ژنێک 10 ساڵە بەرگریی لە مافی ژنان دەکات

09:52 - 2025-05-05
دیدار
144 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ نەرمین عوسمان محەمەد

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان دەیەوێ بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازادتر و یەکسان هەنگاو بنێت، بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان و پاراستنی مافەکانیان بابەتێکی سەرەکییە. لەم بوارەدا، خاتوو راز فریا، یەکێکە لە چالاکانی ناوداری بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان و بە پلەی «رائید» لە بەڕێوەبـــەرایـــەتی بەرەنـــگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی کار دەکات. ئەم ژنە ماوەی 10 ساڵە بۆ بەهاناوە چوونی داواکاری ژنان و پاراستنی مافەکانیان کاریکردووە. وەک کوردستانی نوێ پێمان خۆش بوو ئەم ژنە لێهاتووە بە باسێکی کورت بەسەر بکەینەوە.  لە سەرەتاوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەم کارەی راز فریا دەڵێت: حەز و خولیایەکی منداڵیمە و باوکی رەحمەتیشم ئەفسەربوو و نموونەیەکی بەهێز بوو بۆ من، منیش بەدوای رێچکەی ئەودا رۆیشتم ئیتر زانکۆم تەواو کرد و لە ساڵی 2015 دا بە رەسمی گوازرامەوە بۆ بەڕێوەبەرایـــەتی بەرەنـــــگاربوونـەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ئەم کارە بۆ من تەنها پۆستێک نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆیی و ئازایانەیە، بەڵام بێ هاوپشتیی هاوسەر و خێزانەکەشم، گەیشتن بەم پلەیە ئاسان نەبووە.
بەربەستەکانی بەردەم ژنان
خاتوو راز روونی دەکاتەوە کە ژن و پیاو لە مەیدانی کار وەک یەک رووبەڕووی چەپاندن و سەختی دەبنەوە، بەڵام هێشتا بەربەستەکانی بەردەم ژنان زیاترن، دەشڵێت «منیش سەرەتا کاتێک لە بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکەم دەرکەوتم ئاستەنگی زۆر دەهاتە بەردەمم، بەڵام بە پشتگیریی بەردەوامی بەڕێوەبەرەکەم و بە توانای خۆم توانیم بەسەر ئاڵەنگارییەکاندا زاڵ ببم».
بڕیاری یاسا و داوای پەیوەندیدار
 سەبارەت بەیاساکانی دژی توندوتیژیی راز فریا وتی «یاساکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011، پارێزگاری لە ژنان و تاکی خێزان دەکەن. ئەم یاسایە لە سەرجەم شارەکاندا جێبەجێ دەکرێ، هەرچەندە کەموکوڕی هەیە، بەڵام کارێکی باشە بۆ پشتیوانیی لە خێزان.»
 سەبارەت بە باشترین رێکارەکان و هەنگاوەکانی چاکسازی و پاراستن لە توندوتیژیی دژی ژنان، ئەم ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایــــەتی بەرەنـــــگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان پێیوایە دەبێت ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگیرێت: 
1.هەڵمەتە هوشیارییەکان: دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن و دەزگاکانی حکومی و ناحکومی بەڕێوەببرێن.
 2. کەناڵە میدیاییەکان: دەبێت بە شێوەیەکی بەرپرسانە هەواڵ و ئاگاداری پەخش بکەن، نەک بە شێوەیەک کە کاریگەریی خراپی هەبێت لەسەر کەسایەتی و دەروونی هاووڵاتیان.
 3. هاندانی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ زانینی یاساکانی تایبەت بە خۆیان و جۆرەکانی توندوتیژیی کە بەرامبەر ئەوان دەکرێ.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات نابێت بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتن بە کامێرای ماڵی کوژراوەکە بکرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی دەروونیی و چاولێکردنەوەی نائاسایی و دەبێت بە بەرپرسیارێتی مامەڵە بکرێت.
لەکۆتاییدا راز فریا بەهیواوە باس لەوە دەکات ئەگەر تەمەن رێگەم بدات، بەردەوام دەبم لە کارەکەم، چونکە ئەوکاتەی دەستم درێژ دەکەم بۆ یارمەتیدانی کەسێک، خۆشحاڵترین کاتە لە ژیانمدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان