لە بێ هۆشییەوە تا هۆشمەندیی

10:56 - 2022-08-09
کەلتور
1697 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

هۆش یان ئاگایی چییە؟ هۆش یان ئاگایی بریتییە لەو هۆش و ئاگاییەی لە ئێمەدا ئاگای بۆ نمونە لە بیرکردنەوە و هەست و حاڵەتە جیاجیاکانمانە، بۆ نمونە کاتێ بە باش یان بە خراپ بیردەکەینەوە یەکێک لە ئێمەدا ئاگای لە بیرکردنەوەکانمانە و خۆی بەشیک نیە لە بیرکردنەوەکانمان، یان کاتێ هەستمان خۆش یان ناخۆشە، یەکێک لە ئێمەدا ئاگای لە هەستەکانمانە، هاوکات خۆی بەشێک نیە لە هەستەکانمان و  دەزانێ کە خۆش یان ناخۆشین، یان تەنانەت کاتێ دەخەوین یەکێک لە ئێمەدا نەخەوتووە و ئاگای لە خەوەکەمانە، بۆ نمونە بەیانی کە لە خەو هەڵدەستی دەڵێی ئەمشەو خەوەکەم زۆر قووڵ و خۆش بوو، ئەوە کێیە لە ئێمەدا ئاگای لەوە بووە کە خەوەکەمان قووڵ و خۆش بووە؟

هەمیشە بەخەبەرە
هۆش یان ئاگایی لە حاڵەتی سروشتی و گەردوونی خۆیدا،  حاڵەتی هەمیشە بەخەبەر و هەمیشە بینەری ئێمەیە، لەهەقیقەتدا ئێمە ئەوین و ئەو ئێمەیە، یانی ئێمە هۆش یان ئاگایین، لێرەوە دەکرێ ئەم هۆش یان ئاگاییە بە «خودی باڵا» یان «خودی راستەقینە» یان «خودی نەمر» و...هتد ناوی بێنین. ئەم هۆشە یان ئەم ئاگاییە، کە ئێمە ئەوین، لەحاڵەتی سروشتی و گەردوونی خۆماندا، لە حاڵەتی پاک و بێگەردیی و خوایی خۆماندا، ئازاد و ئازادیین، هەر بۆیەش ئامانجی عیرفانەکان و یۆگا و خۆناسیش هەر وەسڵبوونەوەیە بەو حاڵەتە کە مەولانای بەڵخی پێی دەڵێ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و یۆگا پێی دەڵێ «موکشا» و سوهرەوەردی پێی دەڵێ «ئیشراق» و رووناکبوونەوە.

ئاگاداریی تەڵەکان بە!
هۆش یان ئاگایی ئەو کاتەی لە کۆنتڕۆڵی خۆی دەردەچێت، واتە ئێمە ئەو کاتەی لە کۆنتڕۆڵی خۆمان دەردەچین، دەکەوینە کۆنتڕۆڵی ئەوانیترەوە و بەتەڵەوە دەبین، لەحاڵێکدا ئێمە ئازادین و دەتوانین لە ناو فەزای زەین و بەگشتی لە رەهەندەکانی دیکەدا بێین و بچین، یانی وەک بوونەوەریەکی سەروو رەهەندیی بە هەموو رەهەندە فیزیکی و سەرووفیزیکییەکاندا بەگەڕێین و لەهەمان کاتیشدا لەهەموویان ئازاد بێن و نەبینە بەشێک لەوان، بەڵام کاتێ هۆش یان ئاگایی بە داوی یەکێک لە رەهەندەکانەوە دەبێ کارەساتە سەرەکییەکە کە دواتر دەبێتە دایکی کۆی کارەساتە گەورە و بچووکەکانی دیکەی کەسەکان دەست پێدەکات. بۆ نمونە ئەگەر هۆشمان بە بەردەوامی لەسەر جەستەمان بێ دەبین بە کۆیلەی جەستە، ئێمە دەبین بەجەستە، بەڵام ئەگەر لەجەستەماندا بین و هۆشمان ئازاد بێ لێی، جەستە دەکەوێتە دەستی ئێمەوە، یانی ئەگەر ئازارێک لە جەستەی فیزیکی ئێمەدا هەبێ، بەڵام هۆشمان لەسەری نەبێ، ئێمە هەستی پێناکەین، بەڵام کە هۆشمان چووە سەر ئازارەکە و لەگەڵ ئازارەکە بوو بە یەک، ئەوە ئێمە دەبین بە ئازارەکە، ئەمە یاسایە و بۆ هەموو حاڵەتەکانیتریش راستە. بۆ نمونە کاتێ بە خراپی و بە نەرێنی بیر لە شتێک دەکەیتەوە، واتە هۆشت چۆتە سەر ئەو شتە خراپە، ئەگەر هۆشت زۆر لەسەری بمێنێتەوە تۆ دەبی بەو شتە خراپە و دوای ماوەیەک تووشی حاڵەتێکی زەینی دەبی و زانست ناوی ناوە خەمووکی، ئەو خەمووکییە چییە؟ یەکێتی نێوان هۆش و بیرکردنەوە و ئەزموون و هەستێکی نەرێنیی ئێمەیە و هیچیتر نییە! یەکێک لە عارفە گەورەکان گوتوویەتی:( ئەوەندە سەیری رووناکیم کرد تا خۆم بووم بە رووناکی.) یانی ئەوەندە هۆشی لەسەر رووناکی راگرتووە، بۆتە رووناکی، ئێمە هۆشمان لەسەر هەر چییەک رابگرین دەبین بەو، ئەمە یاسایەکی نەگۆڕی سروشتی و گەردوونییە، کەواتە ئاگاداربە هۆشت لەسەرچی رادەگریت!

یەکێتی نێوان بینەر و بینراو
 کاتێ هۆش یان ئاگایی دەچێتە سەر یەکێک لە رەهەندەکانەوە ئێمە لەو رەهەندە بە ئاگا دەبین، بۆ نمونە ئێستا هۆش یان ئاگایی زۆرینەی خەڵک لە رەهەندی جەستەیی دایە و لەجەستەشدا لەسەر خواردن و سێکس و حەز و ئارەزووەکانە و کەسەکان پێیان وایە ئەوان بریتیین لە جەستە و ئەو حەز و ئارەزووانە، بۆ؟ لەبەرئەوەی هۆشیان تەنیا لەسەر ئەو رەهەندەیانە، تەنانەت نازانن کە ئەوان بریتیین لە هۆش یان ئاگاییەکە، ئەو هۆش و ئاگاییەی ئاگای جەستە و حەزوئارەزووەکانە، نازانن ئەوان جەستە و حەز و ئارەزووەکان نین، بەڵکو هۆش و ئاگاییەکەن، بەڵام هۆش یان ئاگاییان ئەوەندە لەسەر ئەم رەهەندە راگرتووە، لەگەڵ ئەو رەهەندە بوون بە یەک، لەرەهەندەکە بەئاگان، بەڵام لە خۆیان کە بریتیین لە هۆش و ئاگایی ئازاد و نەمر بێ ئاگان.
کەواتە هۆش یان ئاگایی ئەگەر لە کۆنتڕۆڵی خۆیدا نەبێ، دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی جەستە و حەزوئارەزووەکانی جەستە یان دەکەوێتە دەست ئەزموونەکان و هەست و بیرکردنەوەکان، ئەوان هەر جارەو بە هۆکارێک پەلکێشی دەکەنە سەر خۆیان و لەسەر خۆیان رایدەگرن و کەسە بە بەردەوامی بەو شتەوە سەرقاڵ دەبێ و خۆی بەو دەزانێت. ئێمە دەبێ خۆمان رزگار بکەین، واتە ئاگاییمان لەو یەکگرتنە لەگەڵ بیرکردنەوە و ئەزموون و هەست و حەزووئارەزووەکان و...هتد رزگار بکەین، سەرەکیترین کاری هەموو کەس ئەوەیە خۆی لە زیندانی خۆی ئازاد بکا، بۆ ئەو مەبەستە زانستی یۆگا راهێنانی زۆر ورد و زانستی پێشنیار دەکا، یۆگا عیرفانی گەردوونییە بە کردار، یانی ئەگەر راهێنانەکان بە کردار بکەیت، خۆناسییەکە ئەزموون دەکەیت. ئەم راهێنانەی خوارەوە یەکێکە لە باشترین راهێنانەکان کە ئەگەر بە بەردەوامی بکرێ، کەسەکە بەرە بەرە هەست بە خۆی و ئازادبوونی خۆی دەکا و لە بێهۆشییەوە دەگاتەوە هۆشمەندی، واتە هۆش و ئاگاییەکەی دەکەوێتەوە دەستی خۆی، یانی هۆش دەکەوێتەوە دەستی هۆش، لە قەفەسی ئەوانیتر ئازادی دەبێت. 

حاڵه‌تی هه‌وره‌بریسکه‌  (vajrasan) 

به‌ ئارامی له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ و له‌ نێوان پاژنه‌کانت دابنیشه‌. پشت و سه‌رت رێک که‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی ستوونی رایانبگره‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا که‌مه‌رت ده‌کێشرێ و پشتت له‌ دواوه‌ قه‌وس ده‌بێ. ده‌سته‌کانت به‌ هێمنی له‌سه‌ر ئه‌ژنۆکانت دابنێ و رووبه‌ڕووی چاوه‌کانت خاڵێک دیاری بکه‌ و چاوه‌کانتی له‌سه‌ر رابگره‌.
ئه‌م ئاسانایه‌ ناوی هه‌وره‌ بریسکه‌یه‌. ناوه‌که‌ی له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ تاقه‌ و وزه‌ خه‌وتوو یان قه‌تیسبووه‌کانی خواره‌وه‌ی له‌ش وه‌خه‌به‌ر دێنێ یان ئازادیان ده‌کا و وه‌کوو بریسکه‌یه‌ک به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌یان به‌ڕی ده‌کا. دووباره‌ کردنه‌وه‌ی رۆژانه‌ی ئه‌م ئاسانه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزبوونی له‌ش و کشانی له‌ش، باشتربوونی هه‌رس و کاراتربوونی کۆئه‌ندامی هه‌رس، له‌هه‌مووی گرنگتر ده‌بێته‌ هۆی به‌هێز بوونی ته‌رکیز و هاوسه‌نگبوونه‌وه‌ی گوێی ناوه‌ڕاست و گه‌شه‌ کردن و فراوانبوونه‌وه‌ درک و تێگه‌یشتن. واتە بەم راهێنانە دەبیتەوە بە خۆت، هۆش یان ئاگایی لە خۆی وەئاگا دێ، ئاگایی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندی بەئاگای خۆی.
جگە لەوە ئه‌گه‌ر دوای نان خواردن بۆ ماوه‌ی پێنج خوله‌ک واجرا دابنیشی هه‌رست باشتر ده‌بێ و زووتر خۆراکه‌که‌ هه‌رس ده‌بێ، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌یه‌ ئاگری گه‌ده‌ به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و سوڕی خوێن زیادده‌کا و مێشک ئارام ده‌کاته‌وه‌.
هه‌ر کاتێک حه‌زت لێ بوو ده‌توانی راهێنانی واجرا بکه‌ی و تا پێنج خوله‌ک یان زیاتر و که‌متر به‌ گوێره‌ی باردۆخی جه‌سته‌یی خۆت تێیدا بمێنیته‌وه‌. ئاگادار به‌ به‌ زۆر تێیدا نه‌مێنیته‌وه‌ و ئه‌ژنۆکانت ئازار نه‌ده‌ی.
ئەگەر ئەم راهێنانە زۆر دووبارە بکەینەوە دەبێتە پردێک لە نێوان بێهۆشی و هۆشمەندی ئێمەدا! 

بابەتە پەیوەندیدارەکان