راپۆرتی / ئهیاز ههركی
دوای رێککەوتنی نێوان مەزڵوم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع له 10ی ئاداری مانگی رابردوو، ئومێدێک بۆ هەموو ئاوارەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان و دەرەوەی وڵات دروست بووه لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان.
لهوبارهیهوه محهمهد حاجو ئهندامی كۆمیتهی كۆچبهرانی سهرێ كانی، به كوردستانی نوێی راگهیاند: وهك دیاره دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد، هەموو پێکهاتەکانی سوریا بهگشتی دڵخۆش بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا گروپێکی رەگەزپەرستن و دان بە مافەکانی کورد و گەلانی دیكهی سوریادا نانێن، بەڵام ئەمڕۆ کورد هێزێکی کاریگەرە لەسەر خاکی سوریا و رێککەوتنی نێوان مەزڵوم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع بەدوایدا هات، بە تایبەتی لەو رێکكەوتنەدا رەچاوی دۆخی ئێستای پهنابهرانی ناوخۆی وڵات كردووه. هاوكات ئهو رێككهوتنه و ئاگربەستی سهرتاسهری له سوریا، هیوایهك بە هەموو پەنابەرانی سوریا و رۆژئاوای كوردستان و دەرەوەی وڵات بهگشتی بەخشیوە کە له ئاییندهیهكی نزیكدا بگەڕێنەوە ناوچهكانی خۆیان.
وتیشی: ئێمە وەک ئاوارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی دڵخۆشین بەم رێککەوتنە. ئومێدێك هەیە بەم زووانە بگەڕێینەوە شار و گوندەکانمان. هەروەها چاوهڕێ دەکەین عەرەبی هاوردە و ناڕەسەنی سەرێ کانی و گرێ سپی ناوچەکانمان بەجێبهێڵن. ئەمەش ئومێدێکی گەورەی لای هەموو پەنابەرانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دروست کردووە و چاوەڕێی بڕیاری گەڕانەوە دەکەین، بەتایبەت دوای رێککەوتنی بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆسەری باکوورو خۆڕههڵاتی سوریا و حکومەتی نوێی شام. كه لە ههردوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە پارێزگای حەلەب جێبهجێ كرا.
روونیشیكردهوه، ئێمە وەک خەڵکی سەرێ کانی و گرێ سپی کە لە ساڵی 2019 لە ناوچەکانمان ئاوارە بووین، تووشی چەندین نەخۆشی و سەختی بووین، بەتایبەت بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارە جیاوازەکان بۆ سەر ناوچەکانمان و داگیركردنیان، لە ئەنجامی هێرشەکەشدا زیاتر لە 160 هەزار کەس کە کورد و عەرەب و سریان پێكهاتبوون، لە سەرێ کانی ئاوارە بوون، هەروەها دەیان هەزار کەسیش له گرێ سپی ئاوارە بوون. خهڵكی ئێمه ناچار بوون لە کەمپەکان و لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای كوردستان نیشتهجێ بن.
محهمهد حاجۆ له درێژهی قسهكانیدا وتی: لە ئێستادا زیاتر لە 16 هەزار کەس لە ئاوارهكانی سهرێ كانی له کەمپی واشوكانی دەژین، هاوكات زیاترله 15 ههزار كهس له کەمپی سهرێ كانی نیشتهجێن. زیاتر لە حەوت هەزار کەسی دیكهش لە کەمپی نەورۆزدا دەژین، هەروەها ههشت هەزار کەس لە کەمپی تل سهمەند لە گرێ سپی نیشتهجێن. گومانی تێدا نییە کە رهوشی ئێستای ئاوارەکان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان زۆر سەختە، هاوكات هیچ رێکخراوێکی مرۆیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەستی هاوكارییان بۆ ئەوان درێژ ناکات، ئەمەش وایکردووە دۆخی ئاوارەکان زیاتر قورستر بێت و هەلی کار زۆر کەم بێت. تەنها بڕێک هاوکاری له بهڕێوهبهری ئیدارەی خۆسەر دەگاتە دەست ئاوارەکان، بەڵام ئەم هاوکارییە بەشی هەموویان ناكات. لە ساڵی 2019ەوە تا ئێستا خێمهکانیان نەگۆڕیوە، ئەمەش لە وەرزی زستان و هاویناندا ئاستەنگی زۆری بۆ ئاوارەکان دروستکردووە.
ههروهها دهڵێت: له دوای داگیرکردنی سەرێ کانییهوه ئاوی خواردنەوە لەسهر پارێزگای حەسەکە و ئاوارەکان بە گشتی بردڕاوە. ئەمەش بووەتە بەربەستێکی دیكهی جددی و هەزاران کەس بێ ئاون. ئەو ئاوەی ئەمڕۆ بەکاردێت له كهمپهكاندا باش نییە بەتایبەت بۆ تەندروستی مرۆڤ، بۆیە هەموو هیوا و داواکارییەکانی خهڵكهکەمان ئەوەیە بهزووترین كات بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. لە ئێستادا حکومەتی سوریا و بهڕێوهبهری ئیدارەی خۆسەر هەوڵی جددی دەدەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی وعەفرین، یەکێک لە مەرجەکانی ئیدارەی خۆسەر، کشانەوەی سەرجەم گروپە چەکدارەکانە لەناوچه كوردنشینه داگیركراوهكان.
وتیشی: بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزی چەکداری رەگەزپەرست و دژە کورد، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، پێویستە ئەو چەکدارانە ناوچەکانمان بەجێبهێڵن و هێزێک لە خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی ناوچەکانمان پێکبهێنرێت. ئەمە داواکاری سەرەکی هەموو ئاوارەکانی سەرێ کانی و
گرێ سپی یە.
شایهنی باسـه، سەرێ کانی و گرێ سپی دوو ناوچەی ستراتیژی گرنگ و دەشتە بەپیتەکانی رۆژئاوای کوردستان و درێژكراوهی دهشتهكانی قامیشلۆ جهزیرهی بن خهتێ یه. ئەم دوو شارە هاوسنوورن لەگەڵ باکووری کوردستان و چەندین شوێنەواری مێژوویی گرنگ لە ناوچەکەدا هەن، کە بهشێکیان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە وێرانكراون و دزراون.
ژمارهی گشتی دانیشتوانی سەرێ کانی وگرێ سپی زیاتر لە 300 هەزار کەسن و نزیکەی 95 % یان کوردن و ژمارەیەکی کەم لە پێکهاتەی عەرەبی و سوریان لەو ناوچەیەدا دەژین. له سەرەتای ساڵی 2019وه، بههۆی داگیركردنی سهرێ كانی و گرێ سپی هەزاران کەس له خەڵکی سەرێ کانی و گرێ سپی ئاوارهبوون و ناچاربوون لە کەمپ و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بن.