چاپكراوی نوێی بۆردی هۆشیاری

بۆ یۆبیلی زێڕینی (ی.ن.ك) ئامادەیە

09:38 - 2025-05-21
کوردستان
39 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی چالاكییە بەردەوامەكانیدا، بۆردی هۆشیاری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، زنجیرەیەك كتێبی چاپكراوی ئامادەیە كە رێوڕەسمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی بۆ بكات و بیكاتە دیاری یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان .

كوردستان و بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد
لە یەكەم پاكێچی ئەم یادكردنەوەیەدا كە مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەیان بۆ دەكرێت كتێبەكانی (كوردستان و بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد لە نوسینی جەلال تاڵەبانی) ئەم كتێبە بەشێكە لە پرۆژەیەكی فراوانی بۆردی هۆشیاری  بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم نووسینەكانی سەرۆك مام جەلال، دابەشكراوە بەسەر پێنج پاژ، ساڵی 1969 سەرۆك مام جەلال نووسیوێتی و بەوردی باسی بزوتنەوەوەی نەتەوەیی گەلی كوردستان دەكات، جگە لە دیدیگای نووسەر چەندین سەرچاوەی بەكارهێناوە بۆ خستنەڕووی لایەنە جیاوازەكانی بزوتنەوەی نەتەوایەتی گەلی كوردستان.

سەنگەر و خوێن
(سەنگەر و خوێن) لە كۆكردنەوەی و ئامادەكردنی ئەمیرە محەمەدەو بەرهەمێكی تری بۆردی هۆشیارییە، لە دووتوێی 447 لاپەڕە و لە زاری 70 تێكۆشەرو قارەمانی گەلەكەمانەوە، قۆناغە سەرەتاییەكانی هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێ‌ و بەرەنگاریی سوپای بەعسی رووخاو، تا داستانە پڕ لە شانازییەكانی رووبەرووبونەوەی تیرۆرستانی داعش دەگرێتەوە.

پارتیزانەكانی دوای ئەنفال
(پارتیزانەكانی دوای ئەنفال) لە ئامادەكردنی محەمەد حەمە تەقی یە و مێژووییەكی پڕ لەشكۆی پارتیزانەكانی سنوورەكانی (گەرمیان و شارباژێری سەخت و تەخت و سورداش ،  بیتوێن - پشدەر و قەرەداغ و كۆیە و كەركوك و هەولێر و خۆشناوەتی و بادینانە، تێیدا بە دەیان تێكۆشەر لەم كتێبەدا بەسەر كراونەتەوە.

رەهەندی تەندروستی لە شۆڕشی نوێدا
 هەروەها هەردوو بەرگی دوو و سێی  رەهەندی تەندروستی لە شۆڕشی نوێدا (1976-1991) درێژكراوەی بەرگی یەكەمی ئەم كتێبەیە، كە لە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی گۆران سەلام محەمەدەو دەیان پزیشك و پەرستار و برینپێچ لەم كتێبەدا بەسەركراونەتەوە، لە (1500 )لاپەرەدا باس لە گرنگی و رۆڵی تیمەكانی تەندروستی شۆڕش دەكات بۆ بەردەوامیدان بەخەبات و لایەنێكی تری مێژووی پڕ سەروەری شۆڕشی نوێ‌ دەخاتە روو.
هاوكات بۆردی هۆشیاری، زەنجیرە چالاكییەكی تایبەت بە یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رووی میدیایی و رۆشنبیریی سازدەكات و دەبێتە بەشێك لە هەفتە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان