ئەمڕۆ هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە پەرلەمانتارەکانی خولی شەشەمی (ی.ن.ک) لەسنووری پارێزگای سلێمانی.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ هەڤاڵانی فراکسیۆنی روونکردەوە کە سلێمانی و گشت کوردستان لێتان چاوەڕێدەکەن ئەدایەکی باش و پەرلەمانتارێکی سەنگین و چالاکبن و لەوبارەیەوە وتی: "نوێنەرێکی چالاکی شارە حەیاتەکەبن و بوێرانە و یاساییانە چاودێری دامەزراوە رەسمییەکانبن".
هەڤاڵ رفعەت جەختیکردەوە لەگەڵ هاوتاکانتان لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان هەرچییەک بەرژەوەندی خەڵکی تێدابوو بەشداربن، وتیشی: "پێش ئەوەی نوێنەری یەکێتی بن، نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بن بەگشتی".
هەڤاڵ جێگری سەرۆک، باسی لەوەکرد، یەکێتی خەبات و خوێنی داوە بۆ هێنانەکایەی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێم و خۆمان بەخاوەن و پارێزەری ئەو دەسکەوتانە دەزانین، وتی: "یەکێتی دامەزراوە نیشتمانییەکان بەموڵکی خەڵکی کوردستان دەزانێت و ئەوان خاوەنی راستەقینەیین".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، هەڤاڵانی فراکسیۆنی راسپارد لێدوانی قۆناغی بانگەشە کۆتایی پێبێنن، وتی: "بەڵێن و بەرنامەکان بکەنە کردار".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای لە پەرلەمانتارانی (ی.ن.ک) کرد هۆڵی پەرلەمان بکەنە سەنگەری داکۆکیکردن لە ماف و داواکاری سەرجەم کوردستانیان و وتی: "بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لەکوێدابوو لەوێدا بوەستن و یاساییانەو مەدەنیانە چاودێرێکی وردی حکومەتی ئایندە بن".
پەرلەمانتارانی (ی.ن.ک) لە سنوری سلێمانی، سوپاسی پشتیوانی هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتییان کرد و دووپاتیان کردەوە فراکسیۆنێکی چالاک و چاودێر دەبن.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان