(چەند بەرهەمێكی كۆكراوەی جەمال گردەسۆری بە نموونە)
د.هەرێم عوسمان
لەلای ئۆشۆ هەركاتێك مرۆڤ توانی خودی خۆی بناسێت، ئەو كات دەتوانێت مرۆڤەكان و ژیانیش بناسێت، هەركەسێك بەپێی ئەو بارودۆخەی تێیدایە لە ژیان دەدوێت و ئامانجی ژیانیش بەختەوەرییە
چەمكەكانی ژیان لە حەكایەتی فۆلكلۆری كوردیدا، ناونیشانی نامەیەکی ماستەرە (بەهار صالح) بە سەرپەرشتی (پ.د. مەولود ئیبراهیم) ساڵی 2022 پێشکەشی کۆلێجی زمان-زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. نامەکە بە رێبازی وەسفی-شیکاری نووسراوە و لە سێ بەش پێکهاتووە.
روانینێكی گشتی بۆ چەمكەكانی ژیان
بەشی یەکەم، (روانینێكی گشتی بۆ چەمكەكانی ژیان) سەرەتا چەمک و زاراوەی ژیان دەخاتەڕوو، کە بوون، چالاکی، چاپوکی، جووڵە و نەوەستان دەگرێتەوە. واتا و ئامانج و بەها و پەیامی ژیان لە بوارە جیاوازەکانی ئاین، فەلسەفە و دەرونناسی لێی کۆڵدراوەتەوە، هەندێک فەیلەسوفی رەشبین ژیان بەبێ بەها و رەشبینانە دەبینێت، وەک شۆپنهاوەر، بەڵام فەیلەسوفە گەشبینەکانیش واتا لە ژیاندا دەبینن، یاخود پێیان وایە تاک دەبێت خۆی واتای ژیانی دابهێنێت، وەک سوکرات، نیچە...هتد. لەڕووی ئاینداریشەوە، روانگەی بوونی خوا بۆ واتادارکردنی ژیان پێویستییە لەبەرامبەر بێ خودایی، بێ مانایی ژیان دەگەیەنێت. لای سوکرات ژیان لە دەرون- رۆح و هۆی زیندوێتیدا دەبینێت، لای ئەم فەیلەسوفە خۆناسین و دۆزینەوەی واتای ژیان و نەمری پێکەوە بەستراونەتەوە. هەروەها پێیوایە (ژیان لەنێو خەڵکانێکی باش چاکترە، لە ژیان لەنێو خەڵکانێکی گەندەڵ و خراپ). لای ئەرستۆش ماهییەتی ژیان لە جوڵە و زیندووێتیدایە. لەلای ئۆشۆ هەركاتێك مرۆڤ توانی خودی خۆی بناسێت، ئەو كات دەتوانێت مرۆڤەكان و ژیانیش بناسێت، هەركەسێك بەپێی ئەو بارودۆخەی تێیدایە لە ژیان دەدوێت و ئامانجی ژیانیش بەختەوەرییە. بۆیە راوبۆچوونەكان دەربارەی ژیان جۆراوجۆرن و هەر كەسێك لە روانگەیەكەوە بۆ ژیان دەڕوانێت. ئۆشۆ پێیوایە (ژیان خۆی لە خۆیدا هیچ مانایەكی نییە...ئەوە ئێمەین كە ئەو بە جوان یان ناشیرن دەزانین...ژیان لە خودی وزەكانی ئێمە پێكدێت).
توێژەر دواتر تێڕوانینی ئاینەکان بۆ ژیان دەخاتەڕوو، کە لای ئاینی زەردەشتی بایەخ زۆر بە ژیانێکی چاک دراوە، کە ئەوەش لە گوتە و بیر و کرداری چاک و پاکدا خۆی دەبینێتەوە و پێویستە پەیڕەوکەران پابەندی ئەم سێ بنەمایە بن. ژیان واتای ئەفراندن، پێگەیاندن، نیشاندانی عەقڵ و بوونە، نیشانەی ئاهورامەزدایە کە بریتییە لە گەوهەری بوون. لەم ئاینەدا گەشبینانە لە ژیان دەڕوانن، ژیان بە خۆشەویستییەوە گرێدراوە نەک راهاتن، بەڵکو راهاتنە لە خۆشەویستی ژیان، ئەم خۆشەویستییەش شێتانەیە، بەڵام حیکمەتی تێدایە. لە ئاینی جولەکەشدا ژیان پیرۆزە، پێویستە بۆی بژین و بمرین. لە ئاینی مەسیحیەتیشدا ژیان رێکەوت نییە، بەڵکو واتا و مەبەست لەپشتییەوەیەتی، هاوکات وێستگەیەکە بۆ ژیانێکی هەتاهەتایی، لەبەرئەوە ژیانی دونیا کەمتر بایەخی پێدراوە. لە ئاینی ئیسلامیشدا وشەی ژیان(الحیاة) 145 جار هاتووە، لەبەرئەوە بایەخێکی زۆر بە ژیان دراوە. ژیانی دونیا لەم ئاینەدا راگوزەرە و ئێمەش رێبوارین، بەڵام ژیانی ئەو دونیا بێکۆتاییە. ژیان لەم ئاینەدا ئامانجدارە و بێهودە نییە، هەر مرۆڤێک دەبێت ئامانجی لە ژیاندا هەبێت، چونکە خوا بێ حیکمەت نەیخولقاندووین.
لە تەوەری سێیەمدا توێژەر بەهاکانی ژیان دەخاتەڕوو، کە بەهاش بریتییە لە پلە، نرخ، بایەخ و رێز و گرنگی...هتد، جۆرەکانی بەهاش زۆرن، لەوانە بەها کۆمەڵایەتییەکان، رەوشتییەکان، ژیارییەکان، رۆشنبیرییەکان، ئاینییەکان...هتد. بەگشتی بەهاکان رۆڵیان لە بەختەوەری و کامەرانی تاکدا هەیە و توێژەر پێیوایە بەشێک لە بەهاکان لە کۆمەڵی کوردەواریدا گۆڕاون و لە کۆندا چالاکتربوون، بەڵام لە ئێستادا کەمتر دەبینرێت، ئەمەش سەرچاوەی پاشەکشە و لاوازی کامەرانییە لە ژیانی کۆمەڵی کوردەواریدا.
چەمك و جۆرەكانی حەكایەتی فۆلكلۆری كوردی
بەشی دووەم، بەناونیشانی (چەمك و جۆرەكانی حەكایەتی فۆلكلۆری كوردی) توێژەر سەرەتا زاراوە و چەمکی فۆلکلۆر دەخاتەڕوو، کە لە دوو وشە پێکهاتووە (فۆلک) واتە گەل و کۆمەڵ (لۆر) واتە پەند و حیکمەت، کە حیکمەتی گەل، پەند و داب و نەریتەکانی نەتەوەلەخۆدەگرێت. فۆلکلۆر ئەزموونی ژیانی نەتەوەیە. فۆلکلۆر زانستی خەڵکە، کە لە ئەزموونەکانیانەوە پێکیانهێناوە، لەبەرئەوەی بۆ قۆناغێک دەگەڕێتەوە کە نووسین نەبووە، لەبەرئەوە بە مێژووی زارەکییەوە بەستراوەتەوە و سەرجەم عادەت و تەقالید و میوزیک و ئەفسانە و داستان و حەکایەت...هتدلەخۆدەگرێت. فۆلکلۆر لە ئەنجامی کار و ئەزموون و بیرکردنەوەوە سەرچاوەی گرتووە و وەڵامگۆی پێداویستییەکانی تاک و کۆمەڵە. سەبارەت بە بەشەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، کامەران موکری بۆ حەوت بەشی (ئەفسانە، داستان، سەرگوزەشتە، گۆرانی، پەندی پێشینان و قسەی نەستەق، گاڵتەوگەپ و مەتەڵە) دابەشی دەکات.
توێژەر لە تەوەری دووەمدا چەمک و پێناسەی حەکایەت کە بەشێکی فۆلکلۆرە، دەخاتەڕوو. حەکایەت وەک رێکخستنی ژیان، راهێنانی خەڵک بە کردە و رەوشتی بەرز پێناسە کراوە. ناوەڕۆک و بابەتی حەکایەت لەناو گەلەوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ پێش داهاتنی تەکنەلۆجیا و تەلەفزیۆن، رادیۆ و سینەما دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوە لەناو خەڵکدا باو و سەرنجڕاکێش بووە، هاوکات هونەرنوێنیش لەگێڕانەوەی دەکرێت تا سەرنج و هەستی وەرگر رابکێشێت، هاوکات حەکایەتبێژ لە شێواز و هەڵبژاردنی حەکایەتەکاندا پەیامی هەبووە. لە کۆمەڵی کوردەواریدا میر و ئاغاکان حەکایەتخوانی خۆیان هەبووە، شەوان دیوەخانیان بە حەکایەت ئاوەدانکردۆتەوە. لە ماڵیشدا زۆرجار دایک حەکایەتی بۆ مناڵەکانی گێڕاوەتەوە تا خەویان لێبکەوێت. حەکایەتەکان زۆربەی واقیعین، بەڵام لە لێکدانەوەی دیاردە گەردوونییە ئاڵۆزەکان پەنا بۆ دنیای خەیاڵ براوە. لە کۆتاییدا توێژەر جۆرەکانی حەکایەت کە حەوت جۆرە بە نمونەوە دەخاتەڕوو: (ئاسایی، گیانداران، خورافی، گاڵتە و گەپ، ئەفسانەیی، کۆسە، هەیاس). هەروەها ئامارێک بەپێی جۆرەکانی حەکایەت لە سێ بەرهەمی کۆکراوەی (نمەک، سەربوردەی کوردەواری، هەنجیری چل تام)ی جەمال گردەسۆری دەخاتەڕوو، 387 حەکایەتی ئاسایی، خورافی کەمترینە کە 2 دانەیە:
شیكردنەوەی بەهاكان
بەشی سێیەم، (شیكردنەوەی بەهاكان لە حەكایەتە كۆكراوەكانی «جەمال گردەسۆری»دا). لەم بەشەدا پراکتیزەی کۆمەڵێک بەها لە چەند حەکایەتێکدا دەکات و بە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەستپێدەکات، کە دادپەروەری، راستگۆیی، دەستپاکی، جوامێری و میواندۆستی...هتد لەخۆدەگرێت. دادپەروەری بەهایەکی بەرز و باڵایە، کە لە حەکایەتەکاندا ئاوڕی لێدراوەتەوە و وەک سەرچاوەی کامەرانی و رێز و شکۆ بۆ کەسی دادپەروەر بینراوە، چونکە راستگۆ و بێلایەن بووە. هەیاس کە یەکێکە لە رەمزەکانی راستگۆیی و ژیری و دەگێڕنەوە، هەیاس بەپێی یاسا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ نزیکترین دۆستی خۆی دەرکردووە، هەر لە دادگا دەستی بە گریان کردووە، پێیان گوتووە تۆ خۆت سەروەر و دادپەروەربوویت، دەتوانی چۆنت بوێ حوکمی بدەیت، بۆچی بۆی دەگری؟ گوتی، من بۆ ئەو خۆشەویستەم دەگریم کە گیروگرفتی زەمانە بەم دەردەی برد، یاساش لەسەری کردم کە من بەو چاوە تەماشای بکەم، کە نەمدیوە و نایناسم؛ یاسا لە من و لەویش گەورەترە. سەبارەت بە نادادپەروەریش دەگێڕنەوە لەسەردەمی قەرەقوشدا پیاوێ لەبن دیواری ماڵێکدا دادەنیشێ و دیوارەکە دەڕوخێ و کابرا دەمرێ، برای مردووەکە شکات لای قەرەقوش دەکا، خاوەن ماڵ بانگدەکەن کە بۆ دیوارەکەی وا چروک دروستکردووە، دەڵێ، قوربان بەننا دروستی کردووە، لەدووی بەننای دەنێرن، ئەویش دەڵێ، لەوکاتەدا کیژی پاشا بەجلێکی سەرنجڕاکێشەوە بەوێدا تێپەڕیوە و سەرنجی بردووم، کیژی پاشا دەهێنن و ئەویش دەڵێ، جلوبەرگە جوانەکانم لای جوویەکی کوتاڵفرۆش کڕیوە، جووە دوکاندارەکە بانگدەکەن و دەبینن زۆر درێژە و ناتوانن ئیعدامی بکەن، دەڵێن بڕۆن جویەکی کورتتر بێنن، خۆ جوو هەر جووە. دەبینین لە چەندین رەهەندەوە نادادی لە بڕیارەکانی حاکمدا هەیە. توێژەر چەندین نموونە لەم بەهایە دەخاتەڕوو، دواتریش باسی بەها ژیارییەکان دەکات، کە پێشکەوتن و داهێنان و ژیانێکی شایستە بۆ تاکەکان بە بەها دەزانێت، لە حەکایەتەکاندا تێگەیشتنی خەڵکی گوند بۆ شاریش هەیە، بۆ نموونە کابرا دەڵێ چەند ساڵە دێمە هەولێر، هەولێر نابینمەوە، عەنکاوە، کوران...دەبینمەوە، بەڵام خودی هەولێر لە کوێیە. یاخود هاتنی تەکنەلۆجیا و چۆنێتی پێشوازیکردن لێی، کە رادیۆ هاتووە، وتویانە لە رادیۆکەی من گۆرانی خۆشتر پەخش دەکات.
دواتر توێژەر ئاماژە بە بەها رەوشتییەکان دەدات، کە رەوشتبەرزی، ئارامی، شەرم و...هتد بەهای بەرزی رەوشتین و لە حەکایەتەکاندا ئاوڕیان لێدراوەتەوە، بۆ نموونە لە کۆندا دوو گوند ژن بە ژن لەگەڵ یەکتر دەکەن، لەکاتی گواستنەوە سوارەکان سوڕانێ دەکەن، عادەت وایە هەریەکەی لەدوای گۆڕینەوەی سەری ئەسپی بووک، خەزور دەیگرێ، بەڵام لەبەر هێندە سوار ئەسپانێ، باوکی بوکێ، سەری ئەسپی کچەکەی دەگرێ و بەرەو ماڵ دەگەڕێنەوە، کە دەگەنەوە، کچە بە باوکی دەڵێ، باوکە کوا باوڵی جلەکانم، ئەوکات باوکە بۆی روون دەبێتەوە بە هەڵە سەری ئەسپی کچی خۆی گرتووە، کچەش شەرمی کردووە هەر لەوێ بڵێ باوکە بۆ منت گەڕاندەوە ماڵێ. لە بەها رەوشنبیرییەکاندا، هۆشیاری و ژیری بە رزگارکەر دەبینێت، بۆ نموونە پاشا شەوێک بەشاردا دەگەڕێ، کچێک دەبینێ درومان دەکا، دەڵێ باوکت لە کوێیە، دەڵێ، چووە دۆست بکات بە دوژمن، ئەی دایکت، چووە یەک بکا بە دوو، ئەی خۆت، دەڵێ سێ دەکەم بە یەک. پاشا سەری لێ دەرناکا و دەڵێ، مەبەستت چییە؟ دەڵێ باوکم هەژارە و بۆ قەرز چووە لای دۆستێک، دۆستەش قەرزی پێنادات، دایکیشم مامانە، منیش درومانم، سێ کراسی کۆنەی دڕاوم هەبوو، کراسێکیان لێ دروستەکەم، پاشا لە ژیری کچە سەرسام دەبێ و بۆ خۆی دەخوازێ و ژیانی خۆی و خێزانی کچە دەگۆڕێت. پاشان توێژەر ئاماژە بۆ بەها کەلتورییەکان لە نموونەی میواندۆستی، هەرەوەزی، شینگێڕی...هتد دەگێڕێتەوە. لە بەها ئاینییەکانیشدا بەخشندەی خوا، حەڵاڵ و حەرام، سوپاسگوزاری، بۆ نموونە پیاوێک لەبەر هەژاری پێڵاوی نەبوو، بەپێخواسی دڕک چوو بە پێیدا و توڕەبوو، بەڵام پاش کەمێک تووشی پیاوێک هات هەردوو پێی نەبوو، ئینجا لە بۆڵەبۆڵەکەی پەشیمان بووە و سوپاسی خوای کرد، کە راستە هەژارە، بەڵام پێی هەیە. لە کۆتاییدا توێژەر ئەنجامەکان کە شەش خاڵە دەخاتەڕوو، کە بەهاکان رۆڵی گرنگ لە رێکخستنی کۆمەڵدا دەگێڕن و بەپێی نەتەوە و شوێن و سەردەم گۆڕانکاریان بەسەردا دێت کە ئەمەش لە حەکایەتەکاندا دەرکەوتووە، بەهای خۆشەویستی لەنێو ئەندامانی خێزان زۆر گرنگە، کە لەکاتی پێویستیدا لە پشتی یەکدی دەبن، ئەمەش لە حەکایەتەکاندا دەبینن. حەکایەتی ئاسایی بەربڵاوترین جۆری حەکایەتە. ئەگەر بە دێڕێک تێڕوانینی خۆم لەسەر نامەکە بنووسم، ئەوا بە نامەیەکی کرچ و کاڵ و لاواز دایدەنێم.