بلینكن لە ئەفریقایە

11:17 - 2022-08-08
جیهان
609 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی باشووری ئەفریقا، گەیشتنی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بۆ وڵاتەكەیان راگەیاند ‌و بڕیاریشە سەردانی هەریەك لە كۆنگۆی دیموكراتی ‌و رواندا بكات. 
لە سەردانەكەیدا، بلینكن لەگەڵ نالیدی باندۆر وەزیری دەرەوەی ئەفریقای باشوور كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی ستراتیژی نوێی وڵاتەكەی پەیوەست بە ئەفریقا روون بكاتەوە. 
سەردانەكەی ئەنتۆنی بلینكن بۆ ناوچەكە، دوای ماوەیەكی كەم دێت لە سەردانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ ناوچەكە. 
پێشتریش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەدابوو: ئەنتۆنی بلینكن دەیەوێت بۆ وڵاتانی ئەفریقای بسەلمێنێت، كە ویلایەتە یەكگرتووەكان رۆڵی سەرەكیی جیۆسیاسی لە ناوچەكەدا هەیە ‌و لە دۆسێ هەستیار ‌و جێبایەخەكانی ئەم سەردەمەدا، وڵاتانی ئەو كیشوەرە هاوپەیمانی گرنگی ئەمریكان ‌و لەگەڵیاندا كاردەكات بۆ پێشخستنی سیستمێكی جیهانیی كراوە ‌و سەقامگیر، بە مەبەستی سنووردانانێك بۆ هۆكارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا ‌و ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراك ‌و پەتا جیهانییەكان. 
لەو كاتەوەی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای وەرگرتووە، ئەمە دووەم گەشتی ئەنتۆنی بلینكن-ە بۆ ئەفریقا ‌و ساڵی رابردووش، سەردانی هەریەك لە كینیا ‌و نەیجیریا ‌و سەنیگالی كرد.
باشووری ئەفریقا لە سەرەتای هێرشەكانی روسیاوە بۆ سەر ئۆكرانیا،  بێلایەنی هەڵبژاردووە ‌و نەچۆتە بەرەی وڵاتانی خۆرائاوا بە ئیدانەكردنی حكومەتی مۆسكۆ، بۆیە ئەمریكا ‌و روسیا دەیانەوێت بیكەن بە هاوپەیمانی خۆیان، لە كاتێكدا ئەو دەیەوێت بێلایەنیی خۆی بپارێزێت. 

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان