەی هەموو دەروازەکان بەرووی هاوکارییە مرۆییەکان پێویستیەکی بەپەلەیە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی کەرتی غەززە، ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت دۆخی نالەباری دانیشتوانی مەدەنی لە غەززە کۆتایی پێبێت.

 سەرچاوەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتی فەڵەستین ئاشکرای کرد، ماکرۆن سەرۆکی فەلەستینی ئاگادارکردەوەتەوە، فەرەنسا بە جددی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان