ئاوات كۆكەیی
مانگی چوار، مانگی مەرگی تەوار و هەڵۆكانی كوردایەتییە، مانگی كۆست و خەمی لە دەستدانی دوو هاوسەر و دوو هەڤاڵ و تێكۆشەری راستەقینەی كوردایەتی و كوردەوارییە كە ئەوانیش هەڤاڵان ( عەلی شامار و وەسفیە بەنی وەیس)ن.
كاك عەلی شامار، پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕش و یەكێك لە شۆڕەسوارانی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ناوێكی دیار و درەوشاوە و ئاشنای هەمووانە، بە پاكی و راستگۆیی و دڵسۆزیی ناسراوە.
ساڵێك لەمەوبەر و لە 22/4/2024 كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەلیم بەگ لە سلێمانی، بەخاك سپێردرا.
خاتوو وەسفیە، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان، ژنە سەلارەكەی ناو كایەی تێكۆشانی قۆناغی نهێنی و ئاشكرا، بە سادەیی و رووخۆشییەكەی، دڵی هەموولایەكی كەمەندكێش كردبوو بۆخۆی، شەوی 25\26/4/ 2016 لەسەر رێگای سلێمانی- دەربەندیخان لە نزیك ناحیەی (وارماوا)ی سەر بەقەزای شارەزوور، بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا و رۆژی دواتر لە خانەقین بە خاك سپێردرا.
عەلی شامار
پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ و فەرماندە، عەلی شامار ئەمین كەریم، لە دایكبووی ساڵی 1947ی شاری (مەندەلی)یە، دواتر ماڵیان چۆتە خانەقین و لەوێ نیشتەجێبوون، قۆناغەكانی خوێندنی تا ئامادەیی لەوێ تەواوكردووە.
ساڵی 1971 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ئەندامی كۆمیتەی باوەڕ بووە لە خانەقین.
ساڵی 1974 كە شۆڕشی ئەیلول شكستی هێنا، كاك عەلی شامار ئەوەندەی بۆی كرا كەوتە كۆكردنەوەی چەكە فڕێدراوەكان و ئەوانەی كە كەوتنە بەردەست، ژمارەیەكی زۆری كۆكردەوە و لە سنووری گوندی مەحمود قەجەر، شاردنییەوە، مەبەست و ئامانجی عەلی شامار ئەوەبوو كە درێژە بە شۆڕش دەدرێت و پێویستیان دەبێت، لە ئەنجامیشدا بۆچوون و هەڵوێستەكانی عەلی شامار راست دەرچوون.
هەر لەو سەروبەندەدا بوو كە بۆ كاروباری رێكخستن رەوانەی شاری بەغدا كرا و رۆڵی گەورەی بینی لەو پێناوەدا.
ساڵی 1976 رۆڵی گرنگی بینی لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و خۆشی بوو بە یەكێك لە پێشمەرگەكانی مەفرەزە سەرەتاییەكان.
ساڵی 1979 كرایە فەرماندەی كەرتی زیندان، ساڵی 1981 ئەندامی یەكەم كۆنفرانسی كۆمەڵە بووە.
بەشداریی و فەرماندەیی زۆر شەڕ و نەبەردیی كردووە و سێ جاریش برینداربووە، یەكێك لە بریندارییەكانی هێندە سەخت و مەترسیداربوو كە بووە هۆی كێشەی زۆری تەندروستی و جەستەیی و ماوەیەكی زۆریش نەیتوانی هیچ ئەرك و لێپرسراوێتییەك بەڕێوە بەرێت، تەنانەت تا كۆچی دواییەكەشی كاریگەریی ئەو بریندارییەی بەسەرەوە مابوو.
ساڵی 1985 لەگەڵ خاتوو وەسفیە لە شاخ زەماوەندیان كردووە، ساڵی 1988 لە ئێران، ئەركی رێكخستنی كاروباری ئاوارەكانی لە ئەستۆدابووە.
لە راپەڕینی ساڵی 1991دا، سەرپەرشتیی قۆڵی خانەقینی كردووە، ساڵی 1992 كراوەتە كارگێڕی مەڵبەندی كەركوك، لە ساڵانی 1994-2005 قایمقامی هەریەك لە: خانەقین لە مەیدان، كەلار، مەندەلی، دەربەندیخان بووە.
لە پرۆسەی ئازادیی عیراقدا رۆڵی گەورەی هەبوو لە سڕینەوەی شوێنەواری بە عەرەبكردن لە گوندەكانی سنووری مەندەلی و ماوەكیش قایمقامی مەركەزیی كەركوك بووە لە دەربەندیخان.
ساڵانی 2007-2010 نوێنەری هەڤاڵ مام جەلال بووە لە مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین.
ساڵی 2001 وەك پێشمەرگەی دانەبڕاو لەلایەن هەڤاڵ مام جەلالەوە خەڵاتكراوە، ساڵی 2014 وەك پێشمەرگەی نموونەیی (خەڵاتی زێڕینی بلە)ی دراوەتێ.
دوای ساڵانێكی زۆر لە گیرۆدەبوون بەدەست خراپی دۆخی تەندروستییەوە، رۆژی 22/4/2024، لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
وەسفیە بەنی وەیس
تێكۆشەری دێرینی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی ی.ن.ك، لە دایكبووی ساڵی 1951ی خانەقینە و تا قۆناغی ئامادەیی هەر لەوێ خوێندویەتی، ساڵی 1971 لەبەشی زمانی ئینگلیزیی زانكۆی بەغدا وەرگیرا، بەڵام بەهۆی جیاكاریی نەتەوەیی و مەزهەبیەوە لەلایەن رژێمی عیراقەوە، گوازرایەوە بۆ زانكۆی سلێمانی- كۆلێژی ئاداب بەشی زمانی كوردی و ساڵی 1975 تەواوی كرد، هەر لەو قۆناغەی خوێندندا پەیوەندیی بەكۆمەڵەوە كرد.
ساڵی 1976 لە کەلار بەمامۆستا دامەزرا، بەڵام لەسەر بڕیاری رێكخستن خۆی بۆ كۆمەڵگەی (تاسڵوجە)ی نزیك سلێمانی گواستەوە، لەوێ جگە لە پیشەكەی، ئەركی رێكخستنی كۆمەڵەشی بەڕێوە دەبرد.
ساڵی 1977 لێپرسراوەتیی سەرپەرشتیكردنی یەكێک لە دوو بەشەكەی رێكخراوی لەیلا قاسمی پێ سپێردرا، هەر ئەو ساڵە چالاكییەكانی خۆی بۆ بەغدا گواستەوەو پەیوەندیی بە ملازم (جوامێر سایەمیر)ەوە كرد.
لە سەروبەندی پێكهێنانی رێكخراوی (هەڵۆی سوور) رۆڵێكی دیاری لە جێبەجێكردنی ئەركە لۆجستییەكانی وەك گواستنەوەی چەك و نامە لەسلێمانییەوە بۆ بەغدا گێڕا، ساڵی 1978 لە كاتێكدا ئیمام خومەینی لەنەجەفەوە دەستی بەجموجوڵ لەدژی رژێمی شای ئێران كردبوو، دوو نامەی مام جەلالی گەیاندە دەست ئایەتوڵڵا خوئیی مەرجەعی شیعە لە كەربەلاو ئیمام خومەینی لە نەجەف.
ساڵی 1982 یەكەم ژن بوو لەرێكخستنی شارەكانەوە بەشداریی بكات لە یەكەم كۆنفرانسی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە گوندی بالیسان.
ساڵی 1986 فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو، روویكردە شاخ و هاوشانی عەلی شاماری هاوسەری، ژیانی پێشمەرگایەتیی دەستپێكرد.
ساڵی 1989 هەر لە دامەزراندنی یەكێتیی ژنانی كوردستاندا لە سەقز چالاكانە كاری تێداكردووە و لەیەكەم ژمارەی گۆڤاری (تەوار)، بەناوی خوازراو بابەتی بڵاوكردەوە.
لە ساڵانی 1993 2003-دا لێپرسراوەتیی لقی كەركوكی یەكێتیی ژنانی كوردستانی گرتە ئەستۆو ماوەیەكیش كارگێڕی مەڵبەندی گەرمیان بوو، ساڵی 2003 بە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین هەڵبژێردرا.
ساڵی 2006 لەئاستی مەڵبەندی خانەقین (زۆرینەی دەنگ)ی بەدەستهێنا و بەجێگری یەكەمی لێپرسراوی ئەو مەڵبەندە دەستنیشانكرا، ساڵی 2010 لە سێیەم كۆنگرەی یەكێتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراو كرایە لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان.
شەوی 25\26/4/ 2016 دا لەسەر رێگای سلێمانی – دەربەندیخان بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا، رۆژی دواتر لە خانەقین بە خاك سپێردرا.
عەلی شامار