كاری ناساندن و هەڵدانەوەی گردە مێژووییەكانی هەولێر بەتەواو نەكراوی ماونەتەوە

10:40 - 2025-05-14
دووتوێ
9 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد

شاری هەولێر وەك شارێكی دێرین، چەندین گردی شوێنەواری تێدا هەڵكەوتووە، كە لەڕابردوودا گوندی نیشتەجێبوونی مرۆڤە سەرەتاییەكانی سەردەم و شارستانییەتی (حەلەف، عوبێد، ئاشووری، نەینەوا، وەركا، چاخی بڕۆنز، میتانی، عەباسی) و چەندانی دیكە بووە، ئەوانیش گردەكانی (قالینچ ئاغا، لەشكر، نادر، كلك مشك) و چەندانی ترن، بەڵام بەهۆی تەواونەكردنی كاری هەڵكۆڵینیان، لەئێستادا گڵی هەزاران ساڵی بەسەرەوەیە و لانەبراوە.
محەمەد سدیق، هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت: لەسەردەمی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عیراق، ئەو گردانە فەرامۆش كرابوون و بەرپرسانی  ئەوكاتی عیراق هیچ گرنگییەكیان پێنەداوە، بەتایبەتی ئەوان نەیاندەویست گرنگی بەمێژووی كوردستان بدەن، بۆیە زۆرجار هەوڵی لەناوچوونی ئەو شوێنە مێژووییانەشیان دەدا بۆ نموونە بەشێك لەگردە شوێنەوارییەكانی شاری هەولێر لەبڕی هەڵكۆڵینی و گرنگی پێدانیان، كرابوونە سەنگەری سەربازانی سوپای عیراق.
وتیشی: ئێستاش دوای 30 ساڵ لە حكومەتی خۆماڵی، بەڵام نازانم بۆچی لێپرسراوانی ئێستای شاری هەولێر، گرنگی بەو گردانە نادەن و ئەو خۆڵەی كە لەسەریان كۆبۆتەوە لای نابەن و مێژوو و شێوەیان بۆ خەڵكی كوردستان و جیهان ئاشكرا ناكەن، چونكە ناكرێت ئەو گردانە هەر بەو شێوەیە سەرداپۆشراوەییە بمێننەوە.
ئەوەی جێگای نیگەرانییە تا ئێستا چەندینجار و چەندین تیمی وڵاتانی جیهان و ناوخۆیی كاری كنە و پشكنینیان بۆ ئەو گردانە ئەنجامداوە، بەڵام بەتەواوی خۆڵەكانیان لەسەریان لانەبردووە و پاش تەواوبوونی كارەكانیان لەوەرزێكی كاركردن دووبارە خۆڵەكەیان بەسەر شوێنەوارە كۆنەكەی گردەكەدا كردووە.
لەوڵاتانی پێشكەوتوو هەرچی گرد و شوێنەواری كۆن هەیە هەموو خۆڵەكانی سەریان بەشێوەیەكی زانستی لادەبەن و دواتر دەیانكەن بەشوێنێكی سەردانیكردنی گەشتیاری، بۆ ئەوەی گەشتیارانی خۆیان و وڵاتانی تر بەمێژوو و شوێنەواری كۆنی وڵاتەكانیان ئاشنابن، بەهۆی چوونە ژوورەوەی گەشتیارانیش لەبەرامبەر بڕێك پارە بۆ ئەو شوێنانە، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ ئەو وڵاتە.
 لەو بارەیەوە سەروین سەعدی، كە هاووڵاتیەكی تری شارەكەیە دەڵێت: دەكرێت حكومەتی خۆجێی شاری هەولێر لەڕێگەی كنە و پشكنین و هەڵكۆڵینی ئەو گردە شوێنەواریانە گەشتیارێكی زۆری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان رابكێشن، بەتایبەتی گەشتیاری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا، كە ئامادەن بۆ شوێنێكی شوێنەواری بەهەزاران كیلۆمەتر ببڕن و بێنە سەردانی.
پێشیوابوو: دەكرێت لە داهاتوودا كاری لێپرسراوانی شاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، لابردنی ئەو هەموو خۆڵ و گڵانە بێت كە بەسەر گردە مێژووییەكاندا كەوتوون.
هەر لەمبارەیەوە كەیفی مستەفا بەڕێوەبەرەی گشتی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو گردانە لەڕابردوو وەكو گردەكانی (كلك مشك) و (قالینچ ئاغا) و (لەشكر) كاری هەڵكۆڵینیان تێداكراوە و مێژووەكەشیان ئاشكراكراون، بەڵام بابەتی لابردنی تەواوەتی خۆڵەكەی سەریان، بەپێی زانستی شوێنەوارناسی دەبێت ئەو خۆڵە پارێزراو بێت، چونكە هەمیشە زانست و تەكنۆلۆژیای شوێنەوار بەرەوپێش دەچێت، لەوانەیە ئێستا زانستێك هەبێت، بەڵام لەئایندە زانستەكە بەرەوپێش بچێت و سوودی زیاتر لە توێژینەوەكان وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێم وتیشی: دەكرێت ئەو شوێنانە بكرێنە مۆزەخانەی ناوچەكەی خۆیان و پارێزراوبن، خەڵك سەردانی بكەن و زانیاری لەسەر مێژووەكەی و كارەكانی لەڕابردوو وەربگرن، وەكو پێگەیەكی شارستانی دێرین بیان بینن، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە و كەسانی شارەزا و پسپۆڕ، كاری ئاشكرانەكردنیان و هەڵنەدانەوەیان تەواو نەكراوە. 
لەبارەی شێوازی هەڵدانەوەی شوێنەوارەكان وتی: ئێمە دوو جۆر هەڵدانەوەی ناوچەی شوێنەواریمان هەیە، یەكێكیان لەگەڵ زانكۆ بیانییەكان كاری هەڵكۆڵین ئەنجام دەدەین، دووەم ئەوەیە كاتێك شوێنەكە دەكەوێتە بەر پڕۆژەیەك، یا بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا یان زیادەڕەوی كردنی لەسەریان لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەبێت، ئەوكات خۆمان كاری هەڵكۆڵینی تێدا دەكەین، هاوکات تائێستا كاری هەڵكۆڵینمان بۆ زیاتر لە 20 پێگەی شوێنەواری ئەنجامداوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان