عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(1-2)
چەمكی جوانی، لە شارستانیەتی یۆنانەوە پەڕیوەتەوە نێوشارستانیەت و كەلتوری گەلانی دیكەوە، بەڵام هەتا ئێستا هزری مرۆڤایەتی پێوانەیەكی دیاریكراوی بۆ جوانی نییە، رەنگە هەرواش بمێنێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرنەدا جوانی لەگەڵ نەرمی تەواو هاوئاهەنگە، نەرمی وەك هۆکاری سەرەکیی چێژ، وەک پێکهاتەیەکی جوانیی بینراو ئەژمار دەکرێت. بەو مانایەش نەرمی لەوێوە بۆ چێژوەرگرتن گونجاوتر دەردەكەوێت، كە هیچ بەرگرییەک نیشان نادات.. بەڵام ئەو شتانەی بە زبر و تووند و تیژن، ئەندامەکان دەڕووشێنن، دەبنە هۆی ئازار و برینداركردن... ئەوەش دەبێتە هۆی گرژبوونی تووندوتیژ، یان گرژبوونی ریشاڵی ماسولکەکان. نەرێنیبوونی ئازار هەستی جوانی تا رادەیە تووندی لاواز دەکات، جوانی کەم دەکاتەوە.
سرودی جوانی
لەنێو چاوانتەوە، هەم ئاوابوونی خۆر
هەم سەرهەڵدانی كازیوە بەدی دەكرێن.
وەك رەشەبای ئێواران
بۆن و بەرامە دەپڕژێنی
ماچت شەرابی عیشقە و
زارت هەر چەشنی گۆزەیە
قارەمان، ترسنۆك و منداڵانیش
بوێر و ئازا دەكەی.
پێم بڵێ تۆ لە كەندڕانەوە بەرز دەبیتەوە
یان لە هەسارەكانەوە دادەبەزی
(بۆدلێر)
بیۆنگ -چول هان
فەیلەسوفی (ئەڵمانی بە رەگەز کۆریای باشوور) بیۆنگ -چول هان (لەدایکبووی 1959/ سیئۆل)، مامۆستای زانکۆی هونەرەکانە لە (بەرلین)، بە هۆی توێژینەوە و وتارە سەرنجڕاکێشەکانییەوە لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا بە یەکێک لە رەخنەگرە هەرە وردەکانی(سەرمایەداری دیجیتاڵ) دادەنرێت. لە كۆی رەخنەكانیدا جەخت لەسەر چەمكی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ و زستانی شارستانیەت و ژیانی ساتەوەختی پچڕ پچڕ و لاوازكردنی پەیوەندیی راستەقینە و چێژی هونەری و جوانی.. دەکاتەوە. بیۆنگ -چول هان لە رێگای کارکردنی لەسەربیری رۆمانتیکی ئەڵمانی و فەلسەفەی رۆژهەڵاتی، ئاماژە بەدەرفەتی جێگرەوە دەکات. هەرچەندە دەستنیشان کردنەکانی هەندێجار رەها دەردەکەون! بەڵام کارەکانی تێڕوانینی بەنرخ دەربارەی کۆمەڵگای ماندوو (پڕتوكاو) پێشکەش دەکات.
پرسیاركردنی ئهمڕۆ بۆ ژیان زیاد له ئاستی خۆی مردووین، بۆمردنیش زیاد له ئاستی خۆی زیندووین.. ناڕاستەوخۆ پرسیارێكە لەسەر چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ.. پرسیارێكە لەبارەی زستانی شارستانیەت و خۆشەویستی و جوانی و چێژی ئەدەبی و هونەری. ئەمڕۆی(کۆمەڵگای دەستکەوت) لەسەرخودی ئەرێنی کار دەکات، لەسەر دەنگی بەردەوامی ناوەوە، کە دەڵێت «تۆ دەتوانیت» لە جیاتی «تۆ دەبێت» ئەوەش ئازادییە دژ بە ئازادی، کە مرۆڤ زیاد لە پێویست ماندوو دەکات، نەک رزگار بکات. چونکە دەبێ تاکەکان لەسەر ژیان بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ خۆیاندا بکەن.
دڵی جوانی شكاوه
ئاسمان دیار نییە، هەتا وەك (ئیمانۆیل كانت) باس لە ئهستێرهكانی بكەین. یاسای مۆڕاڵیش لهسهر كورسی لهناوەوەی منی ئاقڵدا دیار نییە. له دەرەوە لە ههموو لایهكهوه بە(گرتەی نزیك)دیمەنەكان رووناك دەكرێتەوە. ئیتر رۆحی هیگڵی و ئهقڵـی كانتی دژ به كارهسات و بهرانبهر به دهرهوه رۆڵیان تەواوبووە. (جوانیی سروشتی) لە بهرانبهر گرتەی ژیانی لەناكاوی «تۆ دەتوانیت» به دڵشكاوی دهردهكهوێت.
(تیۆدۆر ئادۆرنۆ) دووبارە ژیان بە بەر جوانی سروشتیدا دەكاتەوە و دەڵێت: نهفی شكاو، بەردەوام دروستكهری جوانییه. بێ ئهونهفی شكانه، جوانی لاواز دهبێت، بەڵام ئهو فۆرمه(ئادۆرنۆ)ییە بێ بهری نییه له نێودژی، چونكه یهكێتی ئهو فۆرمه له لایهن ئەوی دیكەی جوانییەوە تێكدەشكێت. بەو مانایەی بەردەوام دڵی جوانیی دەشكێت.
ئەی جوانی، تۆ لە بەرزایی
ئاسمانەكانەوە دێیتە خوارێ
یان لە قووڵایی خەرەندانەوە؟
سیمات هەم دۆزەخین و هەم یەزدانی
لە هەمان كاتدا، خێر و تاوان
تێكدەچڕژێنی
بۆیە دەشێ بە شەرابت بچوێنین...
ئەی جوانی!
گاڵتەجاڕانە بەسەر لاشەی مردواندا
گوزەر دەكەی
خشڵی سامناكییەكانت بێ ئەفسوون نین
ئەی شەمی شەوان،
پەپوولە بەرەو تۆ دەفڕن
باڵەكانیان هەڵدەكڕووزێن و دەڵێن:
ستایشت لێ بێ ئەی چرا!
عاشقی سووتاو شۆڕبۆتەوە
بە سەر مەعشووقدا
رۆحی لە ترپە ترپ دەكەوێ و
نەوازش لەگەڵ گڵكۆ دەكا
(چەند كۆپلەیەك لە سرودی جوانی-
گوڵی خراپە، شارل بۆدلێر، ئاراس، هەولێر، 2001. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: ئەحمەدی مەلا).
لە (گوڵهكانی خراپه)ی بۆدلێردا له سرودی (ئاوازی جوانی) جوانی كارهساتێكه كه رێكخستنی ئهستێرهكان دهشێوێنێت. جوانی ئهو مهشخهڵهیه پهپووله خۆی لێ نزیك دهكاتهوه و باڵەكانیان گڕدهگرێت. مهشخهڵ و گۆڕ(لە زمانی فەڕەنسی) لهگهڵ یهكد اهاوسهروان، جوانی به هەمان شێوهی مهشخهڵ لهسهر گۆڕیش ههڵكۆڵراوه. نهفیبوونی كارهسات، چركهساتی جوانییه. جوانی ،ئێمه له ترس دهپارێزێت، بهڵام له ههمان كاتدا ترس له رێگای جوانییهوه دهدرهوشێتهوه. جوانی وێنه نییه، بهڵكو پهردهیهكی نمایشه. (بڕوانە جوانیناسی كارەسات، بیۆنگ- چول هان. له فەڕهنسییهوه: فازڵ مهحموود، كردوویە بە كوردی. سایتی ژنەفتن، 19ی نیسان، 2021).
بە گشتی جوانی لە ئەرێنیدایە، هۆکاری سەرەکیی چێژوەرگرتن لە ئەرێنیدایە، لە ئارەزووكردنی خواردن دایە، بەو مانایەش چەمكی ئەرێنی وەك بە بەشێکی دانەبڕاوی جوانی، مەعریفە دەگەیەنێت، وەك چۆن خەیاڵ و تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بەشدارن. لەوێشەوە وەك یارییەكی ئازاد و جیاواز بەسەر جوانیدا دەكرێنەوە و رۆڵی خۆیان لە چاوەڕوانی جوانیدا وەك زانین و كردار دەگێڕن.. بە دیوەكەی دیكە رەنگە جوانی لەسەرخۆی مەعریفە بەرهەم نەهێنێت! بەڵام میکانیزمی جووڵەی مەعریفی دەپارێزێت. هەر بەو مانایەش خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، کاتێک خود رووبەڕووی جوانی دەبێتەوە، عاشقی خۆی دەبێت. كەواتە جوانی هەستێکی ئیرۆتیکییە، نەك هەستکردن بەشتەکان، هەستکردنە بە خۆی. چێژ لە جوانیدا چێژە لە خودی خۆیدا. چەمكی خود، وەک (ئیمانۆیل کانت) بیری لێکردۆتەوە، بەردەوام خۆی هەڵدەگرێت بۆ خۆی. هەرگیز خۆی لەدەست نادات، هەمیشە خۆی لە دەستێوەردانی دەرەکی دەپارێزێ و كار بۆ خۆبوونی ئۆتۆماتیکی دەكات. لێرەوە ئادۆرنۆ لە (جوانیناسی)یەکەیدا جەخت لەسەر توخمە ئۆتۆ-ئیرۆتیکەکە دەكاتەوە، بەو مانایەی كە هیچ شتێک نەتوانێ ببێتە هۆی رووشاندنی. بەڵام ئایا چێژ لەجوانیدا، چێژی خودە لە خۆیدا؟ جوانی دەستبەجێ دڵخۆشمان دەكات، بەڵام هەستیاری دەستبەجێ نابێتە هۆی هەستکردن بەدڵخۆشی، چونكە دەكەوێتە دەرەوەی خەیاڵ و مەعریفەوە بۆ نموونە: هەستكردن بە ئازار یان ناڕەحەتی، ترس لە مردن. سروشت لە بێدەنگی خۆیدا بەشێكی گەورەی جوانی هەڵگرتووە، كە ئامانجی ئەوە نییە لە رێگای دەنگدانەوەی «واو چەند جوانە»بەرجەستەی بكەیت. لەو حاڵەتەدا «واو چەند جوانە» جۆرێکە لەسووکایەتیکردن بەو بێدەنگییەی بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، كورتكردنەوەی تێگەیشتنی جوانییە بۆ تەنیا وشە-دەنگ...سروشت لە بێدەنگی خۆیدا جوانی دەنوێنێ و بە تەواوی خۆی لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەخاتەوە. هەمیشە جوانی سروشتیی بە داخراوی دەمێنێتەوە! جوانی سروشتی خۆی لەهەر هەوڵێکی پێناسەکردن دەدزێتەوە. پەیوەندییەکی جەوهەریی لەگەڵ مۆسیقادا هەیە.
ئەوەی لە سروشتدا دەدرەوشێتەوە لەو ساتەدا نامێنێت کە هەوڵی گرتنی دەدەیت! بەو مانایەش جوانی سروشتی بەپێچەوانەی (جوانی دیجیتاڵی)یەوە وەستاوە. جوانی دیجیتاڵی بەتەواوی نەرێنی ئەوی دیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە، جوانی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ رۆح پێکدەهێنێت، کە رێگا نادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەوی دیكە بێتە ژوورەوە... بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە.
جوانی سروشتی خۆی لە پێناسەكردن و بەکاربردن دوور دەخاتەوە، بەڵام جوانی دیجیتاڵی جیهان بۆ تۆڕێکی فرەچەشنی یەکگرتووی کۆنترۆڵكراو دەگۆڕێ و لەناو فەزای رووت و نەرم و ئەرێنی بینراوی سەرسوڕماودا، درێژ دەبێتەوە. كەواتە جوانی سروشتی كراوەیە و جوانی دیجیتاڵی كۆنترۆڵكراو... پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا جوانی شاراوەیە، یان رووت؟
شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە، بۆیە ناتوانرێت بەرگەکەی لێ بکرێتەوە، یان پەردەی لەسەر لابدرێت. بە زەحمەت دەرخستنی جوانی، بەشێکە لە سروشتی جوانی خۆی، ناشێ رووتی بكەینەوە و سەرپۆشەكەی لەبەر داماڵین، جوانی لە شاردنەوەی خۆیدا جوانە و لە بنەڕەتدا جوانی تەمومژاوییە. جوانبوون بەتەواوەتی واتە شاردنەوە.. لێرەوەیە (ڤاڵتەر بنیامین) رەخنەی هونەری بە تیۆری شاردنەوە ناودەبات. واتە ئەرکی رەخنەی هونەری، پەردە لادان لە بەرهەمی هونەری نییە، بەڵكو ئەوەیە، وردتر هونەر لە پشت پەردەكەی خۆیەوە بناسێتەوە، ئەوەیە کە دوور لە هاوسۆزی درۆ و دیدگای بێ هەڵوێست، جوانی ببینێ! وەک نهێنی وردتر چاودێری دەرکەوتنی دیدگای راستەقینەی جوانی بكات.. چونكە بەرهەمی هونەری راستەقینە جگە لەو شوێنە نەبێت کە بە نهێنی خۆی تێدا دەنوێنێ، ئەگینا لە هیچ شوێنێكی دیكە خۆبەدەستەوە نادات. كەواتە رەخنەی هونەری لە كۆی پەیوەندییەكانی لە كار بە شوێنەوە، یان بە كەلتورەوە دەكۆڵێتەوە.
جوانی بابەتێکە هەمیشە درەنگ دێتە پێشەوە. كەواتە شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە. چونكە جوانییەکان بە هیچ شێوەیەکی تر جیا ناکرێنەوە. وەك ئەوەی بینینی جوانی نهێنی بیت، هەمیشە ناسینی جوانی لە دۆخی شاراوەی خۆیدایە. بەو مانایەش پەردە گرنگترە لەو بابەتەی كە شاراوەتەوە. پەردە خەیاڵی دەقیش دەوروژێنێت. دەستەواژەی وزەی ئیرۆتیکا و چێژی ئیرۆتیکیی دەق جیاوازە، لە چێژی رووتی جەستەیی کە لە پەردەلادانی وردە وردەدا دەردەكەوێت، یان راستەوخۆ دەردەكەوێت. وزەی ئیرۆتیکی جۆرێکە لە دیاردەی پەیوەست بە شاردنەوە، كە پۆڕنۆگرافی راستەوخۆ لەناوی دەبات. وزەی ئیرۆتیکی لە وەسوەسەوە بۆ خۆشەویستی، پاشان بۆ ئارەزوو، دەستبازی، پاشان سێکسییەت هەنگاو دەنێت. پۆڕنۆگرافیا نوێنەرایەتی کۆتایی رەهای رووتی دەکات.
جوانی سروشتی بە پێچەوانەی (جوانی دیجیتاڵی)یەوە وەستاوە، جوانی دیجیتاڵی بەتەواوی نەرێنیی ئەوی دیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە، جوانی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ رۆح پێکدەهێنێت، کە رێگانادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەوی دیكە بێتە ژوورەوە... بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی کە هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە
بە بڕوای (رۆڵان بارت) لە ئیرۆتیكادا پەردە بەشێکی سەرەکی لە ورووژاندنی سێكسیی پێكدەهێنێ. واتە سێکسیترین بەش لەجەستەدا ئەو شوێنەیە کە لە كەلێن- شەق- كرانەوەی جل و بەرگدا دەردەكەوێت. كۆی ورووژاندنی سێكسی لە ئیرۆتیكدا لە خەونێکی هەرزەکارانە دەچێت، ئەو پەیوەندیی و سۆزدارییەیە کە خۆشەویستی پێشکەشی دەکات، وەسوەسەی زانین... ئارەزووییەكە بەبێ بوونی واقیعێکی راستەقینە لە خەیاڵدا گەمە دەكات، وزەی ئیرۆتیكی سیحرێكە لە پشت پەردەکانەوە بۆ ئەو خەیاڵە راتدەكێشێ.
ئیمانۆیل کانت، لە لێدوانێکدا لەسەر شیعری (هۆڵدەرلین)دەنووسێت: سروشت لە رێگای فۆرمە جوانەکانییەوە قسە دەکات و ئەو دیارییەی پێبەخشیوین، کە نووسینی نهێنی لەناوهەستی ئەخلاقیماندا شیبکەینەوە. لێرەدا كانت فۆرمی جوانی بە نهێنی و نهێنی بە هەستی ئەخلاقییەوە دەبەستێتەوە.. ئەومەبەستە پێویستی بە هێزێکی خەیاڵی هەیە، توانای خەیاڵکردنی ئەو بیرۆکە ئەخلاقیانەی هەبێت، کە لە رەوتی پرۆسەی پەروەردەی پێشکەوتوودا بەدەستیان هێناوە. بەپێی ئەو کارەکتەرە ئایدیاڵەی کە جوانی لەخۆی دەگرێت، کانت باس لە جوانی وەک ئەخلاق و باس لە ئەخلاق وەک جوانیناسی دەکات. بەو مانایە جوانی پەیوەندی بە یاساکانی پەیوەست بەجۆرە هونەرییەکانەوە هەیە.
جوانی ئیرۆتیكی پەیوەستە بە هێزی خەیاڵ و سۆز و ئارەزووی سەرسوڕهێنەر و خۆشەویستی و شۆکەوە، بەڵام جوانی پۆڕنۆگرافی سەر بە فۆڕمی راکێشان و لایكە، هیچ شۆكێكی تێدا نییە. یەكەمیان دوور بە دوور بێ ئەندازە حەزی بینین دەورووژێنێ، حەزی بینین قووڵ دەكاتەوە، رامان و چڕبوونەوەی تێیدایە، وێنەكە دوورە تا جارێکی دی بیری لێبکەمەوە، سەرەڕای روونییەکەی تا ماوەیەک خۆی ئاشکرا ناکات. یان بە مانایەكی دیكە تا نەتخاتە حاڵەتی ئارەزووكردن، تا شۆكت نەكات، خۆی ئاشكرا ناكات.
بەڵام پۆڕنۆگرافیا وێنەیەكی فۆتۆگرافی نزیك و پۆلێشراو و شەفافە، هیچ درزێک و ناڕوونییەکی تێدا نییە، هەموو شتەكان بەرەو دەرەوە دەگۆڕێت و نمایشی دەکات، هیچ بڕە تایبەتمەندی و شاردنەوە و نهێنییەك لەخۆ ناگرێت، بە تەواوی تایبەتە بە نمایشکردنی تەنها یەک شت: سێکس! هیچ بابەتێکی چاوەڕواننەکراوی دیكەی نییە، کە بێتە سەر ئەوەی شتێک دوابخات ،یان سەرقاڵ بکات.. بەو مانایە پۆڕنۆگرافیا- رووتی راستەوخۆ و قێزەونە، هیچ شتێکی مانادار و شاراوە ناپارێزێت، بەڵكو لەبری ئەوە ماناكان رادەست دەکات، بۆ ئەوەی كات بە فیڕۆ نەدات و لە نزیكەوە و لە هەموو رووییەكەوە نمایشی خۆی بکات.
كەواتە ئیرۆتیک جیاوازە لە پۆرنۆگرافی، چونکە یەکەمیان پەنا بۆ دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و بازنەیی هەست و رامان و ئارەزو ودەبات. پۆرنۆگرافی دەستبەجێ ییە، هیچ چڕییەکی سیمیۆلۆژیی تێدا نییە، خاوەنی هیچ شتێک نییە، کە بتوانرێت بکرێتە ئامانج، بەڵكو بابەتێکە بۆ (لایك- واتە من حەزم لێیە). دواخستن و خاوبوونەوە و سەرلێشێواوی ئامرازی کاتیی ئیرۆتیکن.بەکارهێنانی روون و فریودەرانە، سێكس و ئاماژەکردنی راستەوخۆ بە بابەتەکە، پێکهاتەی پۆرنۆگرافیایە..