فەرەیدوون سامان
رۆژانی 10 و 11ی گوڵانی 2025 لەشاری ئامەد (دیاربەکر)ی باکووری کوردستان، بەئامادەبوون و بەشداریی دەستەبژێرێک لە رۆشنبیرانی هەر چوارپارچەی کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا، هەر لە شارەکانی کرماشان و ئیلام و سنەوە تا خۆراسان و ورمێ، لە سلێمانی و هەولێرەوە تا زاخۆ و دهۆک، لە باکوور لە هەکاری، وان تا ماردین و ئامەد، بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی رۆژی زمانی کوردی، ئامادەی ئەو چالاکییە کەلتورییە بوون، کە دەکەوێتە ١٥ی گوڵانی هەموو ساڵێک، لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی کە لە بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی «مانفێستی گیرۆنا» وەرگیراوە، بۆ رێزگرتن لە «زمانی دایک» بۆ هەموو گەلانی جیهان، کوردیش وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لەو بۆنەیەدا بەهرەمەند بووە.
ئەم جڤینە کەلتورییە بە هاوبەشی سەرۆکایەتی شارەوانی ئامەد و ناڤەندا (پێنی کوردی) کە سەر بە رێکخراوی «پێنی» نێونەتەوەییە و سەرۆکەکەشی هەر کوردێکی خەڵکی باکوورە بە ناوی بورهان سۆلماز رێکخرا.
پرسە کەلتوری و زمانەوانییەکان
لەو دوو رۆژەدا وێڕای ئازادی هزرین و رادەربڕین لە پانێل و وتووێژەکانی بەشداربوواندا، ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، بە شێوەیەک قسەکەران باسیان لە پرسە کەلتوری و زمانەوانییەکان دەکرد. لەوانەش قسەکردن لەسەر پرسی زمانی کوردی و کاریگەریی لەسەر کەلتوری هاووڵاتییانی کورد لە باکووری کوردستاندا، هەروەها زمانی کوردی بەهۆکاری جوگرافییەوە کەوتووەتە ژێرباری کاریگەریی پلۆرالیزم یان فاکتەرێک هەیە کە یارمەتیدەر بووە بۆ جیاوازی زار و بنزارەکانی، لەو وتووێژانەدا زمانی کوردی لە زۆر لێکۆڵینەوەدا پۆلێنکران کە سەر بە زمانە زاگرۆسییەکانە، باسی ئەوەش کرا کە زمانێکی چەوساوەیە و چەندانجار و رووداوی سەختی سڕینەوە و قڕکردن بەسەر زمان و ناسنامەی کورددا تێپەڕیوە، ئەم جۆرە تێڕوانینەش کاریگەریی لەسەر زمانی کوردیی هەبووە و وشەگەلێکی نوێی پێکهێناوە کە کاریگەریی لەسەر رەسەنایەتی زمان و کەلتوری کوردی هەبووە، بەتایبەت لە باکووری نیشتماندا، وێڕای قەدەغەکردنی زمانەکە بە پێی دەستووری دەوڵەتی تورکیا، هەروەها جیاوازیی زارە کوردییەکان و کاریگەرییان لەسەر کەلتوری هاووڵاتییانی کورد، بەتایبەتیش ئەو نەوانەی کە لە ناوەندی شارە گەورەکان دەژین، بەداخەوە زمانی پەروەردە و فێرکردنیان بۆتە زمانی تورکی و تەنانەت لە ماڵەوەش بە تورکی دەئاخفن، تەنانەت نەوەیەک لە دەرەوەی کوردستاندا (دیاسپۆرا) لەدایکبوون، نامۆن بە زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوەییان. پانێلێکی تر جیاوازی لە وشەگەل و زاراوەکان بوو کە چۆن دەبێتە هۆی جیاوازی لە واتا و چەمک و بەم شێوەیە گۆڕان لە بۆچوون یان چەمکەکان بەهۆی ئەو جیاوازییانەوە دێنێتە دی، باسێکی تر ئاماژەی پێکرا وەک هەندێک نووسەری کورد وازیان لە زمانی خۆیان هێناوە بۆ نووسین بە زمانەکانی تری وەک تورکی و فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیانن و کاریگەریی بایەخدان بەم زمانە بیانییانە لەسەر هەست و هزرینیاندا، هەروەها نەبوونی پەیوەندیی نێوان رۆشنبیرانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەهۆی جیاوازی ئەلفوبێ و دیاردەی دەڤۆک و بنزارەکان، ئایا بۆتە هۆی گەشەکردنی بێوچان زارەکان لەسەر حسابی گشتگیریی زمانی کوردی.
هەژموونی زمانە بیانییەکان
وێڕای هەبوونی دوو بەشی زمانی کوردی لە شارەکانی وان و ماردین، بەڵام دەرچووانی ئەم بەشە دوای وەدەستهێنانی بڕوانامە، بەداخەوە دانامەزرێن و بێکار دەمێننەوە، هەروەها بابەتێکی تر باسی لێوە کرا ئەویش کێبڕکێ و هەژموونی زمانە بیانییەکان بوو لەسەر زمانی کوردی، بە تایبەتیش زمانی ئینگلیزی و هاندانی لەبواری دامەزراندندا. بڵاوبوونەوەی خوێندنگە ناحکومییەکان (ئینگلیزییەکان) لە هەرێمی کوردستاندا، ئایا زمانی کوردی لە پلە دوودایە، لەکاتێکدا لە دەستووری عیراقی فیدرالدا بە فەرمی وەک زمانی یەکەم دانی پێدانراوە، رەوشی زمانی کوردی لەناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان و ناوەڕاستی عیراقدا رووبەڕووی ئاسیمیلاسیۆن(توانەوە) و جینۆسایدی کەلتوری بۆتەوە، پشتگوێ خراوە و لە ئەنجامی فەرامۆشکردن و نەبوونی هاندان کە هانی مرۆڤی کورد بدات، ئەو بابەتانەی بە زمانی دایک بخوێنێتەوە یان فێر ببێت، چۆن ئەو گۆڕانکارییە دەخوێنینەوە، دواجار کە رۆژێک هەیە بۆ رۆژی زمانی کوردی، ئایا توێژینەوە لەسەر ئەم بۆنەیە وەکو پێویست پێشکەش کراوە، بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی کەلتوری کوردی، گەڕانەوە و پشتبەستن بە مەرجەعە ئەکادیمی و زمانناسییەکان، یان تەنیا وەک رۆژێکی ئاهەنگگێڕان لەلایەن لایەنێکی سیاسی ماوەتەوە.
رەتکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی
بۆیە پەیڕەوکردنی کەشێکی نادیموکراسییانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچە و زارە کوردییەکان لەبەشەکانی دیکەی کوردستاندا، بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتەکانەوە، زمانەکەی دووچاری زۆر کێشە و تەنانەت رەتکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کردووە، وەک دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی سیاسەتی زمان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیایەکی دیارکراو، یان زۆرینەی ژمارەیی، بەڵام کەمینەی ئاخێوەر، مەسەلەیەکی زۆر گرنگە، ئەزموونی زمانی کوردی لە کوردستانی بندەستی تورکیا هێشتا لە قۆناغی پێکهێناندایە، لەکاتێکدا ئەم زمانە لە کوردستانی بندەستی عیراقدا ماوەی سەدەیەکە گەشەی کردووە و خاوەنی زەخیرەکی فەرهەنگی و چەندان دامەزراوەی کەلتورییە، لە کوردستانی بندەستی سوریادا کە تەمەنی ئەزموونەکە نزیکەی دە ساڵێکە لە پرۆسەی پێشڤەچوون و گەشەکردندایە. (لێرەدا ئاماژە بە رەوشی زمانی کوردی لە ئەرمەنستان و گورجستان ناکەم، چونکە ئەزموونێکی سنووردارە سەرەڕای تەمەنی درێژیی و لە سنوورەکانی خۆیدا فراوان نەبووە).
مانەوەی زمانی کوردی وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر ئەو زەمینە، وێڕای ئەوەی کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی هەیە، لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە، سەبارەت بە چەند هۆکارێکی سیاسی، زەوتکردن و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار نەتەوەی دەسەڵاتداردا، زمانی کوردی رووبەڕووی توانەوە و قڕکردنی کەلتوری کردۆتەوە، هیشتاش نەبۆتە زمانێکی پێوەر و ستاندارد بۆ هەموو کوردانی بەشەکانی کوردستانی گەورە.
رەوشی زمانی کوردی
سەبارەت بە بەڕەسمی نەناساندنی زمانی کوردی کە بە ناچاری رووناکبیران و نووسەرانی کوردی رۆژهەڵات و رۆژاوا و باکوور، بە زمانی نەتەوەی دەسەڵاتداریان خوێندووە و نووسیوە، بەڵام دەستەبژێرێک لە رووناکبیرە دڵسۆزەکانیان هەر لە رێگای زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسییەوە خزمەتێکی زۆریان بە زمان و کەلتور و فەرهەنگی کوردان کردووە.
ئەگەر لە باکوور و رۆژاوای کوردستاندا، ئاخافتن و نووسین و چاپەمەنی بە زمانی کوردی قەدەغە بووە و سزای زیندانی و ماڵی لەسەر بووە، ئەوا لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا هەرچەند قسەکردن بە کوردی قەدەغە نەبووە، بەڵام بە رادەیەک دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی کراوە و پەراوێزخراوە هەر بە زارێکی لۆکاڵیی دانراوە و کراوەتە پاشکۆی زمانی فارسی، لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئێران و تورکیا و عیراق و سووریا، زەوتکردنی بەشێک لە خاکی کوردستان، ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کرد جینۆسایدی کەلتوری و توانەوەی زمانی کوردی بووە، ئەویش لە رێگای سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، چونکە ئامانجی ستراتیژی ناسیۆنالیستی نەتەوەی سەردەست گۆڕانکاریی دیموگرافی و سیاسەتی بە عەرەبکردن و فارسکردن و تورککردن بوو، ئەویش بە حاشاکردن لە کوردبوونی ئیتنیکە کوردییەکانی وەک زازاکی، هەورامی، لەک و لوڕ تا دەگات بەوەی کە حاشا لە کوردبوونی ئیزەدی و شەبەک و کاکەییەکانیش بکەن، دیارە بە بیانووی ئەوەی کە زارەکانیان لە کوردی ناوەند- سۆرانی جیاوازە، هەر بۆیەش ئەوان زمانی کوردی بە یاسا قەدەغە دەکەن، چونکە لێی دەترسن و بە هەڕەشەی دەزانن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان، کە پێیان وایە دواجار داننان بە ناسنامە و زمانی کوردی وڵاتەکەیان پارچەپارچە دەبێت، هەر بۆیەش دەیانەوێ بۆ هەمیشە زمانی کوردی زمانێکی لەتکراو و سەرکوتکراو و ژێردەستە بێت.
لە سەد ساڵی رابردوودا زمانی کوردی بە پلان و ئەجیندای نەتەوەی دەسەڵاتدار وەک شەڕی تایبەت بەرامبەر بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتوری لە برەودایە و تەنانەت گەیشتە ئەو رادەیەی ئاخێوەرانی ئەم زمانە و زارەکانی زیندانی بکرێن، تەنانەت هەندێجار لە سێدارەش بدرێن، وێڕای هەوڵی بەردەوامی جینۆسایدی کەلتوری نەتەوەییمان و هاوکات هەوڵی ئەوەیان داوە ئاسمیلاسیۆنی زار و بنزارە کوردییەکان بکەن لەسەر بنەمای تیۆرەکانی مەکنزی و مینۆرسکی و هاوڕاکانیان لە هەندێ لەو رووناکبیرە کوردانەی کە پێشتر ناومان هێنابوون، هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون کە ئەم دیالێکت - زارە کوردییانە وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە زمانی کوردی یان هەر هیچ نەبێت بە کۆمەڵە زمانە کوردییەکانی بناسێنن.
رۆژی زمانی کوردی
پێشنیارکردنی رۆژی 15ی ئایار وەک رۆژی زمانی کوردی کێشەیەک بەخۆوە دەبینێت. بیرۆکەی تەرخانکردنی رۆژێک بۆ یادکردنەوەی زمانی کوردی زۆر باشە، بەڵام هەڵبژاردنی رۆژێکی دیارکراو تاکلایەنە مەسەلەیەکە بە گەرمی پێشوازیی لێ ناکرێت لەبەر چەند هۆکارێک:
- باشووری کوردستان کە خاوەن حکومەت و پەرلەمانە، بە کۆدەنگی دەتوانێت رۆژێکی دیارکراو بۆ زمانی کوردی دیار بکات.
- نە کوردەکانی رۆژهەڵات و نە رۆژاوا ناتوانن ئەو کارە بکەن، چونکە هیچ دامەزراوەیەکی کوردی بە فەرمیی دانپێدانراویان نییە، بۆیه پێویسته میکانیزمێک بدۆزرێتەوه بۆ بەدیهێنانی گونجاندنی زۆرینەی کورد له رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
-هەڵبژاردنی رۆژی 15ی گوڵان وەک رۆژێکی دیارکراو، دەبێت بە هاوئاهەنگی و تەوافق و رەچاوکردنی میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی قووڵ بێت، کە پەیوەندیدار بێت بە مێژوو و جوگرافیای بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە.
- هەڵبژاردنی رۆژێکی دیارکراو بۆ رۆژی زمانی کوردی دەبێت ئامانجێکی روون و ئاشکرای هەبێت که کورد له بەشەکانی دیکەی کوردستاندا هەوڵی
بەدەستهێنانی بدات.