چاوپێکەوتن: کەژاڵ ئەحمەد
وەک هەر رۆژنامەنووسێکی ئەم رۆژگارە توانیم دیدارێکی نایاب لەگەڵ کەسایەتییەکی دیاردا بکەم لەڕێی مۆبایلەکەمەوە، پرسیارەکانم بۆ ئازاد سەراوی پێشمەرگەی دێرین و نووسەری زنجیرە کتێبی (تۆماری سەروەریی) نارد و بە نامەی دەنگیی وەڵامیدامەوە، لە ئەنجامدا ئەم چاوپێکەوتنەی لێ بەرهەمهات، لە دەستپێکدا لێم پرسی:
* پرۆژەی زنجیرە کتێبی (تۆماری سەروەریی)، کە تائێستا جدیی ترین و بەرفراوانترین تۆماری نووسینەوەی مێژووی پراکتیکیی یەکێتییە، دەکرێت بە خوێنەرانی بناسێنیت؟
- پڕۆژەکە لە هەشت بەرگ پێکهاتووە، پێنج هەزار و دووسەد و سی و هەشت لاپەڕەیە. تەواوی زنجیرە کتێبەکە پۆلێن کراوە و تێکڕای رووداوەکانی ناوچەکانی کوردستانی لەخۆگرتووە لە نێوان ساڵانی 1976-1991. بەرگی یەکەمی کتێبی (تۆماری سەروەریی)، لە مەفرەزە سەرەتاییەکانەوە دەست پێدەکات تاکو هەرێمەکان لە ساڵی 1982 و هەندێجار و لە هەندێک ناوچە، لە 1981 یشدا، چونکە تیپەکان لە 1982 دروستبوون، بەڵام لە پشدەر و لای هەندێ تیپ پێشتر دروستبوون. بەرگی یەکەم 840 لاپەڕەیە و مەفرەزە سەرەتاییەکان و هەرێمەکانی سلێمانی و دەوروبەری تێدایە هەر لە شارباژێڕ و پێنجوێن و شارەزوور و گەرمیان و قووڵاییەکەی، لە قەرەداغ و کەرکوک و خانەقینەوە تا هەولێر و دەشتی قەراج و کەندیناوا و کۆیە و حەوزی سۆران و باڵەکایەتی و ناوچەی بادینان، لەخۆدەگرێت. بەپێی توانا بە وردیی کارمان لەسەر رووداوەکان و چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە کردووە، بۆ نووسینی ئەو زنجیرە کتیبەی (تۆماری سەروەریی) زیاتر لە هەزار بۆ هەزار و پێنج سەد کاتژمێر چاوپێکەوتنمان لەگەڵ خەڵک و ئەو پێشمەرگە دێرینانەدا تۆمارکردووە کە خۆیان شایەدحاڵ و کارەکتەرەکانی ئەو رۆژگارە یان پێشمەرگە و فەرماندەی نەبەردییەکان بوون. هەوڵمداوە بە زمانێکی کوردیی پاراو ئەو مێژووە بنووسمەوە، ویستوومە بە زمانی خەڵکی گوندەکان کە زمانێکی پاراو و رەوانە زانیارییەکان بخەمەڕوو .
ئەگەر لە رووی جوگرافییەوە سەیری زنجیرە کتێبەکە بکرێت، ئەوا ناوی ژمارەیەکی زۆر لە لوتکە و زنار و بنار و گوڵ و گیای کوردستان ناویان هاتووە، هەر بەهۆی باسکردنی ناوچەکانی سنوری چالاکییەکانی پێشمەرگەوە، باسی سروشتی ناوچە جیا جیاکانی کوردستانیش هاتۆتە نێو لاپەڕەکانی کتێبەکەوە. هەندێ لەو ناوانە پەراوێزم بۆ داناون بۆئەوەی باشتر بە خوێنەریان بناسێنم. هەندێ کەس دەڵێن دەبووایە بەشێوەیەکی ئەکادیمیی، داتا لە نووسینەکەمدا رەنگی بدایەتەوە، بۆ وەڵامی ئەو بەڕێزانە دەڵێم: بەڵام خۆ زریکە و هاواری ئەنفالەکان و قووربانیانی هەڵەبجە داتا ناکرێن، هەندێ لە کارەساتەکان گەورەترن لە خشتە و نەخشەکان مەگەر هەر زمانێکی ئەدەبی و زمانی خەڵکی ئەو رۆژگارە دەرەقەتی گێڕانەوە و بەبیرهێنانەوەیان بێت. زنجیرە کتێبەکە لە بەرگی 7 و 8 دا پڕن لە چیرۆکی تراژیدیی واقیعی کە دەکرێت وەک بنەما بۆ کاری فیلمی سینەمایی و دۆکۆمێنتاریی پشتیان پێ ببەسترێت. هەر بەو شێوازە تێکڕای رووداوەکانی کوردستانم نووسیوەتەوە، بۆ نووسینەوەی ئەو رووداوانەش سوودم لە ئەرشیفی ئیزگە بینیوە و نزیکەی 500 کاسێتم لەلابوو لە کاتی کەرەنتینەکەی کۆرۆنادا کاسێتەکانم تەفریغ کرد.
* لەو کاسێتانەی ئیزگەدا کە گوێت لێگرتوون، چی هەبوو سەرنجت رابکێشێت؟.
- یەکێ لەو بابەتانەی سەرنجی راکێشام، یەکەم وتاری پاش گەڕانەوەی جەنابی مام جەلال-ە کە لە تەمموزی ساڵی 1977دا لە برادۆست پێشکەشی دەکات، لەو وتارەدا تێکڕای هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی یەکێتی دیاریی دەکات و دروشم لە ئۆتۆنۆمییەوە دەگۆڕێت بۆ مافی چارەی خۆنووسین، دەکرێت بڵێین: ئەو وتارە وەکو مانیفێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەیر دەکرا و سەیر دەکرێت. لەو کاسێتانەی ئیزگەدا دەیان وتاری سیاسیی و ئەدەبیی هەبوون کە رادیۆکە بێجگە لە هەواڵی چالاکی و نەبەردییەکانی بایەخی پێدەدان. یەکێ لەو بابەتانە ( لە سەنگەری ئەدەبەوە) بوو، کە لە زنجیرە کتێبەکەمدا وەک خۆی نووسیومنەتەوە. هەروەها سوودێکی زۆرم لە بروسکەکانی شۆڕش وەرگرتووە وەک: (بروسکەی جیهاز لەنێوان ساڵانی 1984 -1987)دا کە نزیکەی دووسەد لاپەڕە دەبن. بۆ بروسکەکان وەک سەرچاوە، سوودم لە (رێبازی نوێ) وەرگرتووە، هەروەها لە بەرنامەی (کاروانی سەروەریی)، کە بۆ ماوەی 20ساڵ لەرێی ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە خۆم ئامادە و پێشکەشم کردووە، تێیدا ژیاننامەی زیاتر لە 10هەزار شەهیدم خوێندۆتەوە. هەندێجار تێکستی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەسم تێکهەڵکێشی بەرنامەکە دەکرد. خۆی ئەو بەرنامەیە دوو بەش بوو، بەشێکیان خوێندنەوەی ژیاننامەی شەهیدەکان و لە بەشەکەی تردا دیداری ئەو کەسانەمان بڵاودەکردەوە کە سەبارەت بە شەهیدەکان دەدوان.
پڕۆژەکە لە هەشت بەرگ پێکهاتووە، 5238 لاپەڕەیە، تێکڕای رووداوەکانی ناوچەکانی کوردستانی لەخۆگرتووە لە نێوان ساڵانی 1976-1991
* هەشت بەرگەکەت چۆن پۆلێن کردووە؟
- بەرگی یەک، تەرخانە بۆ هەرێمەکان و مەفرەزە سەرەتاییەکان باسی تاساڵی 1982دەکات. بەرگی دوو، سێ و چوار باسی تیپەکانە، ساڵی 1982یەکێتی چوار مەڵبەندی دروستکرد، کە بەسەر ناوچەکاندا دابەشبوو بوون، بریتی بوون لە ناوچەکانی: (شارباژێر، گەرمیان، قەرەداغ و هەولێر)، ئەمانەیش زنجیرەیەک تیپیان لەخۆگرتبوو. سەرەتا تیپەکان ژمارەیان کەمبوو بەڵام دوای شکستی (مفاوەزات)، تیپەکان فراوانتربوون و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی روویان کردە شاخ و بوون بە پێشمەرگە. ناوی تێکڕای مەڵبەند و تیپ و چالاکییەکانیانم لەو سێ بەرگەدا تۆمار کردووە. ئەمە بێجگە لە هەندێ داستان و نەبەردی. لە بەرگی پێنج و شەشدا باسی داستانی قەیوان ماوەت-م کردووە کە داستانێکی گەورە بووە سێ مانگی خایاندووە و زۆربەی تیپەکان بەشدارییان تێدا کردووە، شەڕەکە تاکو سنووری مەرگە و نزیک لێوارەکانی دوکانیشی گرتبۆوە. بێگومان بەشی دۆسێیەکان فراوانە و چەندین داستان و شەڕ و بەسەرهاتی لەخۆگرتووە، یەکێ لەوانە شەهیدکردنی ئیبراهیم عەزۆیە. یەکێ لە دۆسێکانی تری ئەو بەرگە خۆپیشاندان و راپەڕینەکانی ساڵی 1982ی خەڵکی کوردستانە، کە بۆخۆت یەکێک بووی لە بەشداربووەکانی و بە باشی ئاگاداریت، هەروها باسی دروستکردنی هێزی پشتیوانم کردووە لە هەمان ساڵدا. لە دۆسێیەکاندا مێژووی ئەنجوومەنی گوندەکانم بەبیرهێناوەتەوە و وتوومە کە یەکەم پڕۆسەی دیموکراسیی لە خەباتی شاخدا دروستکردنی ئەنجومەنی گوندەکان بووە.
دۆسێیەکی گرنگی تر کە لەو بەرگەدا باسم کردووە، رێکخستنەکانی کۆمەڵە لە سلێمانی و هەولێر و شانەکانی بروسک و شاڵاو و دروستکردنی سوپای رزگاریی کوردستانە کە ناسراوە بە (سرک)، کە یەکێتی لە مانگی 8ی ساڵی 1988دا ئەو سوپایەی دروستکردووە، هەر لەو بەشەدا باسی گرتن و لە سێدارەدانی تێکۆشەرانم کردووە لەلایەن رژێمەوە. لە بەرگی حەوتدا چیرۆکی زۆر کاریگەری کارەساتی هەڵەبجە هەیە و هەندێ چیرۆکی خەمناکی دۆڵی جافایەتی و ناوچەی شارستێنم تۆمارکردووە کە پێشمەرگە بەنێو بەفردا پاشەکشەدەکەن و دیمەنێکی بەئازار و سەختی مرۆیی پیشان دەدەن، یەكێ لە دیمەنەکان باوکێکە منداڵەکەی لەدەست دەترازێت و بەفر و تەمومژ رێگە نادەن باوکەکە منداڵەکەی بدۆزێتەوە، هاواری منداڵەکەی هەر لە گوێچکەیدایە بەڵام ناتوانێت بیدۆزێتەوە و رزگاری بکات.
یەکێکی تر لە بابەتەکانی نێو دۆسێیەکان، مفاوەزاتی ساڵی 1985 -ە کە بە وردیی سێ وتاری گرنگی مام جەلال-م سەبارەت بەو قۆناغە بڵاوکردۆتەوە. باسی چەند داستانێکم کردووە، هەروەها ئاشتبوونەوەی گشتی و کیمیابارانی شار و شارۆچکەکان و ئەنفالی بادینان کە ئەوکاتە مەڵبەندی چواری یەکێتی لەوێ بوو، دوای ئەنفال پاشەکشە دەکەن و پاش ماوەیەک دوو مەفرەزەی پارتیزانی یەکێتی دەچنەوە بۆ بادینان و تا دوای راپەڕین هەر لەوێ دەبن. بەرگی هەشتی تۆماری سەروەریی تیشکدەخاتە سەر مەفرەزە پارتیزانەکانی پاش ئەنفال لە ساڵی 1988-1990، ئەم بەشەیش لێوانە لە چیرۆکی سەرنجڕاکێش و قارەمانێتی.
* دەڵێن ئەم پڕۆژە فراوان و گەورەیەت لەسەر پنەیەک نووسیوەتەوە؟
-بەڵێ ئەوە راستە، زۆربەی بەرگەکانی ئەم هەشت کتێبەم لەسەر پنەیەک نووسیوە.