لە شنگال، دەرهێنانی کارتی نیشتمانی گرفتی لە بەردەمدایە

11:28 - 2025-04-23
ڕاپۆرت
138 جار خوێندراوەتەوە
هاووڵاتیانی شنگال بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانییەوە زیانیان بەرکەوتووە

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی 


له‌ شنگال، نزیكه‌ی 70 % هاووڵاتیان تائێستا كارتی نیشتمانییان نییه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچەکە نه‌توانن به‌ ئاسانی مامه‌ڵه‌كانی رۆژانه‌یان له‌ فه‌رمانگه‌کانی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ڕێ بكه‌ن.
خودێدا حسێن به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنوونێ به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی ده‌رهێنانی کارتی نیشتمانی لە سنووری قه‌زای شنگال، بەهۆی داخستنی فه‌رمانگه‌کە بووە لە قەزای سنوونێ، بۆ ماوەی شەش مانگ لە ساڵی 2023، بە چەند هۆکارێکی جیاوازی سیاسی.

 

بەڕێوەچوونی کارەکان بەم شێوەیە وادەکات ماوەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی شنگال پێنج ساڵی دیکە بخایەنێت

 
نەبوونی ده‌سه‌ڵاتێکی كارگێڕی به‌هێز
به‌شێك له‌ هاووڵاتیانی شنگال به‌هۆی نه‌بوونی كارتی نیشتمانییه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه،‌ له‌ وه‌رگرتنی قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان و مووچه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی سوودمه‌ندبن.  
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنوونێ دەڵێت: نەبوونی ده‌سه‌ڵاتێکی كارگێڕیی خۆجێی به‌هێز، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی شنگال لە پارێزگای موسڵ و پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی، هۆکارێکی دیکەی نەبوونی کارتی نیشتمانی بەشێکی زۆری دانیشتوانی شنگالە، جگە لە نەبوونی کارمەندی پێویست بۆ راییکردنی مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی.
وتیشی: پێویستە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، بۆ ماوەی چەند مانگێک ژمارەیەک کارمەند بنێرن بۆ ناحیەی سنوونێ، بۆئەوەی مامەڵەی هاووڵاتیان زووتر راپەڕێنرێت، هەروەها داواکارین وەزارەتی ناوخۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات و فەرمانبەر بۆ قه‌زای شنگال دابین بکات، لەبەرئەوەی بەڕێوەچوونی کارەکان بەم شێوەیە وادەکات ماوەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی شنگال پێنج ساڵی دیکە بخایەنێت.
هاووڵاتیانی شنگال بە مانگ نۆرە دەگرن، بۆئەوەی مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی دەستپێبکەن. 
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و بەردەوامیی شەڕی تیرۆر لە پارێزگای نەینەوا، ناوچەکانی شنگال و دوور لە سنوورەکانی هه‌رێمی کوردستان کەوتنە ناو دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنییەوە، هەروەها داگیرکردنی ناوچه‌كه‌ لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە گرفتەکەی ئاڵۆزتر کرد، پاشان بوونی چەندین ئه‌جێندای جیاواز له‌ سنووره‌كه‌، سیستمی كارگێڕی و ئیداریی قه‌زای شنگالی لاواز کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان