یادی 46 ساڵەی شەهیدبوونی سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی

12:13 - 2025-04-29
کەلتور
41 جار خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای شۆڕشی نوێدا، گەورەترین كێشە كەمیی چەك و تەقەمەنی بوو، پێشمەرگە هەبووە نزیكەی ساڵێك بەبێ چەك جەولەی كردووە، ژمارەی فیشەك هێندە كەم بووە، لە سەختترین شەڕی دوژمندا، دەستڕێژ قەدەغە بووە، كەچی لەو واقیعە سەختەشدا، هەرێمی پێنجی قەرەداغ بە فەرماندەیی سیروان تاڵەبانی، بە چالاكییە زۆر و كاریگەرەكانیان، دوژمنیان سەغڵەت كردبوو.
لەو ناوچە نالەبارەی ئەوێ رۆژێی بندەستی دوژمن و ناوجەرگەی دەسەڵاتی بەعس و دەوڵەتە پڕچەكەكەی، بە لێزانی و لێوەشاوەیی و ئازایەتیی سیروان تاڵەبانی، بە قارەمانێتی و گیانفیدایی هاوڕێ و پێشمەرگەكانی هەرێمی پێنج، چالاكیی پێشمەرگە لەو سنوورەدا هەموو پێشبینی و خۆشخەیاڵییەكی دوژمنی ئاوەژوو كردبووەوە، بۆیە دەزگاكانی بەعس كەوتنەخۆ بۆ شەهیدكردنی سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی، كە لە شەڕەكاندا دەرەقەتیان نەهاتن، كەوتنە پیلان و هێزە بەكرێگیراوەكان و دەستوپێوەندەكانیان خستە ئامادەباشییەوە.
لەبەرامبەریشدا، سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوون زیاتر هەرێمەكەیان پڕچەك بكەن، بۆیە سەفەری سەركردایەتیی شۆڕشیان كرد و ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنییان وەرگرت، ئەگەر ئەو چەكانە بگەیشتنایەتە جێگەی خۆیان، ئەوسا چالاكییەكانی هەرێمی پێنج لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گەشەیەكی زۆر باشتری دەكرد، بەڵام بەداخەوە، لە گەڕانەوەیاندا لە گوندی (زێڕینجۆ)ی شارەزوور، شەوی 29\30/4/1979، كەوتنە بۆسەوە و جگە لەتیاچوونی چەك و تەقەمەنییەكان، هەریەكە لە سیروان تاڵەبانی، حەسەن خاوێیی، عەلی چەلەبی، حاجی چاوشین، نەجات كەركوكی و محەمەد كەریم شەهیدكران.
كورتەی ژیاننامەی شەهیدەكان
شەهید فەیسەڵ رەشید حەمید ناسراو بە سیروان تاڵەبانی، لە دایكبووی ساڵی 1946ی كەركوكە، لە تەمەنێكی كەمدا پەیوەندی بە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و پارتییەوە كردووە، لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتییەكە بووە، دواتر بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول. دوای بەیانی 11ی ئازار، كراوە بە بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین. لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە پەیوەندیی بەدەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەكەوە كردووە. پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلول ساڵی 1975، چالاكانە كەوتە كار بۆ گەشەكردنی رێكخستنەكانی كۆمەڵە و كرایە لێپرسراوی كۆمیتەی ئاگر لە كەركوك. ساڵی 1976 لە سەرەتای دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری، بوو بە پێشمەرگە و كرا بە فەرماندەی هەرێمی پێنجی قەرەداغ.
شەهید حەسەن حەمەساڵح مەحمود ناسراو بە حەسەن خاوێیی، ساڵی 1940 لەدایكبووە، لە شۆڕشی ئەیلولدا بووە بە پێشمەرگە و سەرلق بووە لە هێزی قەرەداغ، لەسەرەتای شۆڕشی نوێشدا بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی پێنجی قەرەداغ و كراوەتە فەرماندەی كەرتی دووی بازیان. لە خۆشەویستیی بۆ سیروان تاڵەبانی، كوڕێكی ناوناوە (سیروان).
شەهید نەجات كەركوكی، لەدایكبووی ساڵی 1962ە، لەتەمەنێكی كەمدا بووە بە پێشمەگە لە هەرێمی پێنج و بەشداریی زۆربەی نەبەردی و شەڕەكانی كردووە.
شەهید محەمەد كەریم حەمەبارام، ساڵی 1944 لەدایكبووە، لە سەرەتای شۆڕشی نوێدا پەیوەندی بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە كردووە، ساڵی 1977 بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی پێنج.
شەهید عەلی چەلەبی، لەبنەماڵەیەكی كوردپەروەر و دڵسۆز لەدایكبووە، لە سەرەتای لاوێتییەوە پەیوەندی بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە كردووە و لەناوشاردا چەندین چالاكی ئەنجامداوە و دواتریش بووەتە پێشمەرگە لە هەرێمی پێنج.
شەهید حاجی چاوشین، لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر و شۆڕشگێڕ لەدایكبووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە كردووە و قارەمان و لێهاتووبووە.
ئاوات كۆكەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان