هەشتەمین فیستیڤاڵی ئەدەبی ئاران: كۆتری ئاران لە ئاسمانی ئەندێشەدا

05:18 - 2025-05-01
کەلتور
21 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: حسێن عەزیز

بەچاودێریی سەرۆكایەتیی زانكۆی گەرمیان، كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بەشی زمانی كوردی بەهەماهەنگی رێكخراوی هاوكاریی ئەڵمانی بە دروشمی (كۆتری ئاران لە ئاسمانی ئەندێشەدا) هەشتەمین فیستیڤاڵی ئەدەبی ئارانی لە رۆژانی  29-30 نیساندا، بۆ بەهرەدارانی شیعر و چیرۆك بەڕێوەبرد و ژمارەیەك خوێندكار لە  زانكۆ جیاجیاكانەوە بەشداریان كرد. میوان و فیستیڤاڵ و خەڵاتی ساڵ و چەند بڕگە و بابەتی تری ئەدەبی و هونەری لەخۆگرتبوو.

فیستیڤاڵی ئاران
چالاكییەكی ئەدەبیی ساڵانەیە بۆ هەشتەمین جار لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و لە زانكۆی گەرمیان بەڕێوەدەچێت، ساڵانە ژماریەك خوێندكار لە هەردوو رەگەز لە زانكۆ جیاجیاكانی كوردستانەوە بەشیعر و چیرۆك بەشداری تێدا دەكەن و دواتر براوەكانی فیستیڤاڵ خەڵات دەكرێن. 

لیژنەكانی فیستیڤاڵ 
بۆباشتر بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەكە حەوت لیژنەی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكاندا پێكهێنراوە، وەك لیژنەی باڵا، ئامادەكار، دارای، هونەری، راگەیاندن و پەیوەندیەكان، هەردوو لیژنەی هەڵسەنگاندنی تایبەت بە شیعر و چیرۆك. 

كەسایەتی و میوانی ئاران
لە وتەیەكیدا پرۆفیسۆر دكتۆر ئاراس فەریق زەینەڵ، سەرۆكی زانكۆی گەرمیان لەبەردەم ئامادەبوان و ئەدەبدۆستانی میواندا ویڕای دەستخۆشی و پێزانینی خۆی بۆ ئەكەسانەی جێپەنجەیان بە فیستڤاڵەكەوە دیارە، وتی: ئەم بۆنە فەرهەنگییە رۆڵی گەورە دەگێڕێت لە دەرخستنی بەهرە ئەدەبییەكانی خوێندكاراندا، وتیشی: بەڵێن دەدەین بشتگیری لەم چالاكیانە بكەین و پاڵپشتی بەهرەی گەنجان بین. 
هەر رۆژی سێ شەممە 29ی نیسان لە رۆژی یەكەمی فیستیڤاڵەكەدا،  هیوا قادری شاعیر و نووسەر قەسیدەیەكی درێژی خوێندەوە و باسی ئەزموونی چەند ساڵەی خۆی كرد. دواتریش رێزلێنانی ئەدەبی ئارانی پێشكەشكرا و لە بەشێك دیكەی رۆژی سێ شەمەی ئەدەبیدا وەك نەریتێكی ساڵانە رێزلێنانی (كەسایەتی ئاران) درایە مامۆستا ئیبراهیم باجەڵان كە لە بواری نوسین و رۆژنامەگەریدا خاوەنی رابردوویەكی پرشنگدارە و دانیشتووی شاری خانەقینە. 

ئاوازی فیستیڤاڵ
گرووپی میوزیكی سەنتەری چالاكی گەنجانی كەلار، تابلۆیەكیان لە مقامی رەسەنی هونەری گەرمیان و ئاوێزان بە ناڵەی دەف و سەدای سەنتوور، باڵی هونەری بەسەر كەشی بێدەنگی هۆڵەكەدا كێشا، بۆ چەند ساتێك ژێی دەنگیان لە ئاسمانی بەرزی ئەویندا ئامادەبوانی كۆكردەوە. 

خوێندنەوەی  شیعر و چیرۆكەكان
رۆژی دووەمی فیستیڤاڵ خوێندكارانی بەشداربوو ئەكەسانەی دەقە شیعریەكانیان پەسەندكرا بوون، یەكە یەكە نۆبەرەی شیعریان بەگوێی ئەدەب دۆستاندادا و هەركەسەوە گوزارشتی لە دنیا و جوانی و ئازاری خۆی دەكرد و شیعر پەرژێنی هۆڵی خەونەكانی خۆیان كرد، حەوت شاعیری گۆشەی دوور و نزیكی كوردستان ئەم وەرزەی ئاران كۆیكردبوونەوە،  زۆری نەبرد سەكۆی حەزیان بۆ خوشك و برا چیرۆك نووسەكانیان چۆڵكرد و دەرفەتیاندان، ناوەڕۆك و مانا و مەغزای چیرۆكەكان بەكورتی بخەنەڕوو، لە دەرگای پرسیاریاریان دا و گرێی زۆری رۆژگاریان نووسییەوە و نۆ بەشدار بوو چیرۆكی ژیانیان خستەڕوو. 


رای هەردوو لیژنەی هەڵسەنگاندن بۆ دەقەكانی  شیعر و چیرۆك 
دكتۆر زانیار ساڵح، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەقە شیعرییەكان لەوبارەیەوە وتی: بەپێی رێبازی زانستی دەقەكان هەڵسەنگێنراون لە رووی فۆرم و مۆسیقا و لەسەر بنەمای ناوەڕۆك و تێما و سۆز و ئەندێشەی دەقەكان لەسەر ئەو بنەما و پێوەرانە هەڵسەنگاندن كراوە، لیژنە بە كۆی دەنگ و بەهاوبەشی بڕیاریان لە هەڵبژاردنی بابەتەكان داوە. سەرۆكی لیژنە رووی دەمی لە شاعیر و چیرۆك نووسە گەنجەكان كرد و وتی: خۆتان بدۆزنەوە بزان بەكام قۆناغ و رێڕەوی ئەدەبیدا دەڕۆن و بزانن تایبەتمەندی ئەو قۆناغانە چین و ئەوكات بە فۆرمی ئەو قۆناغە بنووسن، پێویستە ئاگادری قۆناغی ئەدەبی و تایبەت مەندیەكانیبن، هەوڵبدەن بە پێی فۆرمی قۆناغەكە بنووسن. 
دكتۆر دیلمان قادر سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندنی چیرۆك لە فیستیڤاڵی ئەدەبی ئاران، لە بارەی دەقە پێشكەشكراوەكانی چیرۆكەوە ئاماژەی بەوەكرد كە: بە قەولی نیچەی فەیلەسوف بۆ ئەوەی مرۆڤ سۆزەكانی كۆنترۆڵی نەكات بۆ ئەوەی بوونی رەسەنی خۆی بدۆزێتەوە دەبێت بنووسێت، چێژم بینیوە لە تێكستەكان لە رۆی فۆرم و ناوەڕۆكەوە بەرهەمەكان خاوەن تایبەتی خۆیانن. 

براوەكانی فیستیڤاڵ 
بەكۆی دەنگی هەردوو لیژنەی تایبەتمەندی هەڵسەنگاندنی دەكانی شیعر و چیرۆك یەكەم تا سێەمی هەردوو بوارەكە كە و بەشداربووانی فیستیڤاڵی ئەدەبی ئاران لە نێو چەپڵەڕێزانی ئامادەبواندا خەڵاتكران، بۆ ئەو مەبەستە محەممەد سۆران خاوەنی دەقی (بێ ناونیشان)، كە یەكێكە لە خوێندكارانی زانكۆی چەرموو براوەی یەكەمی فیستیڤاڵەبوو بۆ شیعر و هەریەك لە فاتمە محەممەد و دلین دڵشاد براوەی دووەم و سێیەمی فیستیڤاڵەكەبوون بۆ شیعر. 
خوێندكارە براوەكانی چیرۆك لە فیستیڤاڵەكەدا دیاركران و خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا، محەمەد عەبدولكەریم نووسەری دەقی چیرۆكی (سەرخۆشێك لەبەردەم ئاوێنەدا)خوێندكاری زانكۆی كۆمار  براوەی یەكەمی چیرۆك و كۆژین رەشید و شوان محەممەد پلەی دووەم و سێیەمی چیرۆكیان بەدەست هێنا. 

فیستیڤاڵەكە وەك هاندەرێك دەبینم
شوان محەممەد خەیات بە دەقی چیرۆكی (زەلیلی شەپۆلی دەریا) پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێ -ی راگەیاند: لە دایك بووی شاری كفری، خوێندكاری قۆناغی یەكەمم لە كۆلێژی هەنەری زانكۆی سلێمانی بەشی فیلمسازی بەشداری هەشتەمین فیستیڤاڵی ئارانم كردووە، بە چیرۆك و پلەی سێیەمم بەدەستهێناوە، خۆشحاڵم چیرۆكەكەم بە شایستە زانراوە، یەكەمین جارە بە چیرۆك بەشداری دەكەم و پێشتر لە فیستیڤاڵی پێنجەمدا بە نمایشی شانۆی بەشداریم كردووە. وەكو گەنجێك فیستیڤاڵەكە وەك هاندەرێك دەبینم و دەبێتەهۆی ئەوەی هەستەكانمان دەربڕین و رێگایەكە بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان بسەلمێنین. 

پێویستە نەترسین و بەشداری بكەین
فاتمە محەممەد بە كوردستانی نوێ -ی راگەیاند: تەمەنم 25 ساڵە و بە دەقی شیعری (تەنهایی) براوەی دووەمی فیستڤاڵەكە بووم، ماوەیەكی زۆر نییە شیعر دەنووسم و یەكەم جارە و لەم فیستیڤاڵە دەركەوتم، بەردەوام دەبم لە شیعر نووسین و ئەم پێشبڕكێیە وا لە خوێندكاران و نوسەران دەكات نەترسن و بەشداری بكەن لەم جۆرە پێشبڕكێ و فیستیڤاڵەدا. 


گرفتی داریمان هەیە
دكتۆر زانیار ساڵح، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەقە شیعرییەكان و مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان سەرنجی خۆی لە بارەی كۆی بەرهەم و فیستاڤاڵەكەوە بۆ كوردستانی نوێ خستەڕوو وتی: 
بەشێوەیەكی گشتی ناوەڕۆكی ئەو بابەتانەی پێشتر پێشكەشكراون، تاڕادەیەك رەشبینی پێوە دیاربووە، باسی تەنیا و غوربەت و ژیانیان دەكرد و ئەم ساڵ كەمترین كەس دەقەیان پێشكەش كردبوو، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ لە رووی بەڕێوەچوونەوە فیستیڤاڵ بەرەو پێش دەڕوات، ئەگەر گرفتی دارای نەبوایە دەتوانرا میوان و خەڵكی تر بانگهێشت بكرێت و كە خاوەنی ئەزموونی زیاترن و نەك خوێندكارەكان مامۆستاكانیش سوودمەند دەبوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان