جوتیارانی دەشتی هەولێر، نیگەرانن

11:03 - 2025-05-21
دووتوێ
19 جار خوێندراوەتەوە


 ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر




ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی دروێنە، جوتیاران رووبەڕووی چەندین گرفت دەبنەوە، بەتایبەتی لە وەرگرتنی بەرهەمەكانیان و نۆرەگرتن لە سایلۆكان و ترس و دڵەڕاوكێیان لە رووداوەكانی ئاگر كەوتنەوە و رووداوی نەخوازراو.
 لەو بارەیەوە ئەحمەد عەبدوڵڵا وەك یەكێك لە جوتیارەكانی دەشتی شەمامك لە شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەمساڵ بەهۆی كەمی رێژەی بارانبارین بەرهەمی جوتیاران وەكو پێویست نییە، بۆیە داواكارین لە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا، ئاسانكاریمان بۆ بكەن، تاكو بەنرخی حكومی بـــەرهـــەمەكــانمــــان تـــــــــەســــــلیمی ســــایلۆكــــــان بكەین.
 وتیشی: لە ساڵانی رابردوودا بەربەست و رێگرییەكی زۆر دەهاتە پێشمان، چونكە جگە لەوەی لە سایلۆكان ئاسانكاری بۆ جوتیاران نەدەكرا، لەهەمانكاتدا دەستێوەردان و واستە و واستەكاری لەتەسلیمكردنی بەرهەمەكان هەبوو، ئەمەش وایدەكرد مافی بەشێك لە جــــوتیــــــــــــاران بخورێت.
ئاماژە بەوەشدەكات: ئەمساڵ بەشێكی زۆر لە جوتیاران خۆیان بەرهەمەكانیان ئاوداوە، بۆیە خەرجییەكی زۆریان كەوتۆتە سەر، ئەگەر بەغدا سەرجەم بەرهەمەكانمان لیوەرنەگرێت، ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو ناتوانین دەست بە وەرزی چاندن بكەین، هەروەها داوامانكردووە لەكاتی دروێنە ئۆتۆمبێلی ئاگر كوژێنەوە ئامادەبكرێت، بۆ رێگەگرتن لەهەر رووداوێكی نەخوازراو.
ئیسماعیل كەریم جوتیارێكی دیكەی دەشتی هەولێرە دەڵێت: ئەگەر چەند ساڵێكی دیكە وشكەساڵی بەردەوام بێت، ئەوا كەرتی كشتوكاڵ لە سنووری هەولێر،  پاشەكشەیەكی تەواو دەكات، چونكە ئەمساڵ جوتیاران بەهۆی كەمی رێژەی بارانبارین زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، بۆیە جگە لەوەی پێویستە لەڕێگەی بەغداوە ئاسانكاری بۆ ئەو جوتیارانە بكرێت كە بە ئامێر دەغڵەكەیان ئاوداوە، هاوكات قەرەبووی ئەوانە بكاتەوە كە زیانیان بەركەوتووە.
پێشیوابوو: حكومەتی هەرێم زۆر پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجامدەدات یان ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت دەكات، بەڵام بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی كوردستان، باشترین پڕۆژەی ستراتیژی، راكێشانی پڕۆژەی ئاودێرییە بۆ دەشتی هەولێر، بەهۆیەوە ناوچەكە دەبوژێتەوە و كەرتی كشتوكاڵ دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە .
هەر لەو بارەیەوە ئیدریس مەلا نوێنەری یەكێتی جوتیارانی كوردستان لە قەزای مەخموور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەمساڵ ئاستی پێگەیشتنی بەرهەمی گەنم لە سنووری هەولێر و مەخموور وەكو پێویست نییە و وشكەساڵی كاریگەریی زۆری كردۆتە سەر ناوچەكە.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەش لەئێستاوە ئاستەنگی بۆ جوتیاران دروستكراوە و رایانگەیاندووە كە بەشێكی زۆریان ناتوانن بەرهەمەكانیان تەسلیم بە سایلۆكان بكەن.
راشیگەیاند: یەكێك لە ئاستەنگییەكان دانانی مەرجی تاپۆی زەوییە كشتوكاڵییەكانە كە پێویستە بە ناوی جوتیاران خۆیان بێت نەوەك كەسێكی تر یان میرات، جگە لەوەش داواكراوە ئەوانەی بیری ئاویان هەیە پێویستە مۆڵەتیان هەبێت، ئەمەش دوو مەرجی زەحمەتن.
 راشیگەیاند: چارەسەرنەكردنی ئەو گرفتانە وادەكات جوتیاران زیانێكی زۆر بكەن، چونكە بەم شێوەیە لە دەرەوەی سایلۆكان بە نرخێکی كەمتر دەیفرۆشنەوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بەرهەمی گەنمی ناوخۆ دەبێت.
 لەلایەن خۆیەوە غەریب ئەحمەد ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عیراق هەموو هەوڵێك دەدەین تاكو گرفت بۆ جوتیاران دورست نەبێت، بۆئەمەش هەمو توانایەكمان بەكار دەهێنین، وەك چۆن لە رابردوو درێخیمان نەكردووە.
وتیشی: بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، پێویستە جوتیارانی ناڕازی داواكارییەكانیان ئاراستەی لیژنەكەمان بكەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و لایەنی پەیوەندار بەدواداچوونی بۆ بكەین.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان