هەوڵێک لەئارادایە بۆ بردنە دەرەوەی پاڵاوگەی ئەڵوەن لە خانەقی

11:30 - 2025-05-20
دووتوێ
19 جار خوێندراوەتەوە

دوای تەواوبوونی پرۆسەی گەران بەدوای بیرە نەوتە خەزێنەییەكانی نەفتخانە، لەقۆناغیی سێیەمدا دەستدەكرێت بەئامادەكاری و دروستكردنی بیری كۆكردنەوەی نەوت و دواتر لەپرۆسەكانی داهاتوودا دەرهێنانی دەست پێدەكات، ئەمەش لەكاتێكدایە ئیدارەی پارێزگاكە و حكومەتی عیراق دەیانەوێت پاڵاوگەی ئەڵوەن كە كۆنترین پاڵاوگەی عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستە دابمەزرێننەوە، زانیارییەكان گوزارشت لەوە دەكەن كە پیلان هەیە ببرێتە دەرەوەی خانەقین. 
كۆنترین پاڵاوگەیە 
ئەندازیار جەواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقی باس لەوەدەكات: «پاڵاوگەی ئەڵوەن كۆنترین پاڵاوگەی ناوچەكەیە، لەعیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە ناوچەی بانمیلی خانەقی دروستكراوە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1928.
وتیشی: نەوتی نەفتخانە گرنگیی خۆی هەیە لە ناوچەكەدا و لە داهاتوویەكی نزیكدا پڕۆژەی دەرهێنانی نەوت فراوان دەكرێت و پاڵاوگەی  ئەڵوەن دەبێتە زەروورەت.
بردنە دەرەوەی لە بەرنامەدایە
 ئەوەش ئاشكرا دەكات: «بەداخەوە بەپێی زانیارییەكانمان بەرنامەیەکی پیلانگێڕی هەیە تا پاڵاوگەكە لە شوێنی كۆنی خۆی و لە سنووری قەزای خانەقی دروست نەكرێتەوە، بەڵكو ببرێتە حەمرین، یان ناوچەیەكی تر، ئەمەش زیانی گەورە بە ئابووریی ناوچەكە دەگەیەنێت.
هەروەها دەڵێت: پاڵاوگەی ئەڵوەن مێژووی ستراتیژی خانەقیە، نەفتخانە لە سنووری قەزاكەیە، كەواتە دەبێت لە شوێنی خۆی دابمەزرێتەوە واتە لە بانمیل و لەڕووی زۆر لایەنەوە سوودی یەكەمی بۆ شارەكە و خەڵكی شارەكە بێت.
هەموو رێكارەكان تەواو بووە
جواد فەیزوڵڵا ئەوەش دەخاتەڕوو کە نووسراوی كردووە بۆ پارێزگاری دیالە و داوای لێكردووە پاڵاوگەكە لە سنووری خانەقی  و لە شوێنی خۆیدا دروست بكرێتەوە و دەڵێت: «نابێت ببرێتە دەرەوەی شارەكە، تەواوی رێكارەكانم ئەنجامداوە و بەردەوام دەبم لە هەوڵی خۆم».
وتیشی: ئێستا ئەوەی گرنگە گوشارەكان زیاتر بكرێن. سوزان خان لە ئەنجومەنی نوێنەران، كاك ئەوس لە ئەنجومەنی پارێزگا هەوڵی خۆیان خستووەتەگەڕ، بەڵام زیاتری دەوێت، پێویستە لەئاستی گەورەتر، بەتایبەت لەرووی سیاسییەوە سەركردەكانی كورد بێنە سەرخەت، نەوتی خانەقی نەوتی ناوچەی دابڕێندراوە، گرنگی خۆی هەیە بۆ كورد و ناوچەكە، نابێت جارێكی تر ستەم لەخانەقین و خەڵكەكەی بكرێت.
   چەندین سوودی هەیە 
قایمقامی خانەقی ئەوەش دووپات دەكاتەوە کە دروستكردنەوەی پاڵاوگەی ئەڵوەن، ئابووریی شارەكە و ناوچەكە دەبووژێنێتەوە، چەندین سوود و گرنگی خۆی هەیە، بۆ نموونە، هەلی كار بۆ گەنجان و خەڵكی شارەكە، هەلی دامەزراندن بۆ دەرچووانی بوارەكە و كۆمپیوتەر و چەندین بەشی تر دەڕەخسێنێت، ئەزموونی پیشەكە دەهێنێتە شارەكە، سوودی دەبێت كە كۆمپانیاكانی بواری نەوت پڕۆژە لەشارەكە ئەنجام دەدەن.
هەروەها وتی: دواتر بەرهەمەكانی سووتەمەنی بەشی ناوچەكە بەرهەم دەهێنرێت و پێویستیی ناوچەكە پڕدەكرێتەوە و  ئەوەش سوود و گرنگیی خۆی هەیە.
سامانی شارەكە بۆ خەڵكی شارەكەیە 
جواد فەیزوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو کە چ نەوتی نەفتخانە، چ ئەو خاڵە سنوورییانەی هەن، یان دروستكردنی پاڵاوگە، دەبێت بۆ خەڵكی شارەكە سوودیان هەبێت، نەك تەنها ناوەندی خانەقی، گوندەكان، ناحیەكان، دەبێت ئاسەواری بووژانەوەی ئابووری دروست بكەن.
جەختیشیكردەوە لەوەی خانەقی پێویستی بە ئاوەدانیی زیاترە، دەبێت سامانی سروشتیی شارەكە بەشی پڕۆژە و ئاوەدانیشی لێ جیابكرێتەوە، خوێندنگەكانی خانەقی، رێگەوبانەكان و شەقامەكانی پێ قیرتاو و دووساید بكرێت.
سامان عەلی، کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان