ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان تەئكیددەكاتەوە كە لەگەڵ ئامادەكردنی یاسای بودجە لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمدا، كار بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان و بێكاران دەكەین، راشیدەگەیەنێت: بەهۆی خانەنشینبوونی ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر، دامودەزگاكانی حكومەت پێویستیان بە كەسانی تازە و خوێنی تازە هەیە.
جوتیار یوسف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەگەڵ خانەنشینبوونی ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان، ئێستا دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم پێویستیان بە كەسانی تازە هەیە، بۆ ئەوەی شوێنی خانەنشینبووان بگرنەوە، وتیشی: پێویستە كابینەی نوێی حكومەت، یاسای بودجەی هەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا كاردەكەین و جەختدەكەینەوە لەسەر ئەوەی پرسی دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ لە دامودەزگاكانی حكومەت بەشێك بێت لەو یاسایە و جێگەی دەكەینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە فراكسیۆنی یەكێتی، پشتگیریی لە هەر جۆرە هەوڵێك دەكات بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم و گەنجانی بێكار بە گوێرەی پێویستیی فەرمانگەكان، وتیشی: بەهۆی پابەندیی هەرێمی كوردستان لە ئامادەكردنی لیستی مووچە هاوشێوەی مانگەكانی داهاتوو و لەسەر بنەمای مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵ، هەرێم رێگەی پێنادرێت هیچ جۆرە دامەزراندنێكی هەمیشەیی و گرێبەست بكات، بۆیە هەموو ئەو هەوڵانەی باس دەكرێت، بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا