مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: پشتیوانیی خۆمان بۆ رۆژنامەنووسانی وردبین و راستبێژ دووپاتدەكەینەوە

08:07 - 2025-04-21
کوردستان
36 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی سەدو بیست و حەوت ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی كورد و لە کایەی میدیایی کوردستان دەكەین كە   توانیویانە لێبڕاوانە گەشە بەو بوارە بدەن.

ئەگەرچی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی لە سایەی داگیركەراندا  چەندین ساڵی سەختی لە هەڕەشەی داخستن و راوەستان بینیوە، بەڵام  لە پاش راپەرینی ساڵی  ۱۹۹۱ وە  دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی كوردیی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بەخۆوە بینی و خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی  ئازادی بۆ رۆژنامەگەریی و روناكبیری داوە و دروشمی (نان و ئازادی)ی پڕاو پڕ جێبەجێكردووە، هەر بۆیە لە پاش راپەرینەوە لەسەر هەمان دیدی سەرۆك مام جەلال، گشت هەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی  رۆژنامەگەری و یەكەمین رۆژنامەو دامەزراوی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ لە ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتیدا دەرفەتیان بۆ رەخسا و لێرەوە كاروانی رۆژنامەگەری  كوردیی بێوچان پێشدەکەوێت.

هەر لەم یادەدا جارێكی تر پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنووسانی وردبین و راستبێژ و پشت بەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ  دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لە سەرتاسەری كوردستاندا  پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتر  بكرێت و کایەی ئازادیی سیاسی و رۆژنامەگەری بێ بەربەست و کەیسی ناڕەواو هەڵبەستراو هەرگیز تەنگ نەکرێتەوە.
میللەتەکەمان شایانی ئازادیی زیاترە و ئازادی و دیموکراسیش پایەی سەرەکی شانازیمانە بە ئەزموونەکەمانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا.
جارێکی تر پیرۆزە.

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان