ژنە نووسەرێکی رۆژئاوای کوردستان چیرۆك و وێژه‌ی پەروەردەیی بۆ منداڵان دەنووسێت

01:27 - 2025-04-21
دیدار
118 جار خوێندراوەتەوە

دیداری / ئه‌یاز هه‌ركی 

ئەڤین تەیفور ژنه‌ نووسەرێکی دانیشتووی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە، لە ساڵی 1998 لە شاری کۆبانێ لەدایک بووە. دەرچووی زانکۆی کۆبانێیە له‌ زمانی كوردی-دا و ئێستا خوێندکاری ماستەرە، بەرهەم و چیرۆکەکانی بە زمانی کوردیی لاتینی دەنووسێت، گرنگی به‌ نووسینی وێژه‌ی پەروەردەیی منداڵان ده‌دات. تا ئێستا حەوت بەرهەمی منداڵان و لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی لەسەر وێژه‌ی منداڵان هەیە، هەر بەرهەمێکی چەند چیرۆک و هه‌ڵبه‌ستێكی تایبەت به‌ پەروەردەکردنی منداڵان لە خۆدەگرێت.

حەزم لە خوێندنەوەی کتێب بوو
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌ڤین ته‌یفور، نووسه‌ر و چالاكوانی په‌روه‌رده‌یی بواری وێژه‌ی منداڵان له‌ كۆبانێ به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: کاتێک مرۆڤ دەست بەكاری نووسین دەکات، دەبێت پاشخانێكی نووسینی خۆی هەبێت. لە تەمەنی چواردە ساڵیدا حەزم لە خوێندنەوەی کتێب بووه‌، پاشان دەستم کردووه‌ بە نووسینی هه‌ڵبه‌ست و چیرۆکی منداڵان. لە ساڵی 2018 دا بەشداریم له‌ پێشبڕکێی نووسیندا کرد، دواتر دەستمکرد به‌ نووسینی وتار و توێژینەوە، هاوكات چه‌ند به‌رهه‌مێكم به‌ ناوه‌كانی شەش چیرۆکی منداڵان، وێژه‌ی منداڵان و چیرۆکی سیا، بڵاوکردووەتەوە.
وتیشی: له‌ زمانی كوردیدا رێباز و شێوازی جیاواز هه‌ن بۆ نووسین. بۆیە زیاتر گرنگیم بە نووسینی چیرۆک و هه‌ڵبه‌ستی کوردی بۆ‌ منداڵان داوه‌. لە وێژه‌ی منداڵاندا چه‌ند ئاسانكاری هه‌بێت، به‌ڵام چەندین ئاستەنگیش هەن، هەموو کەسێک ناتوانێت لە بواری وێژه‌ی منداڵاندا بنووسێت، چونکە نووسەر دەبێت ئەزموون و خوێندنەوەی هەبێت بۆ منداڵان. وەک ئەوان بیربکاته‌وه‌ و بزانێت زیاتر ئارەزوویان له‌سه‌ر چییه‌؟ پێویستە بزانین چ وشەیەک بۆ منداڵان بەکاربهێنین؟ هەر چیرۆکێک بنووسرێت نابێت کاریگەریی خراپی لەسەر هەستی منداڵان هەبێت، بێگومان ئەمە ئەزموونێکی پێویستە.

 

ئەڤین تەیفور: زیاتر گرنگی بە بابەتی فێربوون و پەروەردە دەدەم، هانی منداڵان دەدەم بە هزری خۆیان چیرۆک بنووسن، بۆئەوەی لە ئایندەیەکی باشتردا بژین و ببنە کەسی رۆشنبیر و نووسەر

تایبەتن بە پەروەردەکردنی منداڵان
سه‌باره‌ت به ‌كار و چالاكییه‌كانی وتی: تا ئێستا حەوت بەرهەمی منداڵان و لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتم لەسەر وێژه‌ی منداڵان هەیە، هەر بەرهەمێکم چەند چیرۆک و هه‌ڵبه‌ستێكی تایبەت بە فێربوون و پەروەردەکردنی منداڵان لە خۆدەگرێت، ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كانم بۆ نموونە، چۆن منداڵان فێر بکەین حەزیان لە خوێندنەوە و فێربوون بێت. هەروەها گرنگی گوڵ چییە لای منداڵان، چۆن بزانین گوڵ و نه‌مام بچێنین و ئاویان بدەین و خزمەتیان بكەین. لە به‌شێكی دیكه‌ی چیرۆکەکاندا باس لەوە دەكەم‌ کە چۆن منداڵان کتێب و کتێبخانەیان خۆشبوێت و كار بۆ بنه‌ماكانی سەرکەوتنیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها لە بەشێکی تردا باسم لەوە کردووه‌ کە نابێت منداڵان کاتەکانیان لە شتی لاوەکییدا‌ بەفیڕۆ بدەن، چۆن منداڵان دەتوانن یارمەتی دایک و باوکیان بدەن و گوێڕایەڵیان بن و خێزانەکانیان خۆشبوێت.
ئه‌ڤین تەیفور باس لەوەش دەکات چۆن منداڵ پشوو درێژ بێت لەگەڵ خێزان و دەوروبەری، هەروەها چۆنییەتی پاراستنی پاکوخاوێنی خۆیان و دەڵێت: چیرۆکەکانم بیرو هزری خۆمن و زیاتر گرنگی بە بابەتی فێربوون و پەروەردەیی دەدەم، هه‌روه‌ها هانی منداڵان دەدەم بە هزری خۆیان چیرۆک بنووسن، بۆئەوەی منداڵانی کورد لە ئایندەیەکی باشتردا بژین و ببنە کەسی رۆشنبیر و نووسەر.

رۆمانێكی تایبه‌ت به‌ منداڵان
ئه‌و نووسەرە‌ وتی: لە ئێستادا سەرقاڵی چیرۆکێکم لە شێوەی رۆمانێكی تایبه‌ت به‌ منداڵان کە ئەمساڵ بڵاویدەکەمەوە، لە داهاتووشدا پلانم هەیە کتێبخانە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ منداڵانی رۆژئاوای کوردستان بکەمەوە، چونکە به‌رهه‌م و نووسینەکانم بەشی منداڵان ناکەن، دەبێت نووسەرانی دیکە بهێنم بۆ فراوانکردنی ئەم پرۆژە گرنگە بۆ دەوڵەمەندکردنی وێژه‌ی منداڵان. بەرهەمەکانم لە رێگەی چەند کتێبخانەیەکەوە دەگەنە دەستی منداڵانی خوێنه‌ری رۆژئاوای كوردستان، هەروەها له‌ شایی و رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا له‌ شاری كۆبانێ بەرهەمەکانم بەسەر نزیکەی هەزارمنداڵی کورددا دابەشکرد‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان