ئا: هێدی گەڵاڵی
بەو پێیەی سنووری قەزای مەخمور لە باشوری رۆژئاوای هەولێر، دەوڵەمەندە بە كشتوكاڵ و كەوتۆتە نێوان هەردوو زێی گەورە و بچووك و پێكهاتەی خاكەكەی لە دەشتایی و زورگ و چیا پێكدێت، هاووڵاتیانی سنوورەكە داوای هاوینەهەوار و كردنەوەی شاری گەشتیاری دەكەن، هەر بەهۆی نەبوونی شوێنكی گونجاو بۆ گەشت و سەیران خەڵكەكەی رووی لە ناوچەكانی دیكە دەكەن، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری خستۆتە سەر دانیشتوانەكەی، بەجۆرێك هەندێك لە خێزانەكان توانای گەشت و سەیرانیان بۆ شوێنی دوور نییە.
سەڵاح ئەنوەر مەخموری هاووڵاتیەكی قەزاكەیە لەو بارەیەوە بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: مەخمور ناوچەیەكی گرنگ و سنوورێكی فراوانی هەیە، پێكهاتووە لە دەشتی قەراج و ناحییەكانی كەندیناوە و باقرتە و گوێڕ و سەدان گوندی لەخۆگرتووە. بەدرێژایی مێژوو ئەو دەڤەرە بێبەش بووە لە شوێنی گەشتیاریی و دارستان و سەوزایی و باخی گەورە، كە سوودی هەبێت بۆ خەڵك.
وتیشی: لەرووی گەشتیاریەوە هەڵكەوتەی جوگرافیای ئەو سنوورە یارمەتیدەرە و بە ئاسانی دەتواندرێت هاوینەهەوار و شاری گەشتیاری لێ دروست بكرێت، چونكە هیچی كەمتر نییە لەناوچەكانی تری كوردستان، كە بە بەردەوامی شوێنی گەشتیاریان بۆ دروستكراوە و هاووڵاتیان سەردانی دەكەن و خەڵكێكی زۆر لە رووی پشوودان و بەسەربردنی كاتێكی خۆش تێیدا سوودمەند دەبن، پێموایە ئەگەر حكومەت هاوكار بێ دەتوانرێت شتێكی نایاب لەو دەڤەرە دروست بكرێت.
بە هەمانشێوە سالار سیامەند، نوسەر و هاووڵاتییەكی دیكەی قەزاكەیە لەبارەی نەبوونی شوێنێكی گەشتیاری لە سنوورەكە پێیوتین: قەزای مەخمور وەكو زۆربەی ناوچەكانی تری كوردستان، دەكرێت ببێتە ناوچەیەكی گەشتیاری و گەشتیاران رووی تێبکەن، دەشتێكی فراوان و سەرنج راكێشی هەیە بەدووری چەند كیلۆمەترێك ئاوی زێی دیجلە و زێی بچووك و زێی گەورە بەلایدا تێدەپەڕ، جگە لە چیای قەرەچووخ و زورگە زورگەزراو، دەوڵەمەندە بە جۆرەها باڵندە و ئاژەڵی كێوی.
پێشیوابوو: كەم ناوچە هەن بەوشێوەیە دەوڵەمەند بێ لە هەبوونی چەندین سەرچاوەی گرنگی گەشتیاریی، بەڵام وەكو پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و فەرامۆش كراوە بۆیە دەكرێت لە بوارە جیاوازەكاندا بایەخی زیاتر بەو سنوورە بدرێت.
پێشنیاری ئەوەشی كرد: دەكرێت چەند كۆمپانیایەك رابسپێردرێن بۆ ئەوەی چەند شوێنێك دەستنیشان بكەن و وەبەرهێنانی تێدا بكەن، بۆ ئەو مەبەستە حكومەتی خۆجێیی دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت، ئەویش بە رێكخستن و ئامادەكردنی فێستیڤاڵی كەلتوری ساڵانە گرنگی زیاتر بەو ناوچانە بدات.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەهۆی نەبوونی هاوینە هەوارێكی گەشتیاریی، خەڵكەکەی لە وەرزی بەهاردا روو دەكەنە بناری چیای قەرەچووخ و بەرزاییەكانی زورگەزورگەزراو و دەورووبەری گەشتی خێزانی ئەنجام دەدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە و نەبوونی پێداویستییەكانی گەشتیاریەوە، وەك دارستان و شاری یاری و رێگاوبان، وەكو پێویست چێژ لە گەشت و پشووەكانیان نابینن.
نەوزاد قادر، یەكێكی ترە لە هاووڵاتیانی قەزاكە دەڵێت: قەزای مەخمور لە ساڵی 1927 قەزایە، تاكو ئێستا هیچ شوێنێكی گەشتیارییان بۆ نەكراوە، بۆیە بایەخدان بە كەرتی گەشتیاری لەو سنوورە، جگە لەوەی خەڵكەی دەتوانن سەردانی بكەن و كاتێكی خۆشی تێدا بەسەر ببەن، لەهەمانكاتدا دەبێتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ خەڵكەی و بوژانەوەی ناوچەكە.
ئەوەشی خستەروو: پێشتر چەند جارێك پێشنیاری شوێنی گەشتیاری لە مەخمور كراوە، بەڵام لەلایەن ئیدارەی قەزاكەی بەهەند وەرنەگیراوە و وەك بابەتێكی لاوەكی و بێ بایەخ سەیری كردووە، ئەمەش غەدرێكی دیكەیە لەگەڵ ئەم سنورە دەكرێت، پێویستە لەگەڵ كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم بیرێك لەو بابەتانە بكرێتەوە.
ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەبارەی گرنگیدان بە گەشتوگوزاری سنووری قەزای مەخمور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەبەر ئەوەی ئەو سنوورە لەچوار چێوەی ماددەی 140 و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، ئێمە وەك دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم زانیاریمان لەبارەی ئەو بابەتە نییە.
وتیشی: لەبەرئەو هۆكارە ئێمە ناتوانین پڕۆژە لەو سنوورە ئەنجامبدەین، بەڵكو پەیوەستە بەلایەنی پەیوەندار ئەویش پارێزگای نەینەوایە.