خاتوو وەسفیە، شاژنی ئەركە قورسەكان

10:18 - 2025-04-28
کەلتور
4 جار خوێندراوەتەوە

لەمیعە محەمەد

رۆژی 26ی نیسان نۆ ساڵ تێپەڕی بەسەر ماڵئاوایی ژنە ئازاو و بوێر و تاقانەكەی رێكخراوی هەڵۆی سوور، خاتوو وەسفیە بەنی وەیسدا.
لە ساڵەكانی حەفتاكاندا تێكەڵی دنیای سیاسەت بووە و چالاكانە شانی داوەتە بەر خەباتی سیاسی و پێشمەرگەیی نەتەوەكەیدا.
سەرەتای هەنگاوەكانی ژیانی سیاسی، بە خەباتی ژێرزەمینی و نهێنی  وەك تاقە تەوارێكی ئازا و چاونەترس لەگەڵ گیان لەسەردەستەكانی هەڵۆی سوور دەستپێكردووە، ئەركی گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بووە بۆ هەڤاڵانی رێكخرای هەڵۆی سوور بۆ شاری بەغدا، تەنانەت دوای ئاشكرابوون و دەستگیركردنی هەڤاڵانی شانە نهێنییەكانی هەڵۆی سوور، لە زیندانی بەعسیەكاندا سەردانی كردوون و هەواڵی شاخی گەیاندووەتە نێو بەندیخانەی ئەبو غرێب.
هەڵوێست و كارەكانی تا دێت گرنگتر و گەورەتر دەبێت و تا ئەو ئاستەی سەرۆك مام جەلال ئەركی هەستیاری لە بارودۆخی سیاسی و سەربازیی ئاڵۆزدا پێدەسپێرێت و نامەی تایبەتی مام دەگەیەنێتە دەستی ئیمام خومەینی لە شاری نەجەف.
لە قۆناغی خەباتی نهێنیدا چەندین كار و ئەركی گرنگ جێبەجێدەكات و لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991یش ژمارەیەك ئەرك و بەرپرسیارێتیی پێ دراوە، وەك: كارگێڕی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك.
عیماد ئەحمەد لەكتێبەكەیدا  بەناونیشانی (درەوشانەوەی مێژوو) لە بارەی خاتوو وەسفیەوە دەڵێت:  دڵسۆزانە ئەركی سەرشانی بەجێگەیاندووە، جێپەنجەی  دیار بووە لە گەشەپێدان و رێكخستنەوەی هێڵەكانی رێكخستن لە خانەقین و كەركوك و گەرمیان و بە گشتی رۆڵی لە خەباتی ژناندا هەبووە و دیاربووە.
 ئەم خاتوونە ئازایەی كوردایەتی، سەرەڕای ئەركی تایبەتی و  خێزانی و چەندین پۆستی رێكخراوەیی حزبی پێسپێردراوە، لە سێیەم كۆنگرەی یەكێتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە و كراوەتە لێپرسراوی مەكتەبی كاروباری  شەهیدان، بەهۆی خەمخۆریی زۆری بۆ خانەوادە و نەوەی شەهیدان، بە دایكی شەهیدان ناودەبرا.
خۆنەویستانە بەگیانی لێبورەیی و حەماسەتی شۆڕشگێڕانەوە  لە خزمەتی كەسوكاری سەربڵندی شەهیداندا بوو.
بەداخەوە، بەر لە نۆساڵ و لە شەوی 25/26/4/2016  بەرووداوی هاتووچۆ گیانی سپارد، كوردستان و گەرمیان و گەرمەسێر ژنێكی تێكۆشەر و بەئەمەك و خەمخۆری لەدەستدا.
رۆحی شاد و گیانی نەمری بە بەهەشت شادبێت، ئێمەش هەر دڵسۆزی رێباز و رێبواری رێبازەكەی دەبین.

 *لێپرسراوی بەشی شەهیدان لە مەڵبەندی خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان