ئاسۆ شكاك: لەڕێگەی خولی هۆشیاریی ژینگەیی، بایەخ بە ژینگەی خوێندنگەكان دەدەین

11:26 - 2025-05-21
دووتوێ
13 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی گرنگیدان بە ژینگەی خوێندنگەكان و زیادكردنی رێژەی سەوزایی لەناوەندەكانی خوێندن، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بواری ژینگە، چەندین خولی هۆشیاركردنەوە دەكەنەوە، لەوبارەیەوە ئاسۆ شكاك، سەرۆكی رێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاریی ژینگە لە هەولێر پێیوایە، بوونی ژینگەیەكی لەبار لە خوێندنگەكان، كاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروونی مامۆستایان و خوێندكاران دروست دەكات.
لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەمەبەستی گرنگیدان بە ژینگەی خوێندنگەكانی شاری هەولێر و دەورووبەری و سوود گەیاندن بە دەروونی خوێندكاران و مامۆستایان، ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەبواری ژینگەیی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە، كار بۆ  دابینكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئەو قوتابخانە و خوێندنگەیانە دەكەین.
وتیشی: یەكێك لەو هەنگاوانە، كردنەوەی خولی هۆشیاركردنەوەی ژینگەییە بۆ ژمارەیەك لە مامۆستایانی قوتابخانە و خوێندنگەكان، بەو ئامانجەی بتوانین هۆشیاری ژینگەیی لەنێو خوێندكاران بڵاوبكەینەوە و ببێتە بابەتێكی سەرەكی لەوانەكانیان، تاكو لە داهاتوو تاكێكی ژینگەپارێز دروست بكرێت.
ئاماژەی بەوەشــــــــكرد: دوای ئەنجامدانی ئەو جۆرە خولانە، كـــــــــــە بەهاوكاری یەكێتیی مامــــــــۆستایانی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر لە چەند ناوەندێكی دیكەی خوێندن بەرێوەدەچێت، هەوڵدەدەین لەگەڵ دەستپێكی ساڵی داهاتووی خوێندن، چالاكی جۆراوجۆر لەبواری ژینگەیی لە قوتابخانە و خوێندنگەكان ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی پەیامەكانمان لەبواری هۆشیاریی ژینگەیی باشتر بە مامۆستایان و خوێندكاران بگات.
ئاسۆ شكاك باسی لەوەشكرد: جگە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری، ئێمە پێویستمان بەباشتركردنی ژینگەی قوتابخانە و خوێندنگەكان هەیە، بەتایبەتی لەڕووی زیادكردنی رێژەی سەوزایی، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندار بایەخ و گرنگی زیاتر بەو بابەتە بدرێت، رێژەی چاندنی دار و درەخت لە خوێندنگەكان زیاد بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: هەر لەو بارەیەوە  كاردەكەین بۆ پاكراگرتنی خوێندنگەكان و دابینكردنی كەرەستەكانی پاككەرەوە، كە بێگومان ئەوەش بەشێكە لە ژینگەپارێزی، ئەمە جگە لەوەی لەڕووی رەنگ و بۆیەكردنی باڵەخانەی قوتابخانە و خوێندنگەكان، پێویستە ببێتە هۆی بەخشینی ئارامی بە دەروونی خوێندكاران و مامۆستایان، هەروەها لەڕووی لێدانی زەنگی هاتنەدەرەوە و چونە ژوورەوەی خوێندكاران، پێویستە جۆرێك لە ئاواز و شێوازێكی تایبەت هەیە دیاریبكرێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان