مەقامات بناغەی هونەری دەنگبێژییە

10:33 - 2025-05-21
هەمەرەنگ
16 جار خوێندراوەتەوە

توانا عیسا محەمەد پێشكەشكار و میوزیكژەن، خەڵكی دەربەندیخانە و ئێستا لە كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان پێشكەشكارە. 
 توانا عیسا بە دوالاپەڕەی وت:  دەرچووی بەشی ئینگلیزیم لە كۆلێژی بنەڕەتی زانكۆی سلێمانی و ئێستاش لە بەشی میوزیك لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە زانكۆی سلێمانی خوێندكارم. 
 وتیشی: لە پاڵ كاری هونەریی سەرقاڵی كاری راگەیاندنم و ماوەی دوو ساڵە لە كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان لە بەشی هەواڵ كار دەكەم و بەمدواییانەش وەك پێشكەشكار، بەرنامە پێشكەش دەكەم. 
 توانا عیسا ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووم، لە ساڵی 2019ەوە هەوڵمداوە بە شێوەیەكی زانستیی كار لەسەر هونەر بكەم، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەنتەری گەنجانی دەربەندیخانەوە لەسەر دەستی مامۆستا (هونەر عەلی) دەستم بە فێربوونی ئامێرەكانی (نەی، تار و سێتار) كردووە و ئێستاش بەردەوامم، هاوكات خووم داوەتە فێربوونی مەقاماتی كوردی، چونكە مەقامات بنەچەی هونەریی دەنگبێژییە، هەست و توانای هونەریی زیاتر لە مەقاماتدا دەردەكەوێت. لەناو مەقاماتدا، مەقاماتی گەرمیان و هونەری سوننەتی و هونەری خانەقا و تەكیە بۆ من تایبەتن و هەوڵی فێربوونیانم داوە و ئێستاش لەسەر مەقامات کار دەکەم. 
وتیشی: مامۆستا شوكور خەیات بۆ من پێشەوایەكی گەورەی هونەرییە و زۆر شتی لێ فیربووم و هەمیشە خۆم بە قەرزاری دەزانم و دەمەوێت لەسەر رێچكەی ئەو بەردەوام بم. 
 ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان