دیداری/ ئەسرین محەمەد
هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عیراق، لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکردنی پسووڵەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان دەستی پێکردووە، هاووڵاتیان لەو رێگەوە دەبنە خاوەنی کۆبۆنی خۆراکی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆیان.
هاووڵاتی دەتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە پسووڵەی خۆراکەکەی بکاتە ئەلکترۆنی و خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی تێدا تۆمار بکات، لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، باس لە چۆنیەتی ناو تۆمارکردن لە پرۆسەکەدا، پێداویستییەکانی خۆ تۆمارکردن، ژمارەی بەشداربووان، کوالێتی ماددەکان و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان دەکات.
نەوزاد کامیل
*لە هەرێم پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکردنی پسووڵەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان لەکوێ دەستی پێکردووە و تاکەی بەردەوام دەبێت؟
- رۆژی 8/5/2025 پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکردنی پسووڵەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان لە پارێزگای هەڵەبجە چالاک کرا و بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت، هەفتەی داهاتووش پرۆسەکە لە پارێزگاکانی دیکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستپێ دەکات.
*رێکارەکانی ناو تۆمارکردن، لەو پرۆسە ئەلکترۆنییەدا بە چ شێوەیەکە؟
- سەرەتا پێویستە هاووڵاتی لە مۆبایلەکەیدا ئەپڵیکەیشنی (البطاقە التموینیة) دابەزێنێت، پاشان لە رووکاری سەرەکی ئەپەکە ئەو زمانە هەڵبژێرێت کە بۆی گونجاوە ( کوردی یان عەرەبی) پاشان جۆری ئەو کارتی کۆبۆنە هەڵبژێرێت کە ئێستا هەیەتی و هەموو رێکارەکان هەنگاو بە هەنگاو بە دروستی پڕبکاتەوە تاکۆتایی، ئەوەی گرنگە پێویستە کەسەکە کارتی نیشتمانی هەبێت، لەبەرئەوەی لە هەنگاوێکدا داوای لێ دەکرێت و ئەگەر نەیبێت ناتوانێت بچێتە قۆناغی داهاتوو، سەرجەم رێکارەکان بۆ هەر تاکێکی خێزانەکە بە هەمان شێوەیە و هەرکەسێک خۆی تۆمار نەکات مافی پێدانی بەشەخۆراکی مانگانەی نابێت تا ئەوکاتەی ناوی تۆمار دەکات و قەرەبووش ناکرێتەوە.
*لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنەکەدا دەتوانرێت کەسانی نوێ تۆمار بکرێت؟
- لە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکەدا تەنها ئەو کەسانە دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن کە پێشتر لە کۆبۆنی خۆراکی کاغەزیدا ناویان تۆمارکراو بووە، پاش ئەوە قۆناغی دووەم و سێیەم رادەگەیەنین بۆ تۆمارکردنی ئەو کەسانەی تازە لەدایکبوون یاخود ئەو کەسانەی هێشتا ناویان تۆمار نییە لە کۆبۆنی خۆراکدا، هەروەها گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراک.
*بەشەخۆراکی ئەو هاووڵاتیانەی دەکەونە چوارچێوەی مووچەی پلەباڵاکانەوە چی بەسەردێت؟
- لە کاتی پڕکردنەوەی پسووڵەی ئەلکترۆنی بەشەخۆراکی مانگانەدا ئەو پرسیارە لە کەسەکە دەکرێت و پێویستە بە دروستی وەڵام بدرێتەوە، خۆ ئەگەر ئەوکاتەش کەسەکە خۆی ئاشکرا نەکات، دواتر وەزارەتی بازرگانی بە نووسراوی رەسمی بەشەخۆراکەکەی دەبڕێت.
لە هەرێم نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن، زیاتر لە پێنج ملیۆن و 350هەزار کەسیش بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن
* سوودی ئەم پرۆسە ئەلکترۆنییە چییە؟
- سەرجەم رێکارەکانی تۆمارکردنی نوێ، سڕینەوەی ئەو کەسانەی گیان لەدەست دەدەن، گواستنەوە کە بریکاری خۆراک لە نێوان بریکارەکان و شارەکاندا، وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە دەبنە پرۆسەیەکی ئەلکترۆنی و هاووڵاتی دەتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە بیانکات، ئەوەش تێچوون و رۆتین کەم دەکاتەوە و شەفافیەت زیاد دەکات.
*لە ساڵێکدا چەند بەشە خۆراک دابەش دەکرێت و ماددەکان چین؟
- بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عیراق، لە هەموو شارەکان لە ساڵێکدا 10 مانگ بەشە خۆراک دەدرێتە هاووڵاتیان بە رێژەی جیاواز، بە گشتیی حەوت ماددەن و هەندێک مانگ چەند ماددەیەک کەمتر یاخود زیاترە.
*لە هەرێمی کوردستان ژمارەی بریکارەکان و ئەو هاووڵاتیانەی بەشەخۆراکیان پێ دەدەرێت چەندن؟
- لە هەرێم نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن، زیاتر لە پێنج ملیۆن و 350هەزار کەسیش بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
*بەشێک لە هاووڵاتیان گلەییان لە خراپیی کوالێتی ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانە هەیە، ئێوە ئاگاداری ئەو بابەتەن؟
- بەڵێ ئاگادارین و زۆر گلەییمان پێ دەگات لەسەر خراپیی کوالێتی ماددەکان، ئێمەش دەیگەیەنین بە وەزارەتی بازرگانی عیراق، بەڵام ئاگاداربن سەرجەم ئەو ماددانەی بە کۆبۆنی خۆراک دابەش دەکرێن لە بەغدا پشکنینیان بۆ دەکرێت و وەزارەتی بازرگانی هەرێمیش پشکنینیان بۆ دەکات، سەرجەم ماددەکان لە رووی تەندروستییەوە تەواون و بە کەڵکی خواردن دێن، ئەوەی هەیە بەشێک لە هاووڵاتیان رانەهاتوون لە گەڵیدا نایخۆن و دەیفرۆشنەوە.
*ئەو بەرهەمانەی لە بەشەخۆراک دابەش دەکرێن بەرهەمی کام وڵاتانەن، ئایا ئێوە ئاگاداری کڕینەکەین؟
- ماددەکان لە وڵاتانی تایلەند، ئۆرۆگوای، ئەمریکا و میسرەوە دێن لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکە، بەڵام ماددەی شەکر بەرهەمی ناوخۆی عیراقە، وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاگاداری گرێبەستی کڕینی ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانە نییە و سەرجەم رێکارەکان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە دەکرێن، تەنیا ئەوەی هەیە یەک جۆر ماددە لە هەموو عیراق دابەش دەکرێت و هیچ جیاوازی ناکرێت لە نێوان پارێزگاکاندا.
*رێنماییتان بۆ هاووڵاتیان چییە؟
- تکا لە هاووڵاتیان دەکەین بە زوویی ناوی خۆیان لە پسووڵەی ئەلیکترۆنی خۆراکدا تۆمار بکەن، پرۆسەکە زۆر ئاسانە و کەس پارە نەدات بە پڕکردنەوەی، هەرکەسێكیش نازانێت لە ماڵەوە پڕی بکاتەوە وەزارەتی بازرگانی لە سەرجەم شارەکانی هەرێم بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەیە، سەردانیان بکەن و بەبێ بەرامبەر پسووڵە ئەلکترۆنییەکەیان بۆ پڕدەکەنەوە.