رەمزی قوتبەددین

هونەرمەندێك لە (جەمخانە)ی (یارسانان)ەوە بۆ گەلەرییەكانی جیهان

11:40 - 2025-04-24
ئەدەب و هونەر
48 جار خوێندراوەتەوە

عەباس عەبدولڕەزاق

هونەرمەند رەمزی قوتبەددین، لە خێزانێكی هونەری و لەئامێزی دوكانێكی وێنەگرتنەوە بەرەو بەجیهانیبوونی لە بواری شێوەكاریدا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. رەمزیی وەک هونەرمەندێك، پێشمەرگەیەك،  خەباتگێڕێكی زیندان و زیندانییەكی سیاسی، وەک رەچەشکێن و كاریگەر لەسەر هونەری چاپەمەنی لە چاپخانەی (ئیبراهیم عەزۆ)، شایەنی گرنگی پێدانە.
دوای ئەوەی بەشێکی رێكخستنەكان ئاشكرا بوون و كۆمەڵێك لە هاوڕێیانمان دەستگیر كران، ژمارەیەک بەڵگەنامە دەکەونە دەست رژێم و چەند كەسێك دەستبەسەر دەکرێن، یەكێك لەوانە (رەمزی قوتبەددین) دەبێت كە ئەو سەردەمە لە (مالومە) مامۆستا بووە و پەیوەندیی لەگەڵ (جەمالی عەلی باپیر) هەبووە. لە پەروەردەی سلێمانییەوە نامەیەكی بەدەست دەگات تێیدا هاتووە کە دەبێت  سەردانی جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە بكات بۆ كاری پێویست . كاتێ سەردانی دەكات، لەناکاو ئەمنەكان هەڵدەكوتنە سەری و دەیگرن، تا ئەو کاتەی بە لێبوردنی گشتی ئازاد دەبێت . دواتر پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەکات و لە راگەیاندن جێگیر دەبێت، بەتایبەتی لە (چاپخانەی ئیبراهیم عەزۆ)، لەكاتی هێرشەكانی رژێم و پڕۆسەی بەدناوی (ئەنفال)، رەمزی لەگەڵ راگەیاندن دەڕوات بۆ (دۆڵە كۆگی) و دواتر بەرەو سنوورەكان و لە (سەقز) جێگیر دەبێت. بەردەوام بوو لە چالاكی هونەری و چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشی لە شاری سەقز لە (باشگای پیروزی) كردەوە . دواتر لەگەڵ هونەرمەند (هادی چیادینی) پێشانگای هاوبەشیان لە شاری سنە كردەوە لە (گەلەری مەیدانی ئازادی) و گەلەری (خانەی سورە) لە مەیدانی ئینقلاب و مۆزەخانەی هاوچەرخ (موزەی معاصر)، بەشداریی پێشانگە هاوبەشەكانی هونەرمەندانی پێشمەرگەی كردووە، لە وانە: (رێبوار خالید ناسراو بە ئەردەڵان ـ عوسمان و رێبوار سەعید) و چەندین چالاكیی دژی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە.
لێرەوە چیرۆكی ژوانێكی پاریسی دەست پێ دەكات
لە تاران كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی دژی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بەسترا . دواتر هەمان كۆنگرەی نێودەوڵەتی فراوانتر دژ بە كۆمەڵكوژی لە پاریس بەسترا و لەلایەن ئەنستیتۆی كوردی لە پاریس، بە چاودێری (كەنداڵ نزان)، سەرۆكی ئەنستیتۆكە، هونەرمەندە شێوەكارەكان و فۆتۆگرافەرەكان بانگهێشت كران. من لەبەر باری خراپی خێزانەكەم نەڕۆیشتم، رەمزیی لەگەڵ هاوڕێكانی چوون بۆ پاریس، وەك خۆی دەیگیڕێتەوە و باسی دەكات: «من بڕیارمدا بە هونەرەكەم بژیم، بەڵام لە پاریس بەجارێك سەرسام بووم بەو هونەرە، بەڵام لەخۆم دەپرسی چۆن بژیم بەو هونەرە؟ کە رۆشتمە دەرەوە نەمتوانی دەستبەرداری هونەرەکەم ببم، بەڵام کاریکی ئاسان نییە لە رێی هونەرەوە بژیت، چونكە كارێكی هەروا ئاسان نییە تێكەڵ بەو دنیایە ببیت كە لە هەموو گۆشەكانییەوە بۆنی رەنگەكان دێت و لە كۆڵانی فڵچەکانیدا  بە ویقارەوە پیاسە دەكات و لەناو گەلەرییەكاندا دەسووڕێتەوە»
رەمزی بە ناچاریی دەڕوات لە كەمپێكی ئاوارەكان جێگیر دەبێت لە ئان ماری  (Anne-Marie)لەوێ بەڕێوەبەری كەمپەكە لە ژێرزەمینی باڵەخانەكەدا شوێنێكی بۆ دابین دەكات بۆ ئەوەی كاری هونەریی بكات و ژوورەكەی خۆی تێك نەدات . رۆژێكیان پێشنیاری بۆ دەكەن داوای قەرزی بچووك بكات لە كەنیسەیەك بۆئەوەی كەرەستە بكڕێت و كاری هونەری بكات، دواتر هاوكارییەك وەردەگرێت و ئەو ژێرزەمینە دەكاتە جێژوانی خۆی و كۆمەڵێك تابلۆی جوان دەنەخشێنێت. 
کە دواتر ڤیرۆنیک لۆرەنس (Véronique Lorens)  دەبێتە ئەستێرەی خۆشەویستیی جێژوانەکە، بەیانییەكی زوو رەمزی هەڵدەستێ و لە ژێرزەمینەكەی بەناو تابلۆكانیدا دەسوڕێتەوە، بڕیار دەدات هەندێ تابلۆ هەڵبژێرێ و بڕوات بەرەو پاریس . دەكەوێتە رێ و لە گەڕەکی(خۆی بۆزار ) لەنیو گەلەرییەکاندا خۆی دەدۆزێتەوە. بە شەقامەكاندا دەڕوات و بە حەپەساوییەوە سەیری گەلەرییەكانی پاریس دەكات. لە بەردەم گەلەریی فرانسوا گالۆو مریتە (François Galou Mérite) رادەوەستێت، دەڕواتە ژوورەوە، دەبینێت خانمێك لە پێشوازیدایە، جلێكی پیرۆزەیی لەبەردایە و لە پشتی مێزەكەوە پێشوازی لێدەكات. رەمزی پی دەڵێت: «دەتوانم سەیری گەلەرییەكە بكەم؟» ئەویش دەڵێت: فەرموو . دواتر رەمزی پی دەڵێت: بێزەحمەت دەكرێت سەیرێكی ئەم تابلۆیانە بكەیت؟ (ڤیرۆنیک Véronique Lorens) ) سەیری تابلۆكان دەكات، سەرنجی رادەكێشێت، دەڵێت: «فەرموو دانیشە با بە بەڕێوەبەرەكەم بڵێم» ، دەڕوات و پاش كەمێك François Galou Mérite  کە زەلامێكی باڵابەرز و سمێل سوری قەیتانییە خۆی دەكات بەژووردا . بە دەنگی بەرز قسە دەكات و سەیری تابلۆكان دەكات، بەهەمان شێوە تابلۆكان سەرنجی رادەكێشێن و بە ڤیرۆنیک (Véronique Lorens)دەڵێت: «زۆرباشە ئەدرێسی لێ وەربگرە با بڕۆین سەردانی شوێنەكەی بكەین».   ڤیرۆنیک ژێرزەمینەکە شوێنێكی سەیر دەبێت لەلای، لەوێ كۆمەڵێك تابلۆ هەڵدەبژێرێت بۆئەوەی پێشانگایەك بكەنەوە . ئیتر گۆڕانكاری لە ژیانی (رەمزی قوتبەددین) دا  روودەدات و پێشانگاكە دەکرێتەوە. هەموو تابلۆكانی دەفرۆشرێن و رەمزی پەیماننامە لەگەڵ گەلەرییەكەدا دەبەستێت كە ساڵانە چەند پێشانگایەكی بۆ بكەنەوە. لێرەوە چیرۆكی خۆشەویستیی رەمزی و ڤیرۆنیک دەست پێ دەکات و گەلەرییەکە دەبێت  بە جێژوانێكی پاریسی بۆ هەردووکیان .
 
ڤیرۆنیک(Véronique Lorens) و  خەونی رەنگاڵەیی: 
دوای ئەوەی پێشانگاكە تەواو بوو، ڤیرۆنیک(Véronique Lorens)، لەگەڵ رەمزی دەدوێت و پێی دەڵێت: «تا ئێستا هیچ هونەرمەندێك بەمشێوەیە تابلۆی نەفرۆشراوە، تۆ شارەزای دیوی پشت گەلەرییەكان نیت، ئاگات لێ بێت خەڵكی خراپ زۆرن فێڵت لێدەكەن» . رەمزی پی دەڵێت: «من پارەیەكم بە قەرز وەرگرتوە لە كەنیسە و دەبێت بیدەمەوە و نەختێ زیادی بكەم»
 ڤیرۆنیک (Véronique Lorens) لەو كاتەدا هەست دەكات خەریكە لە رۆحەوە لەگەڵ رەمزی ئاوێتە دەبێت. رەمزیش وا بیردەكاتەوە ئەمە یەكەم كەسە دەتوانێت بە ئاسایی قسەی لەگەڵ بكات و پێی دەڵێت: «دەتوانین پێكەوە قاوەیەك بخۆینەوە؟»، كاتەكان گوڵباران دەكرێن و چەندین پێشانگا بۆ رەمزی دەكرێنەوە . بڕیار دەدەن لەگەڵ François Galou Mérite  قسە بكەن، ئیدی قاوەخانەكە یەكەم جێژوانی پاریسی دەبێت و دواتر گەڕەكی (خۆی بۆزار)  و گەلەری فرانسوا كالۆی François Galou Mérite ، ئێستا هونەرمەندی کورد رەمزی قوتبەددین و و ڤیرۆنیک (Véronique Lorens) پێكەوە دەژین و دوو كوڕیان هەیە .
لام مەبەستە ئەم نوسینە لە كوردستانی نوێ دا بڵاو ببێتەوە، لەبەر ئەوەی یەكێتی دەبێت شانازی بە هونەرمەندێكی جیهانی وەك رەمزی ییەوە بكات، كە لە ناخی خەباتی شاخ و رۆژانی سەختدا پێشمەرگەیەکی شاخ و تێكۆشەرێكی رێکخستنەکانی بووە، زۆر بەداخەوە ئێستا كەس نایخوێنێتەوە، لە کاتێکدا کە وێرای ئەوەی زیندانی سیاسیش بووە ناوی لە هیچ لیست و شوێنێكدا نییە، جێگەی سەرسوڕمانە کە رەمزی وەک پێشمەرگەیەکی دێرین و هونەرمەندێکی ناسراویش ناوی لە هیچ شوێن و لیستێکدا نییە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان