محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
شەهید حەمەشەریف سەعید رەحمان ناسراو بە حەمەشەریف بیارەیی، لەدایكبووی ساڵی 1957ی ناحیەی بیارەیە، هەر لە منداڵییەوە كەسێكی چاونەترس و نیشتمانپەروەر بووە، تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە و ماوەی ساڵێك مامۆستا بووە، بەڵام بەهۆی كوردایەتییەوە دەستبەرداریی مامۆستایی بووە و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێوە پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ساڵی 1978 لە لایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوە و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام دواتر بە لێبوردنی گشتی، ئازاد كراوە.
شەهید حەمەشەریف بیارەیی بەردەوام بووە لە خەباتی كوردایەتی و ساڵی 1990 بووە بە پێشمەرگە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا چەندین ئەرك و لێپرسراوێتی هەبووە، ماوەیەكیش لێپرسراوی لیژنەی جوتیارانی هەورامان بووە و خزمەتێكی زۆری بە توێژی جوتیاران و خەڵكی ناوچەكە كردووە.
دوای راپەڕینیش بەردەوام بووە لەخەبات، بەداخەوە، رۆژی 5/4/1997، لە شەڕێكی قورس و نا بەرامبەردا لەگەڵ هاوڕێیەكی پێشمەرگەی بە ناوی(حیكمەت لایەق)، لە هەورامان شەهیدكران و گەیشتنە كاروانی سەروەران.