30 ساڵە بازنەی وشکەساڵی دەخولێتەوە و چەند جارێكە دووبارەدەبێتەوە

وشکەساڵی دەستیپێکرد، بەڵام دیار نییە کاریگەر دەبێت، یان نا

11:12 - 2025-05-08
کوردستان
63 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە بە وەرزی هاوین، بەڵام لەئێستاوە وشکەساڵی سەرەتاتکێ دەکات و ئاستی هۆشداریدان بە هاووڵاتیان لەلایەن شارەزایانی کەشوهەوا و ئاوەوە، بەرزدەبێتەوە.
کوردستانی نوێ بەدواداچونێکی بۆ دۆخی ئاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد و لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی سلێمانی داتا و زانیارییەکانیان بۆ خستینەڕوو، ئاری ئیسماعیل زەویناس و لێپرسراوی بەشی حەوز و پێوانە ئاوییەکان-یش لە بەڕێوەبەرایەتییەکە قسەی بۆ کردین.
ئەو لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاشکرایکرد، کە لە سەرەتای وشکەساڵیداین، بەڵام ئاسان نییە یاخود ناتوانن هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر پێشکەش بکەن، کە ئایا ئەمساڵ وشکەساڵیی کاریگەر دەبێت یان نا، چونکە لە سەرەتای وشکەساڵیداین.
ئاری ئیسماعیل وتی «وەك دیارە وشکەساڵیی بازنەیەکە چەند جارێک لە 30 ساڵی رابردوودا دووبارەبۆتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی 1998 و 1999 و 2000 روویدا. پاشان 2007 و 2008 دووبارەبۆوە، هەروەها 2020 و 2021 بەهەمانشێوە گەڕایەوە، بەڵام زۆر کاریگەر نەبوو، لەگەڵ ئەمساڵ 2025یش».
وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی مەرج نییە هەمووی پەیوەست بێت بە کەمبوونەوەی بارانبارین لەمساڵدا، بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەکان، بەهۆی کاریگەریی وشکەساڵی بووە لە ساڵانی رابردوودا. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك لە سەرچاوەکانی ئاو کە لەمساڵدا وشکیان کردووە یان زۆر کەمیان کردووە، شتێکی ئاساییە، چونکە زۆربەی ساڵەکان لە کۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی هاویندا ئاویان زۆر کەم دەکات یان وشک دەکات، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی بارانبارین، دەبوژێنەوە. ئەوە روونکردنەوەی ئاری ئیسماعیلە لەبارەی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت.
هەڵکەندنی بیر بە هەڕەمەکی و دوور لە رێگەی زانستی، کارەساتی ناوەتەوە، لەوبارەیەوە لێپرسراوی بەشی حەوز و پێوانە ئاوییەکان لە قسەکانیدا نموونەی بە سەرچاوەی حەسار لە سەیدسادق هێنایەوە، کە بەهۆی هەڵکەندنی ژمارەیەکی زۆر بیر لە ناوچەکە لە ساڵی 1999-2000 بۆ یەکەمجار وشکیکرد، بەڵام وتی «سەرچاوە گەورەکان وەك سەرچاوەی زەڵم، کانی پانکە، بێستانسوور، راستە ئاویان کەمیکردووە، بەڵام وشکیان نەکردووە».
بە نیسبەت رووبارە گەورەکانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، روونیکردەوە، رووباری سیروان و زێی بچووك، کاریگەریی وشکەساڵییان لەسەرە، بەڵام لەسەر زێی بچووك زۆر زیاترە، هۆکارەکەشی جۆراوجۆرە وەك؛ کەمبوونەوەی رێژەی بەفربارین لە چیاکانی قەندیل بەتایبەتی ئەمساڵ، هەروەها کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کە سەرچاوە سەرەکییەکانی رووباری زێی بچووک وەك رووباری کەڵوێ و رووباری بانە لەوێوەدێن، هەروەها کەمبوونەوەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، وەك روباری شلێر، رووباری سیوەیل، رووباری قەڵاچوالان، هۆکارن بۆ کەمبونەوەی ئاو لە زێی بچووکدا.
باسی لەوەشکرد، کە هەڵکەندنی ژمارەیەکی زۆر بیری قووڵ بەشێوەیەکی نایاسایی بونەتەهۆی وشکبوونی ژمارەیەکی زۆر کانی و کارێز لە شارباژێڕ و پێنجوێن و شارەزوور.
ئاری ئیسماعیل، بە پێویستی دەزانێت پلانێك دابنرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وشکەساڵی پەیوەست بەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پەیوەندیدارن بە سێکتەری ئاوەوە، کە بریتیین لە ئاودێری، ئاوی ژێرزەوی، ئاوی سلێمانی، دەوروبەری سلێمانی و بەنداوەکان.جەختیشیکردەوە، کە پێویستە حکومەتی هەرێم بودجە تەرخان بکات بۆ رووپێویی سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین.
کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان