ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر
شاره‌زایانی بواری ژینگه، ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه پیسبوونی ژینگه ته‌نیا هه‌وا ناگرێته‌وه، كه له‌كاتی ئێستا زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵكو پیسبوونی خاك و ئاو هیچی له‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌متر نییه، به‌تایبه‌تی له‌شارێكی وه‌ك هه‌ولێر، كه له‌رابردوو به‌هۆی به‌رده‌وام كاركردنی پاڵاوگه نایاساییه‌كان، زیاتر باس له پیسبوونی هه‌وای شاره‌كه ده‌كرا، له‌كاتێكدا به‌هۆی پیسبوونی خاك و ئاوه‌كه‌ی، به‌هۆكاری جیاواز، مه‌ترسی زۆر له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ و گیانداران و كه‌رتی كشتوكاڵی دروستبووه.
وه‌ك چالاكوانی رێكخراوه‌كانی بواری ژینگه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر پیسبوونێكی ژینگه و لابردنی هۆكاره‌كانی، پێویستی به‌وه ده‌بێت كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و پیسبوونه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌نموونه‌ش كاتێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژینگه‌ی هه‌ولێر ده‌ڵێـت، پاڵاوگه نایاساییه‌كانی هه‌ولێر داخراون، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و پاڵاوگانه چاره‌سه‌ر نه‌كراون.
ئاسۆ شكاك، سه‌رۆكی رێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگه له هه‌ولێر به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: وه‌ك له رابردوو ئاماژه‌مان بۆ كردووه، پیسبوونی ژینگه‌ی هه‌ولێر، به‌تایبه‌تی به‌هۆی پاڵاوگه نایاساییه‌كان، ته‌نیا نابێته هۆی پیسپوونی هه‌وا، به‌ڵكو هۆكارێكن بۆ پیسبوونی خاك و ئاوه‌كه‌شی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و مادده زیانبه‌خشانه‌ی له پاشماوه‌كانی نه‌وتی ره‌شه‌وه ده‌رده‌چێت.
بۆیه داخستنی پاڵاوگه نایاساییه‌كان به‌س نییه بۆ پاراستنی ژینگه‌ی شارێك، به‌ڵكو ده‌بێت كاریگه‌رییه‌كانی پیسبوونی ژینگه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر خاك و ئاوه‌كه‌ی، بۆئه‌مه‌ش ده‌كرێت له رێگه‌ی كۆمپانیای پاكه‌ره‌وه به ئامێری پێشكه‌وتوو ئه‌و كاره‌بكرێت و خه‌رجیه‌كه‌شی بخرێته سه‌ر پاڵاوگه نایاساییه‌كان، ئه‌وانه‌ی هۆكاری پیسبوونی ژینگه‌كه بوون.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه مه‌حموود كه‌مال شاره‌زای بواری ژینگه به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: به دڵنیاییه‌وه كاركردنی پاڵاوگه‌ی نایاسایی به‌ده‌ر له رێنماییه‌كان، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رسێ ره‌گه‌زی هه‌وا و ئاو و خاك هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌و پاڵاوگانه‌ی به‌نایاسایی دروست بوون، حه‌وزێك یان ده‌ریاچه‌یه‌كی بچووكیان بۆ پاشماوه‌ی نه‌وته ره‌شه‌كه هه‌بووه، ئه‌مه‌ش واده‌كات پاشماوه‌كان بچێته ژێر زه‌وی و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاوی ژێر زه‌وی هه‌بێت، به‌شێكی تر له پاشماوه‌كانی نه‌وتی ره‌ش ده‌بێته هه‌ڵم و كارده‌كاته سه‌ر پیسبوونی هه‌وا، ئه‌مه جگه له‌وه خاكه‌كه پیس ده‌كات و واده‌كات نه‌تواندرێت بۆ كشتوكاڵ سوودی لێوه‌ربگیرێت.
هه‌رچه‌نده كاریگه‌ریی پیسبوونی ژینگه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر خاك و ئاو ده‌مێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كاریگه‌رییه‌كانی كه‌مبكرێته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه پێویسته لایه‌نی په‌یوه‌ندار، به تایبه‌تی سامانه سروشتییه‌كان كار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بكات، تاكو له‌گه‌ڵ داخستنی پاڵاوگه نایاساییه‌كان، كار بۆ نه‌هێشتنی پاشماوه‌كانیشی بكه‌ن.
رێژنه مه‌جید، چالاكوانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له بواری ژینگه، تیشكده‌خاته سه‌ر دۆخی ژینگه له كوردستان و هۆكاره‌كانی پیسكردن و رۆڵی رێكخراوه‌كانی بواری ژینگه له‌و بواره و رایده‌گەیە‌نێت: به‌داخه‌وه دۆخی ژینگه‌ی كوردستان به‌تایبه‌تی شارێكی وه‌ك هه‌ولێر، به‌هۆی بوونی پاڵاوگه‌ی نایاسایی له ئاستێكی خراپ و مه‌ترسیداره و هه‌ندێك كات ده‌گاته هێلی سور، ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكی زۆر خراپە، گرنگترین هۆكاری پیسبوونی ژینگه ئێمه‌ی مرۆڤین، كه به چه‌ندین هۆكاری جیا جیا ژینگه‌ی هه‌رێمه‌كه‌مان پیس كردووه.
به وته‌ی ئه‌و چالاكوانه جگه له پاڵاوگه نایاساییه‌كان، كه ئێستا گومان ده‌كرێت به نهێنی كار بكه‌ن و هه‌موویان دانه‌خرابن، چه‌ندین هۆكار هه‌ن وایانكردووه خاك و ئاومان پیس بێت، له‌وانه خراپی سیسته‌می ئاوی خواردنه‌وه‌مان، كه پێویسته له شێوه‌ی سندوقی بێت، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی جۆرێك له‌ده‌رمان قڕكردنی زینده‌وه‌ره‌كان له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه، وایانكردووه له‌جیاتی سوود گه‌یاندن به زه‌وی كشتوكاڵی، زیان به خاك و به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان بگه‌یه‌نێت.
له شارێكی وه‌ك هه‌ولێر نابێت ته‌نیا سه‌یری پیسبوونی هه‌وا بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت ره‌چاوی دوو ره‌گه‌زه‌كه‌ی دیكه بكه‌ن، ئه‌وانیش خاك و ئاوه، كه هیچیان له پیسبوونی هه‌وا كه‌متر نییه، چونكه كاتێك خاك و ئاو پیسبوون، هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مه كشتوكاڵیانه‌ی مرۆڤ به‌كاری ده‌هێنێت نا ته‌ندروست ده‌بن، كه له‌ناوخۆ و له سنووری شارێكی وه‌ك هه‌ولێر به‌رهه‌م ده‌هێندرێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه دڵشاد هیرانی به‌ڕێوه‌به‌ری ژینگه‌ی هه‌ولێر به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: دوای بڕیاری داخستنی پاڵاوگه نایاساییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای هه‌ولێره‌وه، تاكو ئێستا 61 پاڵاوگه داخراون، ئه‌وانی تر مه‌رجی سه‌لامه‌تی و پاكڕاگرتنی ژینگه‌یان به‌سه‌ر جێبه‌جێكراوه.
وتیشی: پیسبوونی هه‌وای هه‌ولێر ته‌نیا پاڵاوگه نییه، به‌ڵكو چه‌ند هۆكارێك هه‌یه وایكردووه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژینگه‌ی شاره‌كه هه‌بێت، له‌وانه هه‌ندێكیان سروشتین و له‌ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ نییه، له‌وانه نزمی ئاستی خاكی هه‌ولێر له‌رووی ده‌ریاوه، هه‌روه‌ها كه‌می هه‌ڵكرتنی با، ئه‌وانه هۆكارن بۆ پاك نه‌بوونه‌وه‌ی ژینگه، جگه له‌وانه له رووی زۆری ژماره‌ی ئۆتۆمبێل و موه‌لیده‌كانی كاره‌با و سوتانی خۆڵ و خاشاك و به‌ره‌و پێشچوونی پیشه‌سازی و پاشماوه‌كانی.
به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ژینگه‌ی هه‌ولێر، رێوشوێنه‌كانی ره‌زامه‌ندی ژینگه‌یی له‌سه‌ر كارگه و ناوچه پیشه‌سازییه‌كان له نێویشیان پاڵاوگه‌كان توندتر ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین زیانی ژینگه‌ییان هه‌بێت، له‌و باره‌یه‌وه هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌سته‌ی ژینگه و فه‌رمانگه و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له ئاستێكی باش دایه، هه‌موو هه‌نگاوه‌كان به ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ژینگه‌یه له هه‌ولێر و كوردستان به‌گشتی، ئینجا هه‌وا بێت یان خاك و ئاو.