سدیق عه‌واڵی
به پاڵپشتی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یانه‌ی رۆژ له سلێمانی، پاڵه‌وانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ تۆپی زه‌نگی نابینایان (گۆڵ بۆڵ)ی له ئامێزگرت.
لە پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا ئەم تیپانە؛ (هه‌ڵبژارده‌ی سوڵتان نشینی عومان، یانه‌ی عه‌جمان - ئیمارات، هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێران، یانه‌ی سنه- ئێران، یانه‌ی دیاربه‌كر - توركیا، هەردوو یانه‌ی ویسام ئه‌لمه‌جد و به‌سره له عیراق، یانه‌ی رۆژ- سلێمانی) بەشدار بوون و مەراسیم و یارییەکان بۆ ماوەی زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام بوون.
رۆژی یه‌كه‌می پاڵه‌وانێتییه‌كه، له (شانۆی رۆمانی) -ی هه‌واری شار و به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌رپرسانی داموده‌زگا حكومی و وه‌رزشییه‌كان و كه‌سایه‌تیەکانی پارائۆڵۆمپی ئاسیا و عێراق و كوردستان، ئاهه‌نگێكی هونەریی رێكخرا، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له وته‌یه‌كدا وێڕای پشتگیریی ته‌واوی بۆ رێكخستنی پاڵه‌وانێتییه‌كه، خۆشحاڵی خۆیشی بۆ ئه‌و رووداوه وه‌رزشییه گرنگه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی شاری سلێمانی، ده‌ربڕی.
هه‌ر له ئاهه‌نگه‌كه‌دا، ژوان سابیر ئیسماعیل سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی پاڵه‌وانێتیه‌كه و سه‌رۆكی یانه‌ی رۆژ، له وته‌یه‌كدا به‌خێرهاتنی میوانه‌كان و تیپه به‌شداره‌كانی کرد، سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كرد كه هاوكار و پشتگیریان له رێكخستنی پاڵه‌وانێتیه‌كه كردوه، دواتر چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌رزشیی پارائۆڵۆمپی نێوده‌وڵه‌تیی و سه‌رۆكی لیژنەی پارائۆڵۆمپی عیراق، وته‌ی خۆیان پێشکەشكرد و سه‌رسامبوون به شێوازی ئاماده‌كاریی بۆ پاڵه‌وانێتیه‌كه و جوانی و دڵگیری سروشتی سلێمانی، دواتر نمایشی تیپه به‌شداره‌كان لەگەڵ موسیقا و گۆرانی تێکەڵی یەکتر بوون، پاشان مه‌راسیمه‌كه كۆتایی هات.
پاڵەوانێتییەکەش بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ( 26 تا 28/ 4/ 2025 ) له هۆڵی یانه‌ی رۆژ بەردەوام بوو، له كاتژمێر 8 -ی سه‌رله به‌یانی تا ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ یارییەکان بەردەوام دەبوون.
له دوا رۆژی پاڵه‌وانێتیەکەشدا،کە ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی داموده‌زگا حكومی و وه‌رزشییه‌كان ئاماده‌بوون، دوایارییه‌كان کران، ئەنجامی کۆتاییش بەمشێوەیە بوو؛
* یانه‌ی ویسام ئه‌لمه‌جد – عێراق، پله‌ی یه‌كه‌م.
* یانه‌ی سنه-ئێران، پله‌ی دووه‌م.
* یانه‌ی رۆژ له سلێمانی، پله‌ی سێیه‌م.
له كۆتاییشدا خه‌ڵات به‌سه‌ر تیپه پاڵه‌وانه‌كاندا دابەشکرا و ده‌یان دیاری و خه‌ڵاتی دیكه بە ناوبژیوانان و به‌شداربووانی ئه‌و رووداوه وه‌رزشییه درا.
شایانی باسە پاڵه‌وانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ تۆپی زه‌نگی نابینایان ( گۆڵ بۆڵ) بۆ یه‌كه‌م جارە له مێژووی عێراق و كوردستان له سلێمانی به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌رێوە دەچێت.