ئا: محەمەد رەزا
محەمەد عەبدولڕەحمان
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
وێنە و توانج
ئەو بینایەی لە وێنەكەدا دەیبینن، زیاتر لە 10 ساڵە بۆ قوتابخانە لە گوندی داریكەلی دروستكراوە، بەڵام لەلایەن پەروەردەی رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی وەرنەگیراوە و هێشتا خوێندکار نەچووەتە ناو پۆلەكانییەوە بۆ خوێندن.
گوندنشینان دەڵێن: بیناکە تێکچووە و خەریکە دەڕوخێت، بەهۆی ئەوەی لەلایەن پەروەردەوە وەرنەگیراوە، گەنجانی گوندەكە نێرگەلەی تێدا دەكێشن، داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەین چاکی بکات و پێداویستییەکانی قوتابخانەی بۆ دابین بکات.
بینایەکی قوتابخانە لە گوندی داریكەلی
داواکاریی گەڕەکی کانی ساردی کۆن لە دەربەندیخان
گەڕەکی کانی ساردی کۆن لە قەزای دەربەندیخان، ساڵی 1963 ئاوەدانکراوەتەوە و زیاتر لە 135 ماڵی تێدایە، دانیشتوانەکەی زیاتر لە 1000 کەسن و داوای خزمەتگوزاری دەکەن.
هاوکار قادر دانیشتووی گەڕەکی کانی ساردی کۆن بۆ کوردستانی نوێ وتی: گەڕەکەکەمان بنکەی تەندروستی تێدا نییە، لەگەڵ گۆڕەپانێکی یاریکردن بۆ گەنجان و داوای دروستکردنیان دەکەین.
وتیشی: سەرەڕای بوونی رووبەرێکی باش زەوی چۆڵ، بەڵام گەڕەکەکەمان باخچەی تێدا نییە و داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەین سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە گەڕەکەکەمان.
گەڕەکی کانی ساردی کۆن لە قەزای دەربەندیخان
گوندنشینانی گامێش تەپەی شارەزوور داوای خزمەتگوزاری دەکەن
گوندی گامێش تەپە سەر بە قەزای سەیدساقە، ساڵی 1947 ئاوەدانکراوەتەوە، زیاتر له 190 ماڵی تێدایە و دانیشتوانەکەی زیاتر له 783 کەس دەبن، گوندنشینان داوای خزمەتگوزاریی زیاتر دەکەن.
نزار ئەسعەد ئەنجومەنی گوندی گامێش تەپە بۆ کوردستانی نوێ وتی: رێگەی سەرەکی گوندەکەمان و سەرجەم کۆڵانەکانی گڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین، هەروەها خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆ، پرۆژەی ئاوی خواردنەوە، بنکەی تەندروستی و گۆرەپانی یاریکردنمان نییە، هەموو ئەوانە خزمەتگوزاری سەرەتایین و داوای دابینکردنیان دەکەین، بۆئەوەی گوندەکەمان چۆڵ نەبێت.
گوندی گامێش تەپە سەر بە قەزای سەیدساقە
کەمیی خزمەتگوزاری لە گوندی مۆرتکە لە دەربەندیخان
گوندی مۆرتکە سەر بە قەزای دەربەندیخانە، بەهاری ساڵی 1991 ئاوەدانکراوەتەوە و زیاتر لە 30 ماڵی تێدایە، دانیشتوانەکەی زیاتر لە 200 کەس دەبن، بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەوە گوندنشینان گلەییان هەیە.
مەجید عەلی ئەنجومەنی گوندی مۆرتکە بۆ کوردستانی نوێ وتی: رێگەوبانی گوندەکەمان خراپە و پێویستی بە فراوانکردن و قیرتاوکردنە، بنکەی تەندروستیمان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پزیشکەوە تائێستا نەکراوەتەوە و داوای دامەزراندنی دەکەین، گوندەکەمان مینی سەردەمی شەڕی عیراق – ئێرانی تێدایە و داوای پاککردنەوەی لەلایەنی بەرپرس دەکەین.
وتیشی: داخستنی رێگەی سەر بەنداوی دەربەندیخان ئاستەنگیی هاتوچۆی بۆ دروست کردوین و گوندنشینانی زیاتر لە 50 گوند داوای کردنەوەی رێگەکە دەکەین، هەروەها داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەنێتە گوندەکەمان.
گوندی مۆرتکە سەر بە قەزای دەربەندیخان
ناڕەزایی گوندنشینانی چەرمەگا لە پیرەمەگرون
گوندی چەرمەگا ئێستا 81 ماڵی تێدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 200 كەسن و پێویستیان بە خزمەتگوزارییە.
سەرخێڵ جەمال دانیشتووی گوندی چەرمەگا بۆ كوردستانی نوێ وتی: شەقامی سەرەكی گوندەکەمان خۆڵە لەگەڵ کۆڵانەکانی و داوای قیرتاوکردنیان دەکەین، گوندەکەمان ئاوەڕۆی نییە، لە کاتێکدا ئاوەڕۆی سندوقی لە ناحیەی پیرەمەگرونەوە دێت لە كۆتایی ماڵەكانی گوندەکەمان کۆتایی پێهاتووە، بۆنێکی زۆر ناخۆشی هەیە و گوندنشینانیش بۆ ئاودێری بەکاریدەهێنن و زیانی بۆ تەندروستی هەیە.
وتیشی: گوندەکەمان پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی نییە، قوتابخانەی گوندەكەمان پێویستی بە چاککردن و تازەکردنەوەیە، هەروەها پێویستمان بە دانانی بلاجکتۆرە لەگەڵ دروستکردنی گۆڕەپانێکی تارتان بۆ یاریکردنی گەنجانمان، داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەین بۆمان جێبەجێ بکەن.
گوندی چەرمەگا ئێستا 81 ماڵی تێدایە
خستنەڕووی داواکارییەکانی گەڕەكی رۆژسیتی لە رانیە
گەڕەكی رۆژسیتی لە رانیە، ساڵی 2009 بەشێكی زۆری لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دروستكراوە، بەشەکەی دیکەی ساڵی 2013 بەجیا دەستیپێكردووە و بە هەیكەلی دراوەتە دەست خاوەنەكانیان، خاوەنی یەکەکان لەسەر ئەرکی خۆیان تەواویان کردووە.
دانیشتوانی گەڕەکەکە دەڵێن: بەهۆی یەکەکانمانەوە قەرزاری سندوقی نیشتەجێبوونین، بەڵام چەندین ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە پارەکە بدەین و ئێستا بڕێکی زۆر سوود چووەتە سەر قەرزەکەمان، داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەین بڕیاری لێخۆشبوون بدەن لەو سوودەی چووەتە سەر قەرزەکانمان، لەبەرئەوەی نەدانەوەی قەرزەکانمان لە کاتی خۆیدا لە کەمتەرخەمیمان نەبووە، بەڵکو بەهۆی خراپیی باری دارایمان بووە.
گەڕەكی رۆژسیتی لە رانیە