شەهیدی نەمر حسام عەبدوڵڵا محەمەد ناسراو بە هاوار گەرمیانی، ساڵی 1958 لە گوندی (خەیاڵ)ی ناوچەی بنكورەی خانەقین لە دایكبووە، دەرچووی قۆناغی ناوەندییە، ساڵی 1978 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی ی.ن.ك و ئەندامێكی چالاك بووە، بەهۆی جموجۆڵە شۆڕشگێڕییەكانییەوە لەلای دەزگاكانی رژێم ئاشكرابووە و راستەوخۆ لە ساڵی 1983دا بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 51ی گەرمیان، دواتر گواستراوەتەوە بۆ تیپی 53ی شێروانە.
وەك كادرێكی سیاسی رۆڵی گرنگی گێڕاوە لەناو هێزی پێشمەرگە و خەڵكی گەرمیاندا، وەك پێشمەرگەیەكی چاونەترسیش بەشداریی لە دەیان داستان و نەبەردیدا كردووە و سێ جاریش بە سەختی برینداركراوە.
بەهۆی ئازایەتییەوە پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە و دوا پلەی سەرپەرشتیاری كەرتی پێنجی حەمرین بووە لە تیپی 53ی شێروانە.
لە سەروبەندی پەلامارەکانی ئەنفالدا یەكێك بووە لەو پێشمەرگە و فەرماندانەی رووبەڕووی سوپای داگیركەر وەستایەوە و هەوڵی بەهێزكردنی گیانی بەرەنگاریی هاوڕێكانیشی دەدا، بەڵام بەداخەوە پیلانەكەی دوژمن هێندە فراوان و گەورەبوو، بەرگریی پێشمەرگە لەو بارودۆخە سەختەدا لە ئاستی سوپای بێشوماری دوژمندا نەبوو، بۆیە پیلانەكەی دوژمن بە جۆرەها شێواز جێبەجێكرا، كە یەكێك لەوانە شەهیدكردنی هاوار گەرمیانی بوو.
رۆژی 28/4/1988 لە نەبەردییەكی قارەمانانەدا لە بەرامبەر هێزێكی زۆری جاش و سوپای عیراق و لە گوندی (نازێ)ی گەرمیان، هاوار گەرمیانی و هەریەك لە هاوڕێكانی (كەریم كۆمۆنیست و نورەدین عەبدوڵڵا)، شەهیدبوون و دواتر دوژمن تەرمەكانیانی برد بۆ ئەمنی دیالە و لەوێ شوێنبزری كردن و تا ئێستاش گۆڕ ونن.