فەرید دڵشاد
لە سەرەتای مانگی ئایاردا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا میوانداری كۆنفرانسێكیان كرد لە زانكۆی سۆربۆن لە پاریس، كۆنفرانسەكە بۆ راكێشانی ئەو زانا و توێژەرانە بوو، كە دەیانەوێت ئەمریكا جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی ناڕازیبوونیان لە سیاسەتەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا.
ترەمپ و گومان لە زانست
ترەمپ لە یەكەم خولی سەرۆكایەتییەكەیدا بیروڕا تایبەتییەكانی خۆی لە پێشەوەی راستییە زانستییەكان دانا، ئەو راستییە زانستییەكانی بۆ بەرژەوەندی و خزمەتی ئامانجە سیاسی و ئابووریی و ئایدۆلۆژییەكانی خۆی بەكارهێنا، وەك گومانكردن لە راست و دروستی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو ڤاكسینانەی دژی ڤایرۆسەكە دروستكران، یان گومانكردن لە بەرپرسیارێتی دەردانی غازی ژەهراوی و گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی كەشوهەوا، هەربۆیە لەخولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، رۆبەرت كێنێدی جونیۆری وەك وەزیری تەندروستی دەستنیشانكرد، ئەم وەزیرە هاوشێوەی ترەمپ باوەڕی بە تیۆری پیلانگێڕی هەیە، هەردووكیان پێیانوایە ڤاكسینی سورێژە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئۆتیزم، لەكاتێكدا ئەم بانگەشەیە بە توێژینەوەی زانستی نەسەلمێنراوە.
ترەمپ و بەسیاسیكردنی زانست
ترەمپ لە كابینەی حكومەتەكەیدا، ئیلۆن مەسك ملیاردێری ئەمریكی دیاریكرد بۆ سەرۆكایەتیی ئەو ئیدارەیەی، كە بەرپرسیارە لە كارایی حكومەت، ماسك هەندێك دەزگای فیدراڵی داخست، وەك دەزگای ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، واتە (USAID)، هەروەها رەزامەندیی دەربڕی لەسەر كەمكردنەوەی بودجە بۆ كەرتی زانست و خانەنشینكردنی بەشێكی زۆر لە كارمەندانی دامەزراوە زانستییەكان.
پێدەچێت ئامانجی سیاسەتی زانستی ترەمپ ئەوەبێت زانكۆكان، پەیمانگاكانی توێژینەوە، زاناكان و توێژەران بخاتە ژێر ئەجێندای سیاسی لە دەرەوەی بوارە زانستییە تایبەتمەندەكانیان، هەروەها لە كۆتایی مانگی شوباتی رابردوودا، ئیدارەی ئەمریكا رێنمایی بۆ دەزگا فیدراڵییەكان دەركرد، لەنێویاندا دامەزراوەی نیشتمانی زانست (NSF) و لیستێكی 120 وشەیی بۆ رەوانەكردن، كە بەكارهێنانیان قەدەغەیە لەوانە: كەمینەكان، ژنان، جیاكاری، یەكسانی، دانیشتوانی پەراوێزخراو، جیاوازییە كەلتوورییەكان، رەگەزگۆڕاو، كوالێتی ژینگەیی كە ئاماژەن بۆ جیاكاریی.
ئەوروپا شوێنێكی سەلامەت بۆ زانست
ئەوروپا لەسەر ئاستی دەوڵەت وەك فەرەنسا یان لەسەر ئاستی كەسی و بەكۆمەڵ لەلایەن كۆمیسیۆنی ئەوروپاوە دەستپێشخەری بۆ راكێشانی ئەو توێژەر و زانایانەی ئەمریكا كرا، كە لە سیاسەتەكانی ترەمپ رازیی نین.
لای خۆیەوە زانكۆی ئایكس مارسیلیا پرۆگرامێكی بۆ هەندێك لە زانا و توێژەرانی ئەمریكی پێشكەشكرد لە ژێر دروشمی (شوێنێكی سەلامەت بۆ زانست)دا و لە ماوەی یەك مانگدا داواكاری وەرگرتنی 135 زانا و توێژەری ئەمریكی پەسەندكران.
لەلایەكی ترەوە لە میانی كۆنفرانسێكدا بەناونیشانی(ئەوروپا بۆ زانست هەڵبژێرە) ماكرۆن رایگەیاند، وڵاتەكەی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ راكێشانی توێژەرانی ئەمریكی تەرخان دەكات، كۆمیسیۆنی ئەوروپا بڕی 500 ملیۆن یۆرۆی زیادە بۆ ماوەی نێوان 2025 بۆ 2027 دابین دەكات، بە مەبەستی گۆڕینی ئەوروپا بۆ جەمسەرێكی گرنگ بۆ توێژەران.
كۆچی پێچەوانەی عەقڵە گەورەكان
فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و سوید، لە دابینكردنی هەلی كار بۆ زانایانی ئەمریكی نەوەستاون، بەڵكو دەستپێشخەرییان كردووە بۆ بەدەستهێنانی ڤیزای خێرا و ئاسانكاری بۆ نیشتەجێكردنی زاناكان، لەو چوارچێوەیەدا یەكێتی ئەوروپا بیر لە دەركردنی پاسپۆرتێكی تایبەت بۆ زانایان دەكاتەوە بۆ ئاسانكاری كۆچكردنیان، بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا بیر لە دەركردنی یاسایەك دەكەنەوە كە مافی بەدەستهێنانی پێگەی (پەنابەری زانستی) بۆ زاناكان مسۆگەر بكەن، لێرەوە مێژوو خەریكە لە ئەوروپا خۆی دووبارە دەكاتەوە سەبارەت بە دیاردەی كۆچی زاناكان، دوای كۆچی عەقڵە گەورەكان بۆ ئەمریكا، ئەگەری گەڕانەوەیان هەیە بەتایبەت دەرفەتەكانی بەردەمیان زۆرباشن بە بەراورد بە ئەمریكا كە نزیكەی 3.5 % بەرهەمی ناوخۆی خۆی بۆ توێژینەوە خەرج دەكات، ئەوروپاش نزیكەی 2.5 % بەرهەمی ناخۆی خۆی بۆ توێژینەوە خەرج دەكات.
یەك دۆلار خەرجی، پێنج دۆلار داهات
رەنگە كۆچی زاناكان وابكات ئەمریكا پێگەی خۆی وەك پێشەنگێكی زانستی جیهانی لەدەست بدات. سەركردایەتی زاناكان، ئابووریی ئەمریكای كردووە بە بەهێزترین ئابووری جیهان، توانا سەربازییەكانیشی وا لێكردووە هاوشانی نەبێت، لەدەستدانی ئەم سەركردایەتییە زانستییە بەمانای گواستنەوەی ناوەندی قورسایی زانستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوروپا و ژاپۆن و چین دێت. لە ڕوانگەیەكی ترەوە، كەمكردنەوەی ئازادیی توێژەران مەترسی لەسەر مۆدێلی ئابووریی ئەمریكی دروست دەكات، كە تا رادەیەكی زۆر لەسەر بنەمای زانست و داهێنان دامەزراوە، بەجۆرێك پێشكەوتنە زانستییەکان بەشدارییان كردووە بە نزیكەی یەك لەسەر پێنجی گەشەی ئابووری، بەپێی هەندێك لێكۆڵینەوە، خەرجكردنی یەك دۆلاری ئەمریكی بۆ زانست و توێژینەوە، پێنج دۆلار لە داهاتی نیشتمانی زیاد دەکات.
سەرچاوە: المستقبل للأبحاث والدراسات المتقدمة