ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر
بەوتەی هاووڵاتیان و بەشێك لە پزیشكان ژمارەی نەخۆشخانە حكومییەكانی شاری هەولێر بەراورد بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، زۆر كەمە و لە 34 ساڵی رابردوودا، واتا بەر لە راپەڕینی ساڵی 1991، جگە لەچەند دانەیەك نەبێت، هیچ باڵەخانەیەك بۆ نەخۆشخانەی حكومی، هاوشێوەی رزگاری و هەولێری فێركاری (جمهوری) لە شارەكە دروست نەكراون، راشیدەگەیەنن بەهۆی كەمی رێژەكەیان كەرتی گشتی تەندروستی نەیتوانیوە وەكو پێویست خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بە نەخۆش بكەن، هەربۆیە هاووڵاتیان ناچار دەبن روو لە نەخۆشخانە تایبەتەكان بكەن، بەمەش بارگرانییەكی زۆرتر دەكەوێتە سەر شانیان.
وەك ئاماژەی بۆ دەكەن، زۆر لە هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی هەندێك جۆری نەشتەرگەریی بۆ چەندین مانگ دەبێت لە نەخۆشخانە حكومییەكان چاوەڕوان بن و نۆرە بگرن، تاكو بەریان دەكەوێت، هەروەها بەشێكی زۆر لەو دەرمان و پێداویستییانەی لە نەخۆشخانە حكومییەكان بۆ نەخۆش دەنووسرێت، لەوێدا دەست ناكەوێت، دەبێت لە دەرەوە بیكڕێت.
دكتۆر ئامانج وەفایی پزیشكی گشتی لە شاری هەولێر لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەگوێرەی پێوەرێك كە لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO داندراوە، وەك ستاندارد پێویستە بۆ هەر 100 هەزار كەسێك، نەخۆشخانەیەكی 300 تا 500 قەروێڵەیی هەبێت.
وتیشی: جگە لە نەخۆشخانە، بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتگـــــوزارییەكانی كــــەرتی گشتی تەندروستی بگات بە هاووڵاتیان، پێویستە لەڕووی بنكەی تەندروستی و فریاكەوتنەكان بەگوێرەی شوێنی جوگرافی و چڕی دانیشتوان رێكبخرێتەوە، چونكە لەوێوە نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستدایە، لەدوای ساڵی 1991 لە شارێكی وەك هەولێر، ژمارەی نەخۆشخانەی تایبەت لە 2 نەخۆشخانە بۆ 32 نەخۆشخانە زیادیكردووە، بەڵام لەبارەی نەخۆشخانە حكومییەكان، هەر ئەو نەخۆشخانانە هەن كە پێشتر دروستكراون، جگە لە فریاكەوتنی رۆژئاوا و هەندێك نەخۆشخانە لە قەزا و ناحییەكان، هیچ باڵەخانەیەك بەمەبەستی نەخۆشخانەی حكومی لەناو شار دروست نەكراوە.
لەلایەن خۆیەوە دكتۆر كەنار فازل پسپۆڕی بواری دەرمان پێی راگەیاندین: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هیچ گومانێك لە چۆنییەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی كەرتی گشتی بە هاووڵاتیان نییە، بەتایبەتی لە هەولێر، پزیشك و كارمەندەكانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كاردەكەن، تاڕادەیەك بەشێك لە خزمەتگوزارییەكانی زۆر لە تایبەتەكان باشترە.
وتیشی: بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەركردنە، كەمی ژمارەی نەخۆشخانە حكومییەكانە لە هەولێر، بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان، چونكە دەبینین جگە لە خەڵكی شارەكە، هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی روو لە هەولێر دەكەن، بۆیان هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانە حكومییەكان بكەن، بەمەش گوشارێكی زۆر لەسەریان دروست دەبێت.
روونیشیكردەوە: هەر بەهۆی زۆری ژمارەی سەردانیكەران، نەخۆش گلەیی دەكات لەوەی وەكو پێویست سوود لە نەخۆشخانەی حكومی وەرناگرێت، بەتایبەتی زۆرجار ناچار دەكرێن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، هەروەها لەڕووی تاقیگە و نەشتەرگەریی و بوارەكانی دیكە، پێویستە بایەخی زیاتری پێ بدرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: نەبوونی دامەزراندن بۆ دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان، هۆكارێكی دیكەیە لەوەی نەخۆشخانەكان نەتوانن لەكەرتی گشتی وەكو پێویست خزمەت بە نەخۆش بگەیەنن، چونكە لەم حاڵەتە كەموكووڕیی لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو: لە بنەڕەتدا بوونی نەخۆشخانەی حكومی بۆ ئەوەیە كەسانی كەمدەرامەت و هەژار چارەسەری خۆیانی تێدا بكەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بەوە هەبێت روو لە نەخۆشخانە تایبەتەكان بكەن.
تەئكیدیكردەوە: بۆ ئەوەی كەرتی تەندروستی گشتی رۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، كارنامەیەكی تایبەت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو كەرتە دابندرێت، هاوكات لەڕێگەی دانانی بەرنامەیەكی تۆكمەوە، شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو نەخۆشخانانە رێكبخرێتەوە و پێداویستییەكانی بۆ دابینبكرێت.