شەهید حاجی نوور، نموونەی ئازایەتی و خۆڕاگریی

09:37 - 2025-05-05
کەلتور
48 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

رۆژی 7/10/1986، رژێمی بەعس بە هێزێكی زۆر و جۆرەها چەكی پێشكەوتووی ئەوساوە، هێرشی كردە سەر سنووری چالاكیی تیپی 74ی باڵەك و لە (قۆپی ئەستێرێ- سنووری باڵەییان)، پێشمەرگەكانی تیپی 74یش بە سەرپەرشتیی فەرماندەی تیپەكە (برایمی حاجی كوێخا)، ئازایانە بەرپەرچی هێرشەكەی دوژمنیان دایەوە و نەیانهێشت ئامانجەكەیان بەدیبهێنن و زیاتر بچنە پێشەوە.

پێشمەرگە بەشداربووەكانی ئەو شەڕە و خەڵكی ئەو سنوورە، دەزانن كە كوڕانی تیپی 74ی باڵەك چ هێرشێكی قورسیان لەسەربوو، بەڵام خۆڕاگریی پێشمەرگەكان و هاندان و ورەبەخشیی (برایمی حاجی كوێخا)، وایكرد كە سەكەوتن بۆ پێشمەرگە و شكست بۆ دوژمن بێت و داستانێكی گەورە تۆمار بكەن.
یەكێك لە پێشمەرگە بەشداربووەكانی ئەو شەڕە و كە تیایدا شەهیدیش كرا، حاجی نوور بوو، شەهید حاجی پێشمەرگەیەكی ئازا، خۆڕاگر، خۆشەویست، گوێڕایەڵ، مەرد و دڵسۆز بوو، هەروەها هاوڕێی نزیكی فەرماندەی تیپ برایمی حاجی كوێخابوو، كە بەداخەوە هەر بەیەكیشەوە شەهیدكران.

ژیاننامەكەی
شەهیدی نەمر محەمەد مینە برایم ئەحمەد ناسراو بە حاجی نوور، لەدایكبووی رۆژی 24/4 /1964ی گوندی (سەركان)ی ناحیەی چۆمانی قەزای قەسرێ- دۆڵی باڵەییانە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1979 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1982 پەیوەندیی كردووە بە هێزی پێشمەرگەوە لە كەرتی سێی تیپی 74ی باڵەك.
لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەشداریی چەندین داستان و نەبەردی و چالاكی پێشمەرگانەی كردووە، رۆڵ و پێگەی لەناو سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەدا دیار بووە.
رۆژی 7/10/1986، لە داستانی قۆپی ئەستێرێ- دۆڵی باڵەییان شەهیدكرا، هەر لەو شەڕەدا فەرماندەی تیپی 74ی باڵەك و پێشمەرگەیەكی دیكە بە ناوی رەسوڵ حەمەدەمین و دوو هاووڵاتی، شەهیدكران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان