لە رۆژی دووشەممە 19/5 – ەوە یارییە بەراییەكانی گراند سلامی فەرەنسای كراوە (رۆڵاند گارۆس) دەستیانپێكردووە، دواتر یارییەكان پێدەنێنە جەولەكانی یەكەم دووەمی هەردوو خولی كوڕان و كچانەوە و رۆژی 8/6/2025 ئەم گراند سلامەش كۆتاییدێت.
كارلۆس ئەلكارازی ئیسپانی، لە دوا ماستەرزدا (ماستەرزی رۆما) نازناوی پاڵەوانی ئەو ماستەرزەی بردەوە و لە یاریی كۆتاییدا 2-0 لە یانیك سینەری ئیتاڵی بردەوە، بەم بردنەوە و ئاستە هونەرییە بەرزەی لە یاریی كۆتایی رۆما ئۆپندا بەرامبەر سینەر پیشانیدا، دەبێتە ركابەرێكی سەرسەخت بۆ بردنەوەی جامی ئەم گراند سلامەش.
ئەلكاراز بە بردنەوەی جامی رۆما ئۆپن، كۆی بردنەوەكانی لەسەر یاریگا لمییەكان گەیاندە 15 بردنەوە بەرامبەر بە بە تەنیا یەك دۆڕاندن، ئەم دوو یاریزانەش كە دوو بەشداری گراند سلامی رۆڵاند گارۆس دەبن، بەریەكتریی ناكەون مەگەر لە یاریی كۆتاییدا نەبێت، چونكە ئەلكاراز بۆ پلەی دووەمی ریزبەندیی جیهان سەركەوتووە.
گراند سلام و ماستەرزەكان بۆ كوڕان و كچان بەردەوامن، تائێستا یەك گراند سلام كراوە، ئەویش ئوستورالیا ئۆپن بووە، ئێستاش گراند سلامی رۆڵاند گارۆس كە دووەم گراند سلامە، دەستیپێكردووە، بەڵام سەبارەت بە ماستەرزەكان، ئەم ماستەرزانە كراون (قەتەر تۆتاڵ-خانمان، دوبەی چامپیۆنس شیپ-خانمان، ئیندیانا وێڵز-كوڕان و خانمان، مەیامی-كوڕان و خانمان، مۆنتیكارلۆ-كوڕان، مەدرید ئۆپن-كوڕان و خانمان، رۆما ئۆپن-كوڕان و خانمان).